وەسوەسەی نەفسم ئەزانم بۆ لە دڵ هەر دەرنەچوو

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 1 خولەک  1032 بینین
وەسوەسەی نەفسم ئەزانم بۆ لە دڵ هەر دەرنەچوو
ڕێی فوغانی بەستووە هاواری بۆ دولبەر نەچوو
زۆر تەلاشم بوو کە دەرکەم حوببی دونیامە لە دڵ
دڵ لە دونیا دەرچوو دونیا هەر لە دڵما دەرنەچوو
بۆ جیهادی نەفس لە سەد کەس یەک بە نادر دەرئەچێ
غەیری شێری حەق کەسێ بۆ قەلعەیی خەییەر نەچوو
هەر ئومێدم عەشقە قەتعی ڕێگەیی مەقسەد بکات
توسەنی هیمەت لە ڕێگا مایەوە یەک سەر نەچوو
شاهی بەختم ماتە ئێستاکە بە دەست خونکاری چەرخ
مۆرەیی نەردم لە خانەی ششۆری شەش دەر دەرنەچوو
یار بە نۆبەت ڕێگەیی وەسڵی ئەدا بۆ عاشیقان
جان لە قالب دەرچوو ناوم هەر لە دەفتەر دەرنەچوو
مەستی واکردم نیگاهی قەت بە خونائیمەوە
ساقی مەی پێ دام وەلی دەستم لە بۆ ساغیر نەچوو
لەززەتی دیداری ئەو تەرکی تەعەللوق بوو لە دڵ
دڵ لە پاش ئەم جەننەتە بۆ جەننەت وکەوسەر نەچوو
فکری پووچی نەفسە خادیمناسناوی ئەدەبی بۆ جیهان توولی ئەمەل
ئەمسەر و ئەوسەر حیسابی کرد سەروو بەر دەرنەچوو