دووبارە هاتنی دایکی شۆڕش بۆ لای کەژاڵ

لە کتێبی:
شەوارە
بەرهەمی:
مەلا کەریم ساردە کۆسانی (1926-2001)
 10 خولەک  896 بینین

کەژاڵ: باجی فاتم! بەڕاستی تاسەم کردبووی. لێبڕابووم ئەوڕۆکە بێم بۆلاتان، شانسم هێنا و تۆ هاتی. بەڕاستی ئەو شۆکە نەسرەوتم، وتەکانی ڕۆژی بەرووت و مۆنی و ڕوو ناخۆشیت هەموو گیانی لە پەژارە پێواوم. لە قسەکانت نەگەییشتم، گیروگرفت و ڕووداوت بۆ شی نەکردوومەوە، هەناسەی پڕ پرێشک و دڵۆپی فرمێسکی چاوت چاوەی ژیانی لێڵ کردووم، ئۆقرەی لێ هەڵگرتووم، وەکوو شێت و فێدارم لێهاتووە و وڕێنە ئەکەم، تلاسکە ئەبەم، لێر و لەوێ دەڕوانم، مەترسی بەڵا و باڵشکان ڕووی تێکردووم. دەستم بە داوێنت هەچی هەیە و نییە بیدرکێنە. کێ دڵی شکاندووی، کێ چی بە گوێدا چپاندووی، لە منی مەشێرەوە، پێم بڵێ با منیش لە دڵەکوتە و هەزارەی خەیاڵ خەلاسیم بێت.

باجی فاتم لەگەڵ هەناسەیەکی ئاگراوی، پۆڵێک فرمێسکی لاواز، لە وڵامدا کوتی: کەژاڵ گیان تازە هیچ، هەرچی بوو تێپەری، هەر بەو زووانە، هەر ئەو جومعەیە هەموو ڕوودات و شانۆی پیلانگێڕی دەربەگەکان دێتە ڕوو، تێدەگەی کە هیوا، تەما، خۆشەویستی و ئاوات هەمووی بن ئاو دەبێ و خەرمانی ئەوین و هێلانەی ژین بە دەستی ئەنقەست بە خەیانەتی باوکت ئاگر دەدرێ و گوندی ئەستێرۆک، گوندی خۆشەویستی دەبێتە چاڵی دژایەتی و دووبەرەکی بۆ هەمیشە. بۆ هەتا هەتایە. باوکت تەفرەی داین، لە چاڵی ناین، چاوی بەستین، ئابرووی ڕشتین، بووکی ئێمەی فرۆشت، لێرە بەملاوە ئێمە بووک و خەسوو نین، دۆست نین، هاوسێ نین، بەڵکوو دوو دژ دوو دەم بە خوێن.

کەژاڵ: ئەی خاک بەسەرم چی ئەبیسم، چی ئەڵێی من لە هەموو ئەوانە بێ هەواڵم، باوک بە من چی؟ چی کردووە؟ بۆ ڕاستییکەی هەڵناڕێژی؟ بۆ لە ژێر پەردەوە پەڕ و باڵی بۆ ئەنازێنی؟ بۆ بە ئاگری باوکەوە ئەمسووتێنی؟ بۆ ئەمخەیتە تای تەرازووی تاوانی باوکم؟ بۆخاتری خودا تا گیانم دەرنەچووە، تا لە خۆم نەچووە، زووتر بڵێ چ قەوماوە؟! من هەر کەژاڵم هەر شۆڕشی لە خەیاڵە و هەر بە داوی خۆشەویستی ئەو پێچراوم. ناگۆڕێم، نادۆڕێم، لەسەر مەرجی خۆشەویستیم سوورم، پتەوم ڕاوەستاوم، هیچ تین و تەوژمی نالەباری مێژوو ناتوانن باری ویستم بلەرزێنێ. زووتر بڵێ بزانم ڕووداو چییە و چیان بۆ تۆ گێڕاوەتەوە؟

باجی فاتم ڕووی بە کەژاڵ ئەڵێت: کەژاڵ گیان ئەزانم تۆ پاکی، ڕووسووری بە غیرەتی، بێ زمانی، لە شیر پاکتر و لە تاوان دووری، بەڵام باوکت کتکەنەوتینەیە، هەر بە سووتانی خۆی ڕازی نییە. بەڵکوو کۆمەڵێک خەڵک، کۆمەڵێک لاوی هاوسێ بەخۆیەوە ئەسووتێنێ. کەژاڵ گیان بریار بوو پاشی سێ مانگی تر کە خێڵ کوێستانی چۆل کرد زۆربەی پیاوماقووڵ و لاوی قۆزی مەڵبەند لە شایی تۆ و شۆڕشیدا دەستی دیلان لە دەستی یەکتری گڕێ بدەن، حەوت شەو و حەوت ڕۆژان بۆ تەقڵە و جلیت و خۆپێشاندان تەرخان بکرێت. بەڵام ئێستا ڕووداو بە ڕوویەکی ترەوە ڕووبەڕوومان ڕووی لێ هەڵماڵیوە، بێ سەرپۆش ئەبێ بڵێم ئێستا تۆ مارە کراوی قالە زلەیت، قالەزلە کۆنە میراوی سووڵتان ئاغا. سوڵتان ئاغای کەڵەک باز، بە داوی قالەزلە تۆی ڕاو کرد هەر وەکوو کچی ئەمەرخانی لە خەیانەتدا سووتاند و بۆ هەمیشە بێ ناوی کرد. تۆی داوە بە قالەزلە و خونچەی خوشکی قالەزلەی داوە بە باوکت، ئێستە تۆ دوو دایکت هەیە و کچی دوو دایک کەیبانووی قالەزلە و مەشەژێنی ماڵی سوڵتان ئاغا.

دوور نییە هەر ئەو حەوتەیە لە دیلانی خونچە بێوەژن و خەنەبەندانی خۆتا وە سەما کەویت و ئێمەش دەستی سەرچۆپی بگرین، بەڵام سەرچۆپی دیلانی پیلان. سەمای خوێن، خەنەبەندانی خەنجەر، زەماوەندی سوور، جلیتانی مەرگ، مردن، دووبەرەکی و دژایەتی...

شۆڕش تاقانە ئەستێرەی حاسمانی من و هیوای تۆ حەوتوویەکە بۆ ماڵە خاڵوانی بەرەو گەرمین ڕۆیشتۆ. بە بیستنی بە شوودانی تۆ ئەڵێن نەخۆشە، تەختی جێگە و بانە، باوکی زۆر بە پەلە بەرەو ئەو شوێنە وەڕێ کەوتووە، بەڵام ئەوەش بزانە لە باوکت زۆر تووڕەیە، دڵی پڕ لە کەف و هێرش و هەڕەشەیە، بەڕاستی لە شاڵاوی تووڕەیی کوێخا سولەیمان زەندەقی چووە، دوور نییە لەم ڕۆژانەدا پەلەماری خۆی ڕاستەوخۆ نیشان بدات و لە نێو دوو هۆز، دوو بنەماڵە، دوو هاوسێ خوێن بڕژێت، ئابروومان بڕوات، خۆشی بەربا بێت و دووکەڵ و چڕەچەمانێ دژایەتی گوندی ئەستێرۆک لە ناوچەی ئاکۆیان بۆ هەمیشە بۆ هەتاهەتایە بۆچەکەی نەبڕێت و بە هیچ با و بارانێک لە کووژانەوە نەیەت. ئیتر بۆ نەگریم، بۆ نەبارێنم بۆ خۆم، بۆ تۆ بۆ شۆڕش، بۆ بنەماڵەی هەڵوەشاو، بۆخۆشی بەبادا چوو و ئاواتی پێنەگرتووم. بۆ دەردی بێ دەرمان و نەخۆشی بێ لوقمان...

کەژاڵ: «نا باجی فاتم شۆخی مەکە. قسەم لێ دامەکێشە. تاقیم مەکەوە، ترسم وەبەر مەنێ، لەگەڵم وا مەدوێ، دڵم دامەخورپێنە. ئەوەندەی تریش هێزم لەبەر مەبڕە، ماوەیەکە ترس و سام و بێ هیوایی هاڕیومی، کوشتوومی و سەری لێشێواندووم. خەو و خۆراکی لێ ئەستاندووم و وشک و برینگی هەڵێناوم.»

بڕوام نییە ئەو کارە، ئەو جینایەتە لە دەستی بابێک، دڵسۆزێک خۆ نیشان دات، بێتە سەر شانۆ و خەڵک و نەتەوەی دووژمن بە خۆی خۆش کات. بە تایبەتی بۆ من، بۆ باوکم کە زۆر لە مێژینە لەسەر لانکەوە من بە شۆڕش و شۆڕش بە من بەخشراوین، من و شۆڕش یانی کۆڵاوکۆڵ جیابوونەوەمان لە توانا بەدەرە، باوکم ئەم کارە ناتوانێ بکات، خۆ من مت و مووری ئاڵوگۆڕ نیم هەر کات و سات بە مەیلی خۆی بمخاتە جانتای تاجرێک و موشتەری یەکەوە. من مارە بڕەی شۆڕشم و بریارم لەسەر ئەوەیە خۆشەویستی من و شۆڕش خودایییە و سرووشتی یە، ڕیشە دەرە، خۆڕستە ناجووڵێ و تێک ناشکێ، یا شۆڕش یا مەرگ، یا بووکی کوێخا سولەیمان یا بووکی گۆرستان کۆن. هەر کەس من دەفرۆشێ یان ویستم پێشێل دەکات بە هەڵە چووە، من شوێنم دیاریە. بڕیارم داوە، مەرجم بەستووە، هێزی باب، زۆری مڵهۆڕ و خۆشەویستی تازە ناتوانێ بمجووڵێنێ، کەللەم ببڕێ، بمفڕۆشێ، بمبەخشێ. من و شۆڕش دوو ئەویندار، دوو مەم و زین، دوو خەج و سیامەند، دوو شەم و شەمزین و دوو قەر و گوڵەزەردین. لە مەرجم، لە ویستم، لە بریارم، لە هەڵبژێراوم، هەتا پێچاڵی مەرگ تا دوا هەناسەم بەربەرەکانی و پارێزگاری ئەکەم. باجی فاتم لەو کارە مەترسە، دڵت تەخت و خاترت جەم بێ. نابێ لەو بارەوە لەگەڵ شۆڕش بدوێی، با شۆڕش پێ نەزانێ. زووتر شۆڕش وەرگێڕەوە بەرەو ماڵ و چاوم پێ بکەوێ و خاتری جەم کەم.

باجی فاتم بە بارێ هەناسەوە بەرەو ماڵ گەڕایەوە و کەژاڵ هەزار ئەوەندەی تریش پەژارەی ژاری تاڵی ئەێنۆشی.

کەژاڵ بێ حاڵ و تێکشکاو شکایەتی دەروونی نازانێ بەرەو کامە قازی و خاوەن دەسەڵاتێ بەرێ. کەژاڵ قسەکانی باجی فاتمی پێ ڕاستەقینەیە، لەبەر خۆیەوە دەڵێ ئەگەر باوکم بمفرۆشێ ئەبێ من چارەم چی بێ؟ باوکم نەزان و دڵڕەق و سەرەڕۆیە، باوکم بێ بەزە و خودا نەناسە و بێ بەڵگەیە. دوو ساڵە دایکم باداری دەست و مەچەکی باداوە، هەڵستو کەوتی بە زەحمەتە، بەڵام باوکم ئاوری لێ نەداوەتەوە. بۆ هیچ حەکیم و لوقمانێکی بەڕێ نەکردووە و بۆ هیچ داودەرمانێک و هیچ چاک و پیرێک هەنگاوی هەڵنەهێناوەتەوە. دڵڕەقی وا دوور نییە منیش بفرۆشێ و بە قوربانی ویست و ئاوات و نەوسی خۆییم بکا. دەکرێ بە ئاوم دادا، لە ئاگرم هاوێ و هەناسەیێکیشم بە دوودا نەهاوێ. بەڕاستی ئەوانە باب نین، مڵۆزمن، دڕەندەن، چاوچنۆکن، هەوەسبازن، نە ویژدانیان هەیە نە خودا. ئەو جورە باوکانە نەخۆشین، ئازارن، پڕمەترسین، ئەبێ بمرن، گۆڕبەگۆڕ کرێن، سزدا بدرێن، دەبێ تێبگەن، حاڵی کرێن کە کچ گیانلەبەرە، خاوەن دڵە ئینسانە نافرۆشرێ. کچ فرۆشتن تاوانە، جورمە، سەمەرەیە، داهاتووی ڕەشە. دەستەچیلەی دووبەرەکی و دژایەتییە. یاسای عەشیرەتی و عێلی دەبێ بڕووخێ باوی بە بادا بچێ و شێوەی ڕەشەوە بێ. ئاخ، سکاڵا، پەنابردن، هاوار بی کێ؟ بۆ کامە کەس؟ کامە یاسا؟ کامە خێرخواز؟ کامە قازی؟ کێ هەیە بنووسی ڕاسێ بۆ هەژار، بۆ فرۆشراو، بۆ بێبەش، بۆ چارەڕەش...!

کێ هەیە کامە کەسە قۆڵ هەڵماڵێ خەنجەری دەسک سپی، هێرشی میر و بەگ نەترسێ، ڕانەچڵەکێ، هاوار بکا و ڕایگەیەنێ بە نووسراو، بە گوڤار، بە دەنگ، بە هەڕەشە، بڵێ کچ فرۆشتن، ژن بە ژن تاوانە، سووچە، لە گۆرنانە، ئەو سەرەی سەری ئەو سەودایە دەگێڕێ گێرە بە تاڵە. دەبێ بشکێ، لە لەش وەبێ، ئەوەی پێی وایە زۆری هەنجەر، زێڕ، پارە، هێرش، هەڕەشە ئەتوانێ کیژۆڵەیەک دەستەمۆ بکات، کەوی بکات، لە ویستی خۆی لاڕێ بکا، دڵخوازی خۆی پێ بە جێهێڵێ، لێی نەزانیوە زەینی بە هەڵە چووە، خراپی لێ حالییە، چاڵی بۆخۆی هەڵکەندووە، ئاگری لە خۆی، لە ژیانی، لە سامانی هەڵگڕاندووە. شەرتە من هەر لە ئێستاوە بۆ تۆڵە بڕاسێم، قۆڵ هەڵماڵم، نەترسم، شێرە کچ بم، لە ویستم، لە ئەوینم دیفاع بکەم هەتا سنووری مەرگ، تا دوا هەناسەم ئەبێ ئاگرێک هەڵاییسێنم، چڕەچەمانی بۆچەکی لووتی مێژووی پێ سەربەرز بکرێت. ئەبێ قوربانی یەک وەڕازێنم و خۆێنی بڕێژم و بووکی بسووتێنم کە زەندەقدار زەندەقی بچێ و مێژوو پێیەوە بناڵێنێ. ئەبێ بۆ کچانی شەرمن و فرۆشراوی دواڕۆژ ببمە ڕچەی خەبات و ڕێنوێنی. ئیتر من کەژاڵە شێت نیم. هەست بە حسانەوەی گیانم ئەکەم. تا ئێستا دڵم تاریک و هەواڵی ڕووداوێکی بێ سەر و بنی پێ دەور ئەکردمەوە، ئێستا کە هەموو شت ڕوون و بێ پەردە لەگەڵم ڕووبەڕوویە، گیانم بووژاوەترە، ترسی نووشتەنووس و ئاژاوەی نەحلەتیان سەر و دڵیان بەرداوم. سەمەرەی گومان و دڵەکوتە سەری لەسەر هەڵگرتووم، هەر وەک تازە لە خەو هەستابم، بزۆزی کچانە گیانی ئاخنیوم. هەر دەڵێی نەبام دیوە نە بۆران. هەر دەڵێی بەرەو ئاوات، بەرەو زەماوەندی شۆڕش بەڕێوە دەڕۆم. حەز دەکەم هەر ئەمڕۆکە بەرەو زەماوەندی قالەزلە وەڕێ کەوم.

قارەمانیی خۆم بە جیهان نیشان بدەم. پێشینیان گوتوویانە مست لە مستی دەگەڕێتەوە. ڕاسان نیوەی پیرۆزییە. ئێستە هەموو شت بۆ من ڕوونە و سەر و بنی خۆ نوێنە. بۆ من هەموو شت، هەموو هیوا، هەموو ئاوات کۆتایی پێهات.

با هەتا ماوە فورسەتی هەیە بۆ لای دایکم، دایکی لاواز و نیوەگیانم وەگەڕێم. دەستی لە مل کەم، ئامێزی تێوەرێنم و گیانی وەبەرداکەم. بۆ ئاخرین جار ماڵ ئاوایی لێ بخوازم.

با برای چکۆلەم بدوێنم و لە دڵڕەقی باب و چارەڕەشی خۆم لەگەڵیان بدوێم. برا خوێن گر و خوێن ئەستێنن. دەبێ تێیان بگەیەنم کە ئەوە من نیم خۆم دەسووتێنم و مێژوو خوێناوی دەکەم، ئەوە نەزانی و نەوسنی باوکی ناحاڵییە، بەڵام نە باوک بەڵکوو دژ، کچفرۆش، خوێنڕێژ، کتکە نەوتینە.