وەفدی کوردستان

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 2 خولەک  2531 بینین
قەدری میللەتتان بەجارێ شکان
نە حەیاتان ما نە ناو و نیشان
باری تەعنەتان وا هاتە سەر شان
«وەفدی کوردستان، میللەت فرۆشان
هەرزە وەکیلی شاری خامۆشان»
***
حاجی تووتنەکەت مادەم فرۆشرا
قیروسیا لە سەد کوشتن و هەرا
دەخیلە هەستە ڕێکەوە خێرا
«دەسکێ لەو گوڵەی باغەکەی سەرا
کەوا بە خوێنی لاوان ئاودرا»
***
تاقمێ ڕێک خەن زۆر بە پڕ لاقی
بە بەزم و ڕەزم و ئاهەنگ و ساقی
بۆ ئەوەی بکەن دەفعی مەراقی
«بیبەنە بەردەم عەرشی عێراقی
بڵێن یار باقی و، هەم سوحبەتی باقی»
***
نە بارانتان دی، نە با ئەی فەقیر
نە لاوان کوژران بە گوللە و شەستیر
نە پێی نازداران خرایە زنجیر
«پەردە و تارای سوور بەرن بۆ ئەمیر
بڵێن دوای کوشتار هێشتا تۆی دڵگیر»
***
هاوار بە ماڵم چیمان پێ کرا
لە چارەکێکا سەدمان لێ خرا
هێشتا خەڵاتیان ئەکەن بە بەرا
«دەک خەجاڵەت بن لە ڕۆژی مەحشەرا
ئێمەیش خاکی غەم ئەکەین بەسەرا»
***
قەت وا تێ نەگەن چاومان شکاوە
کوشتن و بڕین دائیم بۆ پیاوە
لەناو دۆشەکا کەی حەق سەنراوە؟
«خەیاڵتان خاوە کورد نەفەوتاوە
بەراتی نەجات بە خوێن نووسراوە»
***
میللەت مەتینە عەزمی نانەوێ
لە غایەی بەرزی خۆی هەر ناکەوێ
لەت و پەت کرێ حقووقی ئەوێ
«من ڕەنگی سوورم بۆیە خۆش ئەوێ
مژدەی شەفەقی لێ دەرئەکەوێ»