عارەق ئەخۆم

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  1086 بینین
من عارەق ئەخۆم کە بێ کەدەر بم
کەمێ لە دنیای دوون بێ خەبەر بم
گەلێ سزام دی لە ڕووی عەقڵەوە
بادەی مەی بخۆم، بێ هۆش و کەر بم
عافێتی تۆ بێ بامێ و قوبووڵی
با من بەعارەق تووشی زەرەر بم
بەهەشت کە پڕ بێ لە وشکە سۆفی
ئاواتەخوازم کە لە سەقەر بم
نامەوێ بەرگی ڕیا و زاهیدی
ئەگەر بەو بەرگەش زۆر موعتەبەر بم
کورسیی مەیخانەم لەلا خۆشترە
لەوەی کە لەسەر تەختی قەیسەر بم
ساقی دەخیلە بمدەرێ جامێ
با لە عالەمی مادە بەدەر بم
ڕزگارم ببێ لە چەند و چۆنی
موددەتێ بۆخۆم بێ دەردی سەر بم