ڕاگەیاندنی ڕاگەیێن
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
1 خولەک
707 بینین
واعیزێ خەڵکی ئەدۆشی بۆ دین
دایە گوێی بێ هونەری زاهیربین
کە خوا دوورە لە فەرهەنگ و ئەدەب
خۆی سەوادی نەبووە فەخری عەڕەب
فەیلەسووف و ئودەبا بێ دینن
حۆر و غیلمان ئەبەدەن نابینن
ڕووت و قووتن لە جیهانی فانی
حاڵی ئەولای تری خۆت ئەیزانی
هەم لە دنیا و لە قیامەت مەحرووم
هەم لەلای بەندە و خالق مەحکووم
خۆی لەلا عاقڵە یا پسپۆڕە
بۆیە وا چاکی کەواکەی شۆڕە
قوڕ بەسەر دانیش و بیر و هۆشی
قوڕ بەسەر پەیڕەوەکانی و خۆشی
ئەمە دنیایە وەها پیس و کەسیف
وا دەبینم لە سەقەریان بە ڕەدیف
گورز و زەنجیر و قەڵادەی ئاگر
هەر لە ئێستاوە ئەکەن بۆی حازر
قەت جگەرگۆشەی خۆت بۆ مەکتەب
بۆ هەوا و جیفەی دنیا و مەنسەب
نەک بنێری کە لەوێ ڕووڕەش بێ
لە بەهەشت و لە بەقا بێبەش بێ
تۆ تەماشاکە موعەللێم ماتن
بێبەها و قەدر و فەقیر و لاتن
ئەی خوا ئێمە لە ناویان دەرچین
گشت بڵێین ڕەببی ئیلاهی ئامین