پێشەکی

لە کتێبی:
شەوارە
بەرهەمی:
مەلا کەریم ساردە کۆسانی (1926-2001)
 3 خولەک  829 بینین

لە زەمانی بەرووترا، نە هێشتا کە لە زووتردا، ژیان ئاوا بە ژان نەبوو، خەڵکی ئەودەم بزان نەبوو، دەمار هێندە فڕی نەبوو، خانوو گشتی قوڕێنە بوو، تەنوور و کورسی باوی بوو، حەسیر و کەڕکە ناوی بوو، گاڵ و هەرزن کەم و زۆری، ترخێنە ببووە پێخۆری، دۆکەشک دۆیێ کە هەبا، دەبوو بێژی سەد مەرحەبا، بەو حاڵەش خەڵکی برا بوون، لە دەور یەک وەک چرا بوون، بێ فێڵ و فووت هەڵە بوون، وەک بێستانی بێ کەڵە بوون، لە مزگەوت و لە دیوانان، بۆخۆ یا نە بۆ میوانان، شەوچەلەی شەو دەرمانێ خەو بۆ ئەم، بۆ ئەو، نەزیلە و قام و بەستە بوون، هۆرە و لۆرەی بە بەستە بوون، گەڕەلاواژ هر جۆرە بوو، بە نۆرە بوو، مەجریس بێ سۆرە و تۆرە بوو، زۆر هەبوون لە پیرەپیاوان، لە نەناس و لەناسراوان، زانا و پسپۆڕ و بەهۆش بوون، دەم و دەراو تەڕ و خۆش بوون، بۆ داستانان دانەدەمان، زوربەی شەوان زۆربەی دەمان، لەبەر ئاور و گوێ تەندووران، لە سوێ بان و دەر و ژووران، حیکایەتیان دادەبەستن، بەستە و بەندیان هەڵدەبستن، لە مەجریساندا دیار بوون، زۆر مەند و ماقووڵ گوفتار بوون، ناویان نرابوو شوعرا، بۆ شەوی ڕەش وەک چۆڵەچرا، خەڵکیان لە دەورە دەهاڵا، زل و زرتە و کورتەباڵا، بۆ شەوی ڕەش وەک چۆڵەچرا، خەڵکیان لە دەورە دەهاڵا، زل و زرتە و کورتەباڵا، تا شەوگاریان پێ ڕادەبرد، مات و بێ دەنگ گوێیان دەگرت مام سابیرێک لەو نێوە بوو، بۆ حیکایەتان و داستان، بۆهەڵبەست و بەیت و باوان، بۆ شەڕەفڕ بۆ لاتاوان، بۆ فیشاڵ و چاووڕاوان کڕێوە بوو، شۆعەرای ئەو نێوە نێوە بوو، ئای چ زانا و هەنگێوە بوو. لە جانی بێ جانەوە، جندۆکەی وا بە پاناوە، نەبینرابوو لە مەڵبەندان، وەک ئەو بێژێ قام و بەندان، چی گوتبایە نەیدەگوتەوە، دەنگی دەتگوت قاقای کەوە، چۆنی دەنووسم وای دەگوت، مام سابیر باشقە شۆعەرا بوو، بە ڕەحمەت بێ شوعەرای چا بوو، دەیگوت چەند ساڵێ لەمەوبەر، مناڵێ بووم بێکەس، بێ دەر، شوانە گاگەلی مامەم بوو، مناڵ، تەنیا و بێهاودەم بووم، هەچەند زۆر تێر و پڕ کورتەباڵا، خڕکەڵە بووم، دەنگ خۆش و ڕەزاشیرین بووم، ئەودەم لەناو ژانی ژین بووم. بەڵام خاوەن دەم و ژیر بووم، سابیر بووم نەک مام سابیر بووم.

زمانی هێن پاراو بوو، چی تیتاڵ و بەیت و باو بوو، لەوڕابوو بۆمان بەجێما، لەو مەمنوونە بەرەی ئێمە، لەوڕا یەکێ بەیتبێژە، خۆشبێژە یا حۆل و گێژە. سەد ڕەحمەت بڕژێتە گۆڕی، بەزەی خوا بێ چاوەنۆڕی.