شیوەنی ڕابردوو
لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
1 خولەک
1148 بینین
زەمانێ بوو کە باخی شێخ وەکوو باخی موعللەق بوو
کەچی ئێستاکە پەژموردە بەجێگەی حاجی لەق لەق بوو
بەوێنەی تاقی کیسرایە، ئەویش وەک ئەم خەراباتە
زەمانەی شەوکەت و عیززی بەسەرچوو جەرگی شەق شەق بوو
لە مەجد و ناوی ڕابردوو شەرەف تێ فکرە جا بگری
لەبۆ ئەو ڕۆژە پیرۆزەی کە چەند پڕ شەوق و ڕەونەق بوو
ئەسیر و ماتە ئێستاکە لە ژێر چنگی غەزەبدایە
لە خنکانا بە بێ چارە لەتاوا چاوی وا زەق بوو
سەلاحەددینی ئەیوبی کە دنیا کەوتە ژێر دەستی
سولالەی ئالی بابان بوو کە ساحێب حوکم و سنجەق بوو
هەموو ڕۆیین. بەڵام ناویان بەجێ هێشت بۆ خەڵق چونکە
ئەوی بێ ناو و شوهرەت مرد، موحەققەق گەوج و ئەحمەق بوو
بەڵێ دنیایە، وەک بایە، جەفایە، چەشنی خەو وایە
هەزار موڵک و میللەل فەوتا هەزاران تەختی پێ لەق بوو