موعەللیم
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
1 خولەک
739 بینین
ئەی موعەللیم ڕێبەری دنیا و دین
تیشکی ڕۆژی بەربڵاوی سەر زەمین
دایە دەس تۆ خالقی کەون و مەکان
خامەی نوکتیژی سەنعەت ئافەرین
هەر بە پێنووسی دەسی سەححاری تۆ
هاتە دی نەقش و نیگارستانی چین
تۆ بە ئەفسوونی قەڵەم ئێنیتە دی
کڵپەی گریان و قاقای پێکەنین
عالمان و کاتبان و شاعیران
هەر لە خرمانی تۆ بوون خۆشەچین
زەحمەتی تۆ فێری زانایانی کرد
نوکتەیی شیرین و نوتقی ئاگرین
تۆ نیشانت دا بە خەڵکی هیچنەزان
لەونی تەون و شێوەیی قاڵی چنین
قەومی وەحشی دەستەمۆی تاڵیمی تۆن
هەر لە ئەلفوبێ هەتا عیلمولیەقین
هەر هونەرمەندێ لە تۆی وەرگرتووە
بەزمی موسیقار و نەزمی هەڵپەڕین
تۆ بە کەشتیوان مەلەت فێرکرد بە فەن
تۆ فڕۆکەت خستە کار و هەڵفڕین
هەرچی مەخلووقە هەموو شاگردی تۆن
هەر لە تۆوە فێرئەبن ڕەفتاری ژین
هی ئەتۆیە زۆر و کەم زانینی مە
ئەی موعەللیم گەر نەبی تۆ ئێمە نین
پاش خوا حەمد و سپاسی تۆ ئەکەم
ئەی موعەللیم ئەی فریشتەی نازەنین
تەممەڵی خۆی بوو شپرزەناسناوی ئەدەبیی هیچنەزان
فێر نەبوو زانین و ڕێگەی تێگەیین!