یادت بەخێر

(لە کەرکووکەوە بۆ جەنابی حاجی مستەفای تەیموورزادە لە سەقز)
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 1 خولەک  1033 بینین
یادت بەخێر حەزرەتی تەیموورزادەکەم
ئای یادگاری ئاو و گڵ و خاک و بادەکەم
ئەی سەربوڵەندی زومرەی ئەربابی مەعریفەت
ئەی لاوی وێنە فاقدی فەڕوخ نەژادەکەم
بەو خوایە یادی وا لە دڵی خواییا مەدام
زۆرت بە سۆزی سینە بەدڵ، زیکر و یاد ئەکەم
بۆ دووری چەن برادەری شیرین و خاک و تۆ
فەرهادوار دایمە فەریاد و داد ئەکەم
پێشکێش کە بەندەگیم بە هەموو ناسیاوی شار
بەینێکی تر بە ئێوە دڵ و دیدە شاد ئەکەم
بەم حاڵەتە شپرزەوە تا هاتوچوونی خوێن
بۆ سەربوڵەندی میللەتی خۆم ئیجتیهاد ئەکەم