شین بۆ مەرگی برای گەورەم

«خوالێخۆشبوو شێخ فەخرەددینی مەزهەر»
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 1 خولەک  920 بینین
ئەڵێن حەدیسە کە فەوتی عالم
فەوتی عالەمە لای دڵی سالم
جا من سەرگەورە و باوک و برام ڕۆ
کۆڵەکەی دین و چرای دنیام ڕۆ
موڕشیدی زانا و بائیمانم ڕۆ
ڕووناکی شار و نیشتیمانم ڕۆ
بە مەرگی زانای ڕۆحانی مەزهەر
شڵەژا سەقز هەر وەکوو مەحەشەر
لە هەموولایێ شین و هەڵڵا بوو
دەنگی سەڵەوات زیکری ئەڵڵا بوو
چاوی هەرکەسێ بە بێ ئیختیار
فرمێسکی ئەڕشت وەک هەوری بەهار
ئەڵێن کە خەڵکی مردووپەرەستن
لەگەڵ زیندووا بێ خوڵک و سستن
وا نییە گەورە وەک ساغی وایە
تا هەیە خەڵکی لێ بێئاگایە
وەختێ کە نەما هەموو ئەزانین
بە بێ وجوودی ئەو ناتەوانین
سەقزی خۆ من زبانم لاڵە
سپاسی ئێوە بۆ من مەحاڵە
شێوە و تەریقەی نەجابەت وایە
پاداشی ئێوە لەلای خودایە
ساڵی هەزار و سێسەد و سی و نۆ
شکاندی پشت و قوڵفی کرد ئەژنۆ
كان مزهر الاسلام و الدينعەرەبی
روح الله روحة امينعەرەبی
خوا لە ئەو خۆشبێ و ئێمەیش بە ئیمان
لە کردەوەی خۆ نەبین پەشیمان!