ئەمانەی عاشیقن دیارە بە ڕەنگ و چەهرە مەعلوومن

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 1 خولەک  886 بینین
ئەمانەی عاشیقن دیارە بە ڕەنگ و چەهرە مەعلوومن
ئەمانەی مونکیری عەشقن کەر و هەم جاهیل و شوومن
لە مەحفەل دا وەکو پەروانە بۆ شەمعی ڕوخی دولبەر
گڕ ئەگرن زوو بە جیلوەی ئەم جەماڵە ئاگر و مۆمن
لە مەکتەب خانەی عەشقا مەدرەسیانە حوسنی یار
بو لوتفی یار مەغروورن بە ئەمری یار مەحکوومن
لە مەعنادا وەکوو شاهن لە موڵکی حوکم ڕانی دا
کەچی زاهیر لەبەر چاوت گەداو ڕووت و مەحروومن
لە پێشی تۆن و سەیری عالەمی دونیا ئەکەن دایم
بەیەک لەحزە لە شەرق و غەرب و موڵکی فارس و ڕۆمن
ئیشارەی پەنجەیەکی سەقفی گەردوون تێک ئەدا خرکا
لە زاهیردا کە ئەیبینی ئەڵێی ئەم قەومە مەزڵوومن
غەڵەتیان هەر سەحیحە، کفریان هەر نووری ئیمانە
گوناهکارن لە زاهیردا، لە باتین جوملە مەعسوومن
میسالی سایە نیسەتیان لەگەڵ خورشیدە دەورانی
لە بازاری وجوودان و بەجیلوەی ڕۆژە مەعدوومن
نەسەب جێی ئیعتیباری بوو ئەمانە قسەت نییە خادیمناسناوی ئەدەبی
شەهنشاهن لە عالەم دا ئەگەر سائیل ئەگەر دۆمن