ڕۆڵە سەروەت

«بۆ کچەگەورەکەی سەروەت خاتوون»
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 2 خولەک  1072 بینین
ڕۆڵە سەروەت ئەی کچۆڵەی شۆخی بێ ئازاری من
میوەیی دڵ ئەی گوڵی سەردەستەیی گوڵزاری من
ئەی بەراوەردەی ئومێد و ئیدە و ئەفکاری من
ئەی پەرەستاری من و خزمەتگوزاری شاری من
ئەی شەفابەخشی دڵەی پڕ عوقدە و بیماری من
ئەی کچی زانا و ورد و عال و سال و باشەڕەف
کاری خۆت ئەنجام ئەدا دایم بە دڵخۆشی و شەڕەف
عومری پڕنرخت نەچوو هەروا بەخۆڕایی و تەلەف
ئافەرین وەک شێرەکچ ڕووت کردە ئامانج و هەدەف
شاد ئەبوو بەو هیممەتانەی تۆ دڵی غەمباری من
کارەکەت نوێژە و عیبادەت وا مەزانە کار ئەکەی
کاری تۆ بێهیارییە و خزمەت بە لادێ و شار ئەکەی
خزمەتی قەومی هەژار و خەستە و بیمار ئەکەی
تۆ بریندار و نەخۆش و بێنەوا تیمار ئەکەی
هەر ئەدا پاداشی چاکەت داوەری داداری من
وا شوکر تۆ گەورە بوویت و چوویتە هۆز و ماڵی بەخت
عاقیبەتخێر بیت و هیچکاتێ نەبینی کاری سەخت
تۆ وەکوو شازادە و ئیقباڵ و شانست بێ بە تەخت
شادکام بیت و بە خۆشی ڕابوێری کات و وەخت
ئەی کەنیشکی نازەنین ئەی کیژەڵەی نازاری من
خۆت ئەزانی من بە مەیلی خۆت ئەتۆم داوە بە شوو
قەت دڵت نەشکێ بە یەک بۆڵە و خوتەی ماڵی خەسوو
هەڵنەتۆقیتۆ بە دەمیانا وەکوو دەنکی بەڕوو
لێت نەڕەنجێن و نەڕەنجی تۆیش بە حەرفێ زووبەزوو
ئەی کچی فەهمیدەیی خۆشخوڵق و خۆشڕەفتاری من
خۆت و ئەو جوانەی ڕفێقت خزمەتی سەقز بکەن
دەسگرۆیی مەردومانی عاجز و ملکز بکەن
قەتعی هاتووچۆی ڕفێقی بەدنیهاد و دز بکەن
چەرخی خۆدخاهی لە ڕێی خەوف و خەتەر تورمز بکەن
بۆ تەرەقی ئێوەیە فەریادی من هاواری من
گەر سقز بەردت بەسەر دابات و خەڵکیتر شەکەر
بەردەکەی ئێرا قەبووڵکەو قەت نەکەی عەزمی سەفەر
گەر سەقز کونجی سەقەر بێ تۆ لەوێ بگرە مەقەر
بۆ تەرەقی شارەکەت تێکۆشە وەک ئەهلی نەزەر
نیشتمانی باوک و باپیر و دیاری یاری من
ڕۆشنایی بن لە بۆ ڕێ گومکەری تاریکەشەو
با ئەوانەیش نووستوون بەم تیشکە زوو هەڵسن لە خەو
هەر غەمی برسی و زەعیف بێ نەوەک تێر و قەڵەو
بۆ گەلی ئایندە ببنە ڕانماو و پێشڕەو
هەر بژی بێژە شپرزەناسناوی ئەدەبی باوکەکەی بێکاری من!