مەتەڵ

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  1655 بینین
بۆ کەسێکی ورد و وریا و زیرەک و ساحێب عەقڵ
هەڵبهێنێ ئەم سوئالەم، هەم بدا جوابی بەدڵ
ئەسپی بێ ئێسقان و ڕۆحم لا هەیە، هەم بێ زوبان
سووک و خێرایە لە ڕۆیین، مەحکەم و گورج و ڕەوان
ئەسپی من دائیم لە غارە، باکی هیلاکی نییە
بێ خەو و خواردن، وە بێ دەنگ، کاو و ئالیکی نییە
مەیتەر و زین و تەویلە، ئەی برا لازم نییە
ئاخوڕ و ڕەشمە و لغاوی هەروەها پێویست نییە
فڕکە فڕک و ڕەوتی تیژی هەر وەکوو بەرقی بەهار
نرخی هەرزان و بەتاڵان، قایم و دایم بەکار
من مەتەڵ زوو هەڵدەهێنم، هەم ئەدەم جوابت بەدڵ
«ئەسپە ئاسنینە»ی بەکوردی پێی ئەڵێن، یا «پاسکیل»