ستایش

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  876 بینین
لە کوردا ئەو کەسەی ئێستا بەویجدانە کەوا مەردە
کەسەربەست بێ ئەلەم ڕۆژا ئەمیش بێ میسل و هەم فەردە
نەزیری ئەو لە دنیادا نییە و نابێ هەتا مەحشەر
دڵی دەرحەق بەهاوجینسی بلووری سافی بێ گەردە
بەڕەحم و شەفقەتە دائیم لەبۆ شەخسێ کە بێ دەست بێ
ئەوی حەز بەو نەکا بێ شک لەلای خوا ڕووڕەش و زەردە
تەبیعەت حاتەمی تائی لە فیکرا چەشنی لوقمانە
لە حیلم و حەوسەلە و ئیشدا دڵی ڕەق وەکوو بەردە
نیشانەی فەخرە بۆ ئێمە کە زاتێکی وەهامان بێ
ئیلاهی بەرقەراری کەی چراغی میللەتی کوردە