قەسیدەی نوور لە وەسفی حەزرەتی «محەممەد» (ص) و خولەفائی ئەهلی بەیت
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
6 خولەک
1462 بینین
ئەی پێشەوای مەحفەلی سالاری ئەنبیا
وەی ڕەهنومای جانی عەزیزانی ئەولیا
ئەی شەمعی جەمعی مەجلیسی ڕەوحانیانی عەشق
پەروانەیە بە دەوری تۆ ئەرواحی ئەتقیا
ئەکسیری خاکی دەرگەهی دار الامانی تۆ
وەک سوورمەیە بەچاوی جیهان بینی ئەسفیا
لەم ئاستانە عالەمی کەون و مەکان هەموو
سەر دادەنێن لە خاکی دەرت ڕووی ئیلتیجا
نەقشی جەبینی زائیرەکانت لە خاکی دەر
زیاتر لە نەقشی پایە وەکو نەقشی بو ریا
دڵ ئارەزوویەتی کە بنووسێ لە مەدحی تۆ
ئەشعاری پڕ سەخاو نیکاتێکی دڵ گوشا
دیوانی گوڵشەنە کە سەحیفەی لە بەرگی گوڵ
سەودەیی میدادی عەنبەری تەڕ نافەی خەتا
بۆ سەبتی سەتری شیعری لە سەر ئەم سەحیفەیە
موژگانی یارە خامە وەیاخو پەڕی هوما
چاوی فەلەک کە ڕەوزەی تۆی دی لە سەر زەوی
چەرخی بە ئاوی عشقەوە بوو میسلی ئاسیا
رەشکی بە بارەگاهی جەلالت ئەبردە حەرەم
پۆشیوێتی لە بەختی ڕەشی جامەی عەزا
خاکی دەرت کە کەعبەی حاجاتی عالەمە
ئەی مولتەجا بە خاکی دەری تۆمە ئیلتجا
وەک مەوجی هەنگە غولغەلەی زائیران لە ڕێ
شەونم لە ئەشکی سوورە ڕژاوە لە سەرگیا
بووکی دەخالەتم لە دەرت وا لە خەجڵەتا
خوێناوی چاوەکانی لە سەر پەنجەی حەنا
لەم گوڵشەنی سەفای ڕیازی حەریمی تۆ
نەغمە و فوغانی بولبولە ئەڕوا هەتا سەما
ئەم خوانی نیعمەتەت کە ئەوەندە بێ دریغەوا
موحتاجە جوودی تۆ بەزەعیفان وهەم گەدا
لەم دەرگە عالییە ئەوەستن گەدا بە سەف
هەرچی گەدایە، شایە ئەوەی شایە ئەو گەدا
بەخشش بە تەبعی نازکی تۆ جیلوە لێ ئەدا
بۆ زومرەی گەدایە لە ئەنعامی تۆ عەتا
میعراجی پایە بەرزییە ئەم خاکی مەشهەدەت
دەورانی تۆ فەلەک لە سەر ئەم خاکە جەبهەسا
ئەی مایەی حەیاتی عاشق و هادئی هەردوو کەون
وەی قودوەی ئێمە ئەی قیبلەی دوعا
ئومێدی عەتفێکم هەیە لە لوتفی تۆ
فەرمان بدەی ئیجازەی عەرزم بە موددەعا
لەم باغی فەیزی بەهارەی قبووڵی تۆ
پشکوتنی بە ئاوی ئیجابەت گوڵی دوعا
فەیزی غوباری کویی تۆ هەرگاە نەسیمی سوبح
بینی بە چاوی حەسرەتی موشتاقە تووتیا
عەجزم مەقامی رەفعەتە قوربان لە دەرگەکەت
وەک بەرگی کام و ڕشتەی عیشقی تۆ کارەبا
ئاگر لە شەش جیهەت لە دڵ و دڵ میسالی پووش
کردوومە وابە قولزومی لوتفی تۆ ئیلتیجا
هاتوومە خزمەتی تۆ بەسێ هەدیەی جودان
یەک خاکساری، دووەم موفلیسی، سێ یەم ڕجا
خواهانی سەیقەلی نیگاهتە ئایینەی دڵم
ئالوودەیە بە ژەنگی مەعسیەت و کیبر و ئیددیعا
گومراهی ڕێی حەقایق و سەرگەشتەی زەلان
ٲهدی الی طریقک یا ٲحسن الهدی
ڕووی ڕجامە وا کە لە سەر خاکی دەرگەکەت
هەم ئیلتیجا بە ئال و بەیت و بە ئەسحابی بولوەفا
ئەووەڵ سدیقی ئەکبەرە ئەو یاری غاری تۆ
بۆ تۆ بوو جانی خۆی کردە نازاری ئەژدیها
جبریل لە عیشقی ئەو بوو کە پۆشی لیباسی پووش
موژدەی هێنا لە حەق بە مونادی ئیرتیقا
سدقی میسالی سەیقەڵە بۆ ژەنگی کیزبی دڵ
یادی ئەدا بە ئایینەی هەر دڵی جەلا
عومرم فیدای عەدلی عومەر بێ لە عومری خۆی
فەرقی نەکرد چە شاهی لەگەڵ گەدا
فارووقە ناوی فارقی بوتڵان و حەق بۆ ئەو
«لو کان» خەلعەتی بوو لە تۆ بۆی بووە قبا
عوسمان کە جەمعی ئایەی قورئانی کردەوە
یەک زەڕڕە حیلمی خوتبەی دیباجەی وەفا
تەمکینی دەرسی شەرمی بە شەونم ئەگەر ئەوت
جونبوش لە ئافتابەوە ئەبرا لەبەر حەیا
دیوان بە نووکی خامە لە وەسفی عەلی تەزین
نووسی بە ناوی حەزرەتی سوڵتانی ئەولیا
دەریا کەفی لە فەیزی کەفی جودی حەیدەرە
شەرمەندەی سەخای ئەوە هەوری ڕووی سەما
یارای وەسفی لە خامە و لە نووسینی من نییە
یەزدان لە مەدحی ئەو بوو کە فەرموویە «هل ٲتی»
لە بڕێزی تابکەم قەدەحی بادەی ئومێد
«یسقون من رحیق » لە ئەم شاهی (لافتی)
رەوبەق درا بە جەوهەری عیسمەت لە فاتمە
نووری جەمالی دین و دڵە «زبدة النساء»
ئەم خاکە لالەزار لە خوێنی دوو چاوی من
بۆ ماتەمی حەسەن حەسەنی ٲحسن الهدی
داغی دڵم لە داغی حسەین نەقشی بەستووە
ڕەنگی میسالی خوێنە لە سەر خاکی کەربەلا
زین العبادە شافعی جورم و گوناهی من
وەختێ ئەبم بە دەرگەهی عولیا کەفی دوعا
تۆز وغوباری ڕەوزەی باقر کفایەتە
بۆ چاوی زینهارمە ئەیکەم بە تووتیا
ئەم خاکە زەڕی جەعفەری لە نیگاهێکی جەعفەرە
بەم کیمیایەوە مسی قەلبم بووە تەڵا
سەحرایی سوبحی کازبە شێواوە کارەوان
ڕوخساری سادیقە شەفەقی سوبحی ئیهتیدا
دەریایی حیلمی مووسا کازم کە مەوج ئەدا
ئەگری سەفا لە نووری ڕوخی پرتەوی وەفا
لەم ڕەوزەی ڕیازی ڕەزایە دڵم دەمی
گوڵچین ئەبێ کە ببێ باغەوان ڕەزا
فیکری تەقی بۆ ڕەونەقی تەقوای هەر کەسی
مەغزم بە عەشقی ئەو پڕە خاڵی لە هەر هەوا
خاڵی نەبوو دڵم لە خەیاڵاتی عەسکەری
تاکو بە نووری مەعریفەتی ئەو بێ ئاشنا
تیفلی عەزیزی ڕوحە لە ناو مەهدی قالبم
بۆ شیری عشقی مەهدیە گریانی بۆ غەزا
من کاسەلێسی نیعمەتی ئێوەم هەموو دەمێ
ئومێدە گەر بە لوتفی ئێوە ببێ حاجەتم ڕەوا
بێ چارە و غەریبم وهاتوومە دەرگەتان
هەروا ئوسووڵە دەرگەهی شاهانە جێی گەدا
ئەم ڕەوزەی منەوەرە کە سەوادی بە چاوی من
وەک تووتیایە ئەو کە ئەدا پرتەو و زیا
بۆ بارەگاهی ئەقدەسی عالی مەقامی تۆ
دوو چاوی زائیرانە بەحەسرەت هەمیشە وا
لەم مەوجی بەحری فەیزە ئەکەن عالەمێ شنا
جیلوەی سەعادەتی کە لە ڕووما ئەدا شەپۆل
مەوجی میسالی جیلوەی خورشیدە بۆ زیا
گەر هەوری هممەتی تۆ لە سەحرا گوزەر بکا
مەوجی سەراب ئەبێتە قولزوم لە بەر سەخا
بێ دەنگ بە خادیماناسناوی ئەدەبی بە ئەدەب لەم مەقامەدا
سەر دابنێ لە خاکی دەری تۆ لەجیاتی پا
تا کەی ئەدەی بە بووکی قسەت ناز و عیشوەی
لەم دەرگە عیجز و زارییە کارت وەکو گەدا