جێژوان

لە کتێبی:
بارگەی یاران
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 1 خولەک  2263 بینین
ئەو پەنجەی وا لە بێ هێزی دەلەرزێ
کوشیویەتی مەمکۆڵەی باڵابەرزێ
ئەو ددانەی ئێستێ نەماوە تاقی
گەستوویەتی زۆر جار چەنەگەی ساقی
ئەو چاوانەی سۆمایی لێ بڕاوە
هێند لە جوانان داگیرا، داگیراوە
ئەو لێوەی وا ئێستێ باری گرتووە
کوڵمەی نەرم و نۆڵی یاری گرتووە
ئەو باهۆیەی زەمانە لێی بڕی هێز
کام کیژ جوانە گرتوویەتە نێو ئامێز
ئەو دڵەی وا ژوانی دەویست و جوانی
ئێستا پڕە لە غەم و لە نیگەرانی
ئەو پێیانەی شەرزەی کردووە کوتر و کوان
ماندوو نەبوو قەت لە هاتوچۆی جێ ژوان