گۆرانی وەتەن

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  1240 بینین
خوایە وەتەن ئاوا کەی
چەند دڵگیر و شیرینە
دەشتی خۆش ڕەنگینە
ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە
پڕ لە گوڵ و نەسرینە
***
سەیرانگای بەهارانی
سەوزەگیای نەرم و جوانی
سەد دڵ ئەبێ حەیرانی
ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە
پڕ لە گوڵ و نەسرینە
***
شاخی بەفرین و بەرزە
بۆ ڕابردوومان ڕەمزە
چیمەنی جوان و سەوزە
ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە
پڕ لە گوڵ و نەسرینە
***
ئەم شوێنە شوێنی کوردە
جێی قارەمان و مەردە
لانەی شێری نەبەردە
ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە
پڕ لە گوڵ و نەسرینە
***
وەتەن چاوی لێمانە
دەری کەین لە تەنگانە
حەیفە بێتە وێرانە
ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە
پڕ لە گوڵ و نەسرینە