زەنگی ئاشتی
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
1 خولەک
796 بینین
کوردە بیروڕات لەسەر خۆ نییە
کارەکانمان هیچ گردوکۆ نییە
سەری هەریەکمان سازێ لێئەدا
هیچی بە کەیفی من و تۆ نییە
سازی بەدبەختی، سازی جیایی
دەنگی ئاشتی تێدا بۆ نیە؟
لە یەک ئەکوژین لە یەک ئەبڕین
هەی داد ئەم کارە هی ئەمڕۆ نییە
ئەم بەو ئەو ئەڵی جاش، ئەو بە ئەم ئەڵێ
خۆ دیارە کەرین هیچ درۆ نییە
کارمان فشەیە و درۆ ودەلەسە
هەموومان دوو پۆین کەس یەک پۆ نییە
بۆ خاتری خوا تاکەی وەها بین
هیچکەس وەک ئیمە وا تڕۆ نییە
هیواتان نەبێ بە هیچ دەوڵەتێ
سیاسەت دایک و باوکی بۆ نییە
ئەم بۆ ڕاس ئەڕوات ئەم بۆ چەپ هەڵدێ
لە یەک ڕوانینمان موڕی مۆنییە
ئەی سەرگەورەکان، گوریسبەدەستان
گوریسی قایم خۆ یەک لۆ نییە
شپرزەناسناوی ئەدەبی مەبن لە یەک مەپچڕن
خوا پشتیبانی چلوچۆ نییە!