موفتەخۆر
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
1 خولەک
852 بینین
بۆچی ببمە نۆکەرت گەردن کوڵوفتی موفتەخۆر
دەستە دەستە کەر ئەکەی خەڵکی بە نەیرەنگ و بە زۆر
خەڵکی تر بۆ تیکەیەک نان ئارەق ئەڕژێنێت ئاو
تۆ بە موفتە وا لەسەر سفرەت تەعامی جۆربەجۆر
زۆرکەسیش نایخوات و ئەیهێنێت لەبۆ تۆ ماڵەکەی
مەسئەلەی مەشهوورە بۆ ملبۆرە ماڵی خۆنەخۆر
نۆکەری تۆن گشت کەرانی شاری لاجان و شنۆ
گیانفیدای تۆنە گەوجەکانی سەققز و بانە و نەنۆر
بۆ گسکدانی مەبالت حازرن بێمێشکەکان
زۆر عەقڵسووکیش لە لایان فەخرە ببنە کاسەشۆر
ڕۆژ بە ڕۆژ ئەینێیتە سەر یەک ئەسکەناس و زێڕ و زێو
مەحفەزە و سندووقەکانت قوفڵ ئەکەیت و لاک و مۆر
هێندە خوێن و مۆخی ئەم خەڵکەت وەکوو زاروو مژی
مێشک و مۆخیان لا نەماوە هەروەکوو داری کولۆر
بۆچ لەوانەی وا فەقیرن وەردەگێڕی ڕووی ڕەشت
لای ئەوانەی سەربزێوون بۆ تەوازووع ملتە شۆڕ
هەر ئەوەندەت پێ ئەڵێم دنیا بەقای بۆ کەس نییە
تۆزێ ویجدان و خودات بیربێ لە پێش تەدفین و گۆڕ!