ئەی مانگ
لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
2 خولەک
6315 بینین
ئەی مانگ من و تۆ هەردوو هاودەردین
هەردوو گرفتار یەک ئاهی سەردین
تۆ وێڵ و ڕەنگ زەرد بەئاسمانەوە
منیش دەربەدەر بە شارانەوە
دەخیلتم ئەی مانگ قیبلەی دڵداران
دەرمانی دەردی دڵەی بیماران
شەوێکە و ئەمشەو بگەرە فریام
بێ یار و هاودەم عاجز و تەنیام
دڵزار و بێزار پەست و غەمگینم
گیرۆدەی داوی یاری شیرینم
دڵبەندی عەشقی ئەو بەڵەک چاوەم
شێت و شەیدای ئەو ئەگریجە خاوەم
لەوساوە ئەوم کەوتۆتە خەیاڵ
گریانە پیشەم بوومە کۆی زوخاڵ
ئەی مانگ تۆ شوعلەی عەشقی پیرۆزی
تۆ نەشئە بەخشی دڵی بەسۆزی
من سوێندت ئەدەم بەعیشق و جوانی
بەنەسیمەکەی بەری بەیانی
بەسەرهاتی خۆت بۆ من بەیان کە
دەردی گرانم نەختێ ئاسان کە
دوچاری چی بووی وا پەشێواوی؟
لەبەر چی پەست و مات و داماوی؟
پێم بڵێ توخوا چەند جوانت دی؟
چەند جووتە یاری دەس لە ملانت دی؟
چەند کۆڕی بەزمی عاشقانت دی؟
چەند تەخت و بەخت و خان و مانت دی؟
چەند قەهرەمان و چەند سوڵتانت دی؟
چەند قەوم و میللەت، چەند شارانت دی؟
چەند شەڕ و شۆڕی بێ ئامانت دی؟
چەند بۆردومانی کوردستانت دی؟
چەند کفنی ئاڵی شەهیدانت دی؟
چەند بێ کەسانی پەرێشانت دی؟
چەند دەربەدەر و ماڵ وێرانت دی؟
چەند چاوی سووری پڕ گریانت دی؟
ئەی مانگ ئەوەندە سەیری دنیات کرد
سەیری نیفاق و زوڵم و ڕیات کرد
بۆیە بەم ڕەنگە کاری لێ کردی
ڕەنگ و شوعووری بەجارێ بردی