بە یادی تۆ لە دڵدا گەر کیفاحی ئەم نەکەم چبکەم؟

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 1 خولەک  504 بینین
بە یادی تۆ لە دڵدا گەر کیفاحی ئەم نەکەم چبکەم؟
بە فیکری ڕوویی تۆ دەردی جودایی کەم نەکەم چبکەم؟
لە چارەی دەردی دڵ ئیمڕۆ تەبیبی حازیقن عاجز
بە زامی تر ئەگەر زامی جگەر مەرهەم نەکەم چبکەم؟
تەعەللوق ڕێی ویساڵی حەزرەتی مەعشووقی لێ گرتم
کەوا بۆ تەرکی خویش وباب و خاڵ و عەم نەکەم چبکەم؟
ئەگەر بۆ کەعبەیی وەسڵی ڕوخی ڕێگەم نەدا دولبەر
لە بارانی سوروشکم دیدە وەک زەمزەم نەکەم چبگەم؟
خەلەل بۆ عەیشی تەنهایی ئەدا هەمدەم بەجوز دولبەر
لە خەڵوەتدا خەیاڵی عەکسی ئەو هەمدەم نەکەم چبکەم؟
بناغەی خانەیی عەیشم لە هیجرا ڕوو لە وەیرانە
بە سەنگی سەبر ئەگەر بنچینەی مەحکەم نەکەم چبکەم؟
موجەرەد بوونە ڕێگەی وەسڵی ئەو شۆخە لە دونیادا
کە تەرکی سوزەنی وەک عیسا مەریەم نەکەم چبکەم؟
بە ڕەشماری دوو زوڵفی زامی دڵ زەهراوییە خادیمناسناوی ئەدەبی
بە تریاقی لەبی دولبەر عیلاجی سەم نەکەم چبکەم؟