ئاپۆلۆی ماچ
لە کتێبی:
            بارگەی یاران
        بەرهەمی:
                هێمن (1921-1986)
        
             1 خولەک
             3119 بینین
        
        
    بە حیجابی ئیسلامییەوە دیم جوانێ
ماڵە بابم ئای لەو خەلە و خەرمانە
نەمدیبوو مانگی چاردە وا ڕووناک بێ
بە ساوی پاک لەنێو جەغزی خەرمانە
***
گوناح نەبوو، تێم هەڵڕوانی، نەترسام
لە چەمۆڵە و جنێو و بۆڵەبۆڵی
ئەوی جوان بوو لە ڕووی ئەودا بەدیم کرد
هەنیە، کوڵمە، دیدە، برۆ، مژۆڵی
***
کە دین نەبێ، دینی دەگۆڕێ بۆ تۆ
ئەو تەرسایەی بێ ترس ڕایمووسی خاچ
کچی شەرمین بە ڕووسووری دەنیشێ
لەسەر ڕووی تۆ شەوێکیش ئاپۆلۆی ماچ