بە حاڵی زاری من ئیمشەو هەموو کەون و مەکان ئەگری
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
2 خولەک
819 بینین
بە حاڵی زاری من ئیمشەو هەموو کەون و مەکان ئەگری
لە جۆشی ئاگری جەرگم وەکوو ئەشکی ڕەوان ئەگری
لە زۆری دووکەڵی ئاهم بوو تاریکە فەلەک ئێستا
لە گریەی من بەسەر ڕووی زەمین و ئاسمان ئەگری
چەمەن یەکبارە بێ دەنگە لیباسی تەعزیەی پۆشی
گوڵی ڕەعنا لە جەور و زوڵم و بێدادی خەزان ئەگری
سەموومی خاویەی قەهری خەزان گەر هاتە سەر گوڵشەن
گەهێ تووتی، گەهێ بلبل ،گەهێ خۆی باغەوان ئەگری
لە گوڵشەن دا کەوا ئاوارە بوو بلبل بە مەحزوونی
گەهێ بۆ گوڵ، گەهێ بۆ چڵ، گەهێ بۆ ئاشیان ئەگری
تەزرو و فاختە و قومری، هەموو مورغی چەمەن یەک یەک
یەکێ سونبول، یەکێ سەبزە، یەکێ بۆ گولستان ئەگری
لە کاتی بادە نۆشیا لە دەستی موتریبی شادی
گەهێ عوودوو گەهێ تاروو گەهێ نەی گە کەمان ئەگری
خەراباتی موغان خاڵی لە ڕەندان بوو لەبەر حەسرەت
گەهێ ساغیر گەهێ هەم مەی گەهێ پیری موغان ئەگری
لەسەر گەردانی مەجنوون لە حەی تا خەیمەی لەیلا
بیابان قوڕ دەپێوێ گاهـ گەهێ ڕێگەی ڕەوان ئەگری
لە حەسرەت یوسفی گوم بوویی دڵ بوو ئێستە ئیمڕۆ
گەهێ سەحرا گەهێ چاهو ڕەسەن گاهـ کاروان ئەگری
عەزیزی میسری جان بابێ بە خەونی بەختیاری کا
کەوا یوسف لە زیندانا لەبەر مەکری ژنان ئەگری
لە کاتی غەربیا وەک ڕەنگی زامی جەرگمە خورشید
وەکو خوێنی جگەر ڕەنگی شەرابی ئەوغەوان ئەگری
کە ئەمری دا بە قەتڵی عاشقان دولبەر وەکوو مەنسوور
گەهێ کورسی گەهێ دار و گەهێ هەم ڕێسمان ئەگری
بە وەقتی نەفخی سوورا وەعدەی وەسڵی کەدا دولبەر
لە ئیستیقبالی مەرگم ئێستە عومری جاویدان ئەگری
تەجەننون خۆشە گەر زنجیری زوڵفی پای بەندم بێ
بەحاڵی زاری مەجنوون سیلسیلەی دێوانەگان ئەگری
ئەگەر یەک زەڕڕە حاڵی زاری خادیمناسناوی ئەدەبی تێ بگەن عالەم
سەراسەر بۆ زەلیلی ئەو هەموو عالەم عەیان ئەگری