گۆرانیی سپۆر

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  625 بینین
یاری کە، ڕاکە پێکەنە
جلی بێکاری داکەنە
دەماری سستی هەڵکەنە
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە
***
تۆپێن و کەوشەک و شەقێن
یارییێکی زۆر جوان و بەجێن
تەوژم و تین ئەدەن بەخوێن
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە
***
داوێنی ڕاستی بەرمەدە
لە یارمەتیی خۆت لامەدە
خاو و خلیچک خۆت بامەدە
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە
***
جوانیی ڕەوشت و کردەوە
بۆ ناو و بەرزی پێشڕەوە
بەگورج و گۆڵی سەرکەوە
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە
***
ئەگەر پێویستی خۆتت کرد
گەلت هەموو درشت و ورد
ئەڵێن بژی لاوچاکی کورد
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە