هەوڵ و تێکۆشین

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  981 بینین
ڕۆژ و ئەرز و مانگ وا لە گەڕایە
تۆش تێ بکۆشە تا هێزت تیایە
ئینسانی ئیشکەر حەبیبی خوایە
بەکەم ڕازی بیت زۆر لە ڕێ دایە
سەری بێ ڕۆژی لەژێر خاکایە
کاکە دانیشتن ماڵ وێران ئەکا
بێ ئیشی ئینسان پەرێشان ئەکا
نەفرەت لە خۆی و لە ژیان ئەکا
نان و مافی تۆ هەر لە کارایە
سەری بێ ڕۆژی لەژێر خاکایە
مێروولە دەعبای بچووک و وردە
سەیری کە کە چەند بەدەست و بردە
دائیم خەریکە بەکۆش و کردە
پیاوی بێکارە وەک مردوو وایە
سەری بێ ڕۆژی لەژێر خاکایە
بەپێی فەرموودەی ئایەتی قورئان
لە سەعی زیاتر نییە بۆ ئینسان
هەوڵ و تێکۆشین فەرزە بۆ ژیان
نابێ مەیئوس بی تۆ لەم دنیایە
سەری بێ ڕۆژی لەژێر خاکایە
مەڵێ فەقیرم، کوفری نیعمەتە
لەشی ساغ بۆ تۆ موڵک و سەروەتە
پیاوی تەوەزەل لات و نەگبەتە
قۆڵی لێ هەڵکە بچۆرە کایە
سەری بێ ڕۆژی لەژێر خاکایە...