داری ئازادی

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 2 خولەک  2668 بینین
داری ئازادی بەخوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ
سەربەخۆیی بێ فیداکاری ئەبەد سەرناگرێ
پیاو ئەبێ بۆ سەندنی هەقی لە مردن سڵ نەکا
هەر «بڕووخێ» بەس نییە، تاکو نەسەندرێ نادرێ
کورد ئەگەر چی موددەتێکە دیل و داماوە، بەڵام
باوەڕت بێ ڕۆحی میللی هەر ئەمێنێ نامرێ
تۆ ئەگەر ئیسلاحی قەوم و نیشتمانی خۆت ئەوێ
لێت موحەققەق بێ بەبێ شۆڕش مەحاڵە ناکرێ
بیری ئازادی جیهانی گرتەوە، توخوا بەسە
ئەم نیزامە کۆنە تاکەی؟ هیممەتێ کەن لابرێ
قەت مەڵێن دوژمن بەهێزە تۆپ و تەییارەی هەیە
ئیتفاقتان گەر هەبێ زۆر زەحمەتە خۆی ڕاگرێ
ئەم عێراقە خۆشەویستە خاکی گوڵ گوون بوو بەخوێن
تا حەقی دەسگیر نەبێ لەو خوێنە دەست هەڵناگرێ
نێر و مێ هەردوو بەجووتە بۆ وەتەن هەوڵێ نەدەن
دوورە دەرچوونی لە دیلی، مەل بە باڵێ نافڕێ
هەوڵی ڕاستی هەردوو لا ئامانجی میللەت سەر ئەخا
چونکە مەعلوومە بەیەک دەست چەپڵە قەت لێ نادرێ
وا گڵۆڵەی کەوتە لێژی باوی ئیستعمار نەما
هیچ کەسێ ئیتر بەزوڕنا و تەپڵی ئەو هەڵناپەڕێ
دۆستیی کورد و عەرەب زۆر کۆنە تەئریخ شاهیدە
ناحەزی ڕووڕەش لە داخا با یەخەی خۆی دادڕێ