ئیمارەتی جەزیرە

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 4 خولەک  778 بینین

بە گوێرەی شەرەفنامە، ئەبێ میرەکانی ئەم ئیمارەتە لە خانەدانی «ئەمەوی» و لە سولالەی «حەزرەتی خالید بن وەلید» بن؛ بەڵام چونکە تاریخی ئیسلام دەرحەق بە بوونی حەزرەت خالید وەیا سلێمانی کوڕی لە کوردستاندا شتێک ناڵێن و ئەساسەن مەعلووم نییە کە نەسلی ئەم قەهرەمانی عەرەب و ئیسلامە، مونقەریز بووە، کە وا بوو، بڕواکردن بەم ئیدیعایە زەحمەتە. {fn|بە گوێرەی ڕیوایەت و ئیدیعای تەڕەفی سعرد و جەزیرە، ئەبێ مەرقەدی حەزرەتی خالید لە نزیک سعرد بێ. وەلحاڵ تاریخی سەحیح ئەڵێ حەزرەتی خالید لە حومسدا وەفاتی کرد و لەوێ مەدفوونە.

لام وایە ئەم ئیدیعایە لە موحیبەتی قەومی کورد بۆ ئازایی و قەهرەمانیی حەزرەتی خالیدەوە حاسڵ بووە. چونکە تاریخ سولالەی حەزرەتی خالید بە مونقەریز ئەزانێ. کوڕانی بەشۆرەتی «سلێمان و عەبدولڕەحمان و موهاجر» بوون. ئەووەڵەمینیان لە بەرەی حەزرەتی عەلی بووە و لە شەڕی سەففەیندا لە ناو چوو، دووەمین، والی حومس بوو و بە فێڵی موعاویە لە تەڕەف حەکیمێکی جوولەکەوە دەرمان‌خوارد کرا (تاریخ خالد بن ولید، ابوزید شلبی، ل ٢٠٨)

موئەلیفی «اسد الغابة»ش ئەڵێ زوڕڕییەتی حەزرەتی خالید نەماوە و چل ئەولادێکی بە تاعوون و لە شامدا لە ناو چوون و لە بەر بێ زوڕڕییەتی، موڵکی مەدینەی درا بە ئەیووب بن سەلمە بن عەبدوڵڵا. (جڵدی ٢، ل ١٠٤).

ساحێبی «نهایة الارب»یش تەئیدی ئەم قەولە ئەکا و ئەڵێ: «فلم یبقی منهم احدا، لا شرقا و لا غربا و ان من انتمی الیهم فهو مبطل في انتمائه، و کل من ادعی الیه فقد کذب» (جڵدی ٢، ل ٣٥٦)

زۆر موحتەمەلە کە عەشایری جەزیرە نەتەوەی «کالدی» (= خالدی)ی تاریخی بن، کە موددەتێکی زۆر بە سەر ئورارتوودا حوکمیان کردووە و لە ئیستیلای قەومی «کەممەری»دا حکوومەتیان لە دەس چوو و بڵاو بوونەوە. زاتەن بەعزێ لە موستەشریقین «کالدی» و «کورد» بە ئەسمائی موشتەرەکە ئەدەنە قەڵەم و بەدوور نییە ئەم ئیدیعای «خالدی»یە لەمەوە بڵاو بووبێتەوە.}

خولاسە، شەرەفنامە، سلێمان کوڕی حەزرەتی خالید بە جەددی ئومەرای جەزیرە دائەنێ و ئەڵێ لە دەوری ئەمەوییەدا ئەم ئیمارەتە دامەزراوە. زاهیر وایە دوقتۆر فریچ ئەم ڕیوایەتەی بە ئەساس داناوە و ئیحتیاجی بە تەدقیقاتی ئاساری تر نەدیوە و حوکمێکی زۆر غەڵەت و بێ‌مەعنای داوە. وەلحاڵ ڕیوایەتی شەرەفنامە و حوکمی دوقتۆر فریچ (کوردلر، ل ١٤٣) بەرامبەر بە ئیتیفاقی عولەمای تاریخ لە قیمەت کەوتووە.

خولاسە، شەرەفنامە دەوام لە سەر ڕیوایەتەکەی ئەکا و ئەڵێ لە دوای سلێمان بن خالید، میر عەزیز و میر حاجی بەدر و میر عەبداڵی کوڕی، وڵاتەکەیان لە بەینی خۆیانا بەش کردووە و لەمەش خانەدانی «عەزیزی» و «بەدری» و «عەبداڵی» پەیا بووە.

خانەدانی «عەزیزی« (= عەزیزییە) جەزیرەی ئیبنی عومەر و ئەتڕافیان لە دوای ئینقیڕازی سەلجووقی گرتۆتە دەس، بەڵام دەرحەق بە دەوری میر عەزیز و کوڕانی و ئەحفادی، تا پشتی چوارەم مەعلووماتێکی وا نییە. ئیمارەتی «میر عیززەددین کوڕی بەدرەددین کوڕی عیسا کوڕی مەجدەددین کوڕی میر عەبدولعەزیز» تەسادوفی دەوری تەیمووری لەنگی کردووە و لە ماردین چۆتە لای و لە شەڕی تەیموور وڵاتەکەی پاراستووە. بەڵام لە دواییدا بەرامبەر کوڕەکەی عوسیانی کرد و وڵاتەکەی لە تەڕەف تەیموورەوە داگیر کرا و خۆی بە هەزار حاڵ نەجاتی بوو و خۆی شاردەوە.

لە دوای تەیموور، کوڕەکانی هاتنە پێشەوە و ئیمارەتەکەیان ئیحیا کردەوە و تا ئەواسیتی قەڕنی نۆزدەهەمی میلادی دەوامی کرد و لە دوای ئیختیلالی بەدرخان بەگ (١٨٤٧ م) لە ناو چوو.

بەشی «بەدریە»ی لە دەوری «گورگیل» دامەزرا و تا زەمانی شەرەفخانی بتلیس مابوو و لە ١٠٠٥ هـ.دا بە دەس میر ئەحمەدی کوڕی میر محەمەدەوە بوو. ئەحواڵی دوایی مەعلووم نییە.

بەشی «عەبدالییە»شی لە دەوری «فێنک»دا دامەزرا و تا دەوری سوڵتان سلێمانی قانوونی دەوامی کرد و لە دواییدا ئەمیش خرایە سەر ئیمارەتی جەزیرە.