دۆس هەڵبژاردن
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
1 خولەک
729 بینین
نەخڵەتی هەرکەس زوو بگری بە دۆس
نەخۆی فریبی زووان و ڕەنگ و پۆس
ئەوانەی لای تۆ لاییقی شایین
لەلای من بایی یەک تاقە شایین
بەعزێ نیانە سەرڕشتە و تەمیز
نازانن قەدری یارانی ئازیز
هەر نالایقێ بە دۆس ئەگرن
بۆیان ئەسووتن بۆیان ئەمرن
لە سەرئەنجاما پەشیمان و مات
بەرد بە ئەژنۆی خۆی لەتوپەت ئەکات
چەن جوانە قەولی سەعدی شیرازی
ڕەحمەت لە قەبری خوای لێبێ ڕازی
موورووەشینەیێ لەسەرخۆ و ئارام
وتی بە پیاوێ چاوبرسی نەفام
من مەشارەوە لە کون و قوژبن
بایی فلسێکە هەزاری وەک من
جا هەرکەس جنسی خۆی پەسەند ئەکا
خاس حەز لە خاس گەن لە گەند ئەکا
کەو لەگەڵ کەو و باز لەگەڵ بازە
هەرکەسێ لەگەڵ جنسی خۆی سازە
لەدووی فکری کۆ و عەقڵی خۆت بڕۆ
بە ڕەنگ و ڕووی کەس زوو فریو مەخۆ