حکوومەتی بەنی ئەردەڵان

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 21 خولەک  1683 بینین

بە گوێرەی «شەرەفنامە» و «چوار عەسری دوایی عێراق»، ئەم حکوومەتە زۆر گەورە و بەقووەت بووە. بە ڕیوایەتی خەڵکی ئەردەڵان، ئەم حکوومەتە زۆر قەدیمە و تا دەوری عەباسی و حەتتا ساسانیش ئەچێ. واقیعەن بۆ ئیدیعای دووەم، ئیسبات و وەسیقەیەکی مەعقوول بە دەستەوە نییە، بەڵام بە گوێرەی ئەوەی کە مێجەر لۆنگریک ئەڵێ، لە تەڕەف جەنگیز خانەوە حکوومەتەکەی تەسدیق کرا ، وەیا بە نەزەر قسەی دوقتۆر فریچ کە ئەڵێ لە تەڕەف جەنگیز خانەوە کرا بە حاکمی ئەو ناوە ، ئەبێ لە ئەواخیری خەلافەتی عەباسیدا دامەزرابێ. چونکە ئیستیلای ئێران لە تەڕەف جەنگیز خانەوە لە ساڵی ٦١٧ هـ.دا و لە دەوری خەلافەتی «ناسر دینەڵڵا»دا واقیع بووە.

جا بە گوێرەی ئەم تاریخە، ئەبێ حکوومەتی بەنی ئەردەڵان گا بە سەربەخۆیی و زۆر جار لە شکڵی تابیعیدا لە شەش عەسر و نیو زیاتر، دەوامی کردبێ. چونکە تاریخی لەناوچوونی ١٢٨٤ی هیجرییە.

بێینەوە سەر مەسئەلەی دامەزراندنی؛ لەم خسووسەوە تاریخ شتێکی قەتعی نازانێ، شەرەفنامە ئەڵێ «بابا ئەردەڵان» لە خانەدانی «ئەحمەد مەروان»ە کە حکوومەتی مەروانییەی کوردی لە کوردستانی مەرکەزیدا دامەزراندووە. لە دیاربەکرەوە هاتۆتە ناو عەشایری گۆران و لە دوای ئەمە کە جەنگیز خان ئێرانی زەوت کرد، داخڵی خدمەتی موغول بوو و کرا بە حاکمی شارەزوور.

ڕیوایەتی «چوار عەسری دوایی عێراق»یش لە ئەساسدا وەکوو ڕیوایەتی شەرەفنامە وایە، بەڵام ئەڵێ بابا ئەردەڵان لە خانەدانێکی قەدیم و نەجیبی دیاربەکر بوو و هیجرەتی کردبووە ناو عەشیرەتی گۆران و ئەوەندەی پێنەچوو نفووزی پەیا کرد و عەشایری شارەزوور و خێڵاتی دۆڵانی شەرقی هەورامانی کرد بە تابیعی خۆی و کە جەنگیز خان هاتەوە ئەو ناوە، حکوومەتی بابا ئەردەڵانی تەسدیق کردووە.

سەییاح و موستەشریقی مەشهووری ئینگلیز، ڕیچ، ئەڵێ خانەدانی بەنی ئەردەڵان، ئەسڵەن گۆرانن و لە فیرقەی «مامۆیی»ن. تەدقیقاتی ئەم موئەریخە لە عەقڵ زۆر نزیکە و ئەبێ بە قووەتی عەشیرەتەکەیەوە بە سەر عەشایری ئەو ناوەدا زاڵ بووبێ و حکوومەتی دامەزراندبێ .

شەرەفنامە دەرحەق بە حکوومەتی بابا ئەردەڵان و چەند نەتەوەیەکی، مەعلووماتێک نادا. بەڵام مێجەر لونگریک ئەڵێ «کەلوول بەگ»ی کوڕی بابا ئەردەڵان بیلزات هەولێریشی هێنایە ژێر حوکمی خۆیەوە و دەوری حکوومەتی دوایی تریش (ئەبێ دەوری خزر بەگی کوڕی ئەلیاس بەگی کوڕی خزر بەگ بێ)، بەبێ شەڕ و هەرا ڕابورد و زیاتر شەوکەتی پەیا کرد.

زهووری حکوومەتی جەلایری لە عێراقدا (هەشتەمین قەڕنی هیجری)، تەسادوفی زەمانی ئەمیرێکی سست و بێ‌ئیرادەی ئەردەڵانی کرد (ئەبێ خزر بەگی کوڕی ئەلیاس بەگ بێ) و بەشی شیمال و غەربی ئەردەڵانی لە دەس چوو. حکوومەتی جەلایری، بۆ داگیرکردنی باقی موڵکی ئەردەڵان، زۆر هەوڵی دا. بەڵام بەرامبەر ئازایی و تەدبیری ئەمیری تازەی ئەردەڵان، حەسەن بەگ (کوڕی خزر بەگە) هیچی بۆ نەکرا. لە دواییدا و لە عەسری پانزەمینی میلادی (قەڕنی نۆیەمی هیجری) و لە دەوری حکوومەتی بەقووەتی مەئموون بەگدا ، ئەو بەشەی لای ژوورووی ئەردەڵان کە کەوتبووە دەس جەلایری، سێنرایەوە و دیسانەوە زێی بادینان (زابی کەبیر) بوو بە حدوودی شیمالی ئەردەڵان و قووەتێکی ئەردەڵان لە ڕەواندز دانرا.

لە حکوومەتانی دراوسێی عێراقدا لەو دەورەوە تا ئیمڕۆ هیچ حکوومەتێکی وا پەیا نەبووە کە بە قەد حکوومەتی ئەردەڵان بەشەوکەت و پایەدار بووبێ.

لەو دەورەدا خەڵکی وڵاتی شارەزوور، هەر عەینی عێڵات و دێهاتی ئیمڕۆ بوون، زەنگەنە، هەمەوەند و جاف هێشتا لە ئێرانەوە نەهاتبوون. خانەدانی دینی وەکوو شێخان و تاڵەبانی و جەباری هێشتا زۆر نەبووبوون و شکڵێکی عەشایرییان پەیا نەکردبوو. دۆڵانی شەرقی کەرکووک بە دەس لادێیی تێکەڵی کوردەوە بوو. حەیاتی مەدەنییە، بە نەزەر ئیمڕۆوە، زۆر نادر بوو. «درنە» و «پێنجوێن»ی سەر حدوودی ئیمڕۆ، کۆیە و حەریر و ڕەواندز و عەقرە، هەر یەکە حکوومەتێکی بچووکی قەڵایی بوون.

لە لای ژوورووی بادینان، ئیمارەتی عیمادییە و عەقرە، دێر، دهۆک و بەعزێ جاریش زاخۆ لە تابیعانی بوون. ئەم ئیمارەتە لە قەڕنی دوانزەمینی میلادەوە تا چواردەمین، یەعنی دوو سەد ساڵێک، لە ژێر حوکمی ئەردەڵاندا بوو. لە دوای ئەم تاریخە کەوتە ژێر حوکمی جەلایرییەوە. لێرەدا لە ئیعتیباری عەسری چواردەمینی میلادییەوە خانەدانێکی بادینانی حاکم بوو و خەڵکی وڵاتەکەش لە عەشایری حەکاری بوون. وڵاتی موکریش لە ژێر نفووزی ئەردەڵاندا بوو.

مەئموون بەگ سێ کوڕی بوو: بیگە بەگ، سورخاب بەگ، مەحموود بەگ. لە دوای وەفاتی، بیگە بەگی کوڕە گەورەی، هاتە جێگەی؛ بەڵام لام وایە نەیتوانی هەموو مەملەکەتی ئەردەڵان بێنێتە ژێر حوکمی خۆی و براکانی هەر یەکە لە وڵاتێکدا ئیدارەیەکی سەربەخۆیان دامەزراند. ئەو بەشەی کە بۆ بیگە بەگ مابووەوە، قەڵای زەڵم، تەغەسوو، شەمیران، هاوار، سیمان، داودان (ڕاودان) و گوڵعەنبەر بوو.

زاهیر وایە کە لە زەمانی بیگە بەگدا حادیساتی گەورە ڕووی نەداوە و ئەگەر ڕووشی دابێ، بۆمان مەجهوولە. بەڵام بە گوێرەی ئەوە کە لە ئیعتیباری ساڵی ٩٠٠ی هیجرییەوە بۆتە حوکمداری ئەردەڵان، ڕەنگە تەسادوفی دەوری «یاوز سوڵتان سەلیم»ی کردبێ. میجەر لونگریک ئەڵێ لە دوای زەفەری چاڵدێران، ئەردەڵانیش لەگەڵ باقی ئیمارەتەکانی کوردا ئەبوو بە تابیعی عوسمانی، بەڵام لام وایە ئەمە مەشکووکە، چونکە مەولانا ئیدریس، لە سەفەری کوردستانیدا هیچ باسێکی وای نەکردووە.

لە دوای بیگە بەگ، مەئموون بەگی کوڕی هاتە جێگەی و ئەم حوکمدارە تەسادوفی دەوری سەڵتەنەتی سوڵتان سلێمانی قانوونی (٩٢٦- ٩٧٤ هـ)ی کردبوو و تابیعێکی سیاسیی سەفەوی بوو. بەرەبەرە تەوسیعی موڵک و نفووزی کرد. حدووی خۆی گەیاندە زێی کۆیە، هەورامان، شارەزوور، قەرەداغ و دەشتی گەرمیان، بنی چیای قەرەداغ و ڕێگەی کفری – کەرکووکیشی لە ژێر حوکمدا بوو.

تەوەسوعی نفووزی حکوومەتی ئەردەڵان بەم نەوعە بۆ حکوومەتی عوسمانی دەسی نەدا. ئەووەڵەن بۆ بەربەستی، قووەتێکی یەنیچێری لە کەرکووکدا دانا و لە پاشدا بە بەهانەی تەئمینی ڕێگەی بەغدا و تەعەڕوزی عەشایری شارەزوور بۆ دەوری ئەو ڕێگەیە، لە قوماندای حسێن پاشادا و لە ساڵی ٩٤٥دا لەشکری ناردە سەر مەئموون بەگ. بەشی زۆری ئەم لەشکرە، ئومەرای کورد بوون و لە ناو ئەمانەدا سوڵتان حسێنی ئەمیری عیمادییەش حازر بوو. هەدەفی ئەم لەشکرە، زەوتکردنی مەریوان و سنە بوو و ئەگەر نەیتوانی، هیچ نەبێ گرتنی شارەزوور بوو. مەئموون بەگ بەرامبەر بەم لەشکرە زۆر مودافەعەیەکی مەردانەی کرد و لە دواییدا خۆی کێشایەوە قەڵای زەڵم. لەشکری عوسمانی هاتە سەر قەڵاکە و موحاسەرەی کرد. مەئموون بەگ کە لە عاقیبەتی نائومێد بوو، خۆی گەیاندە ئەستامووڵ ، بەڵام لەوێ حەپسیان کرد. لەشکری حسێن پاشاش لە دوای تاڵان و وێرانکردنی وڵاتەکە، گەڕایەوە.

لە دوای مەئموون بەگ، سورخاب بەگی مامی لەگەڵ شاهی ئێران، تەهماسبدا موناسەبەتی خۆی تازە کردەوە و موڵکی برازاکەشی داگیر کرد. سوڵتان سلێمان کە ئەم خەبەرەی زانی، مەئموون بەگی لە حەپسخانە هێنایە دەرەوە و سنجاغی «حیللە»ی دایە، ئیسماعیل بەگی براشی کرد بە حاکمی سنجاغی «سرووچک»، بەڵام سورخاب بەگ زۆر باش خۆی جێگیر کردبوو. ئەم دوو برایە بەرامبەر بە مامیان هیچیان پێ نەکرا.

لە ساڵی ٩٤٨ هـ.دا ئەلقاس میرزای برای شاهـ تەهماسب کە لە دەس لەشکری کورد هەڵات، چووە لای سورخاب بەگ، بەڵام زۆری پێنەچوو ئیسماعیل میرزا بە لەشکری قزڵباشەوە هاتە سەری و سورخاب بەگ و ئەلقاس میرزای لە قەڵای مەریواندا موحاسەرە کرد و ئەمیر سورخاب مەجبوور بوو ئەلقاس میرزای تەسلیم کرد و مەملەکەتەکەی خۆی لە شەڕی قزڵباش پاراست (تاریخ عالم‌آرای عباسی).

عەلی پاشای والیی بەغدا، ئەم وەزعییەتەی عەرزی ئەستامووڵ کرد و زاهیر وایە کە بابی عالی، ئەمەی بە ئەسەری سستیی عەلی پاشا زانی و عەزلی کرد. لە جێگەی ئەو، مەشهوور باڵتەجی محەمەد پاشا بە والییەتی نێررا بۆ بەغدا (١٥٤٩ م، ٩٥٦ هـ). عوسمان پاشا بۆ شارەزوور مەئموور کرا، باڵتەجی محەمەد پاشا لەشکرێکی باشی لەگەڵ تۆپچییەکی بەقووەتی دایە و ناردی و قووەتێکی کوردی زۆریشی لەگەڵیا نارد. ئەم لەشکرە، سورخاب بەگی لە زەڵمدا موحاسەرە کرد و ئەم موحاسەرەیە زۆر توولی کێشا. نیهایەت باڵتەجی پاشا خۆی بیلزات قوماندای گرتە دەس خۆی و بە سیاسەتێکی عاقڵانە و بەبێ شەڕ لەگەڵ سورخاب بەگدا ڕێک کەوت. سورخاب بەگ قەڵاکەی بەجێ هێشت و ڕۆیشت و بەم تەڕحە قەڵای زەڵم کەوتە دەس باڵتەجی. وەلی بەگ لەگەڵ قووەتێکی موناسیبدا لە قەڵاکە دانرا و لە ساڵی ٩٦١دا ئیدارەی ئەم وڵاتە ڕێکخرا و بووە وڵاتێکی عوسمانی.

ڕیوایەتی سنە، هیچ ئەم باسەی تیا نییە. سورخاب بەگ لە دوای ئەمە کە لە قەڵای زەڵم دەرچوو، بە موعاوەنەتی حکوومەتی ئێران، دیسانەوە جێگیر بوو و بە سەر ئەردەڵان و شارەزووردا موددەتێکی زۆر حوکمی کرد. لە سەرای شاهی سەفەویدا قەدر و حورمەتێکی بەرزی بوو. بارام بەگی کوڕی کرد بە حاکمی ڕەواندز و موددەتێکی زۆر لەوێ مایەوە.

دوقتۆر فریچ ئەڵێ: سورخاب بەگ لە پاش بەینێک حیمایەی ئێرانی لە سەر خۆی فڕێدا و دەسی کردە ئیدارەی سەربەخۆ. موددەتێکی زۆر بێ شەڕ و شۆڕ و بە کەیفی خۆی، ئیدارەی حکوومەتی کرد. ئەم زاتە لە هەرە گەورەی حوکمدارانی ئەم خانەدانەیە. شەرەفنامە زۆر مەدحی عەقڵ و کەماڵ و ئیدارەی باشی ئەکا و ئەڵێ یانزە کوڕی لە پاش بەجێ ماوە.

لەم بەینەدا کە سورخاب بەگ موتتەفیقی ئێران بوو، محەمەد بەگی کوڕی مەئموون بەگ پەیا بوو. بە سەبەبی وەفاتی باوک و مامی، سنجاغی حیللە و سرووچکی درایە و بەرەبەرە حدوودی موڵکی تەوسیع کرد، قەرەداغ، شارباژێر و دمهران (دلجوران)ی هێنایە ژێر حوکمی خۆی و تەڵەبی تەوجیهی ئەم وڵاتانەی لە سوڵتان سلێمان کرد.

ڕەنگە بە عەکسی تەئسیری تەڵەبی محەمەد بەگ [بێ] کە زۆری پێنەچوو ڕۆستەم پاشای سەدرول‌ئەعزەم لەگەڵ عوسمان پاشای میرمیرانی بەغدا و ئومەرای کوردستان، بۆ زەوتکردنی ئەردەڵان مەئموور بوو. لەشکرێکی قورس قەڵای زەڵمی موحاسەرە کرد و ئەم موحاسەرەیە دوو ساڵێک توولی کێشا. محەمەد بەگیش لەم بەینەدا وەفاتی کرد. لە لایەکی تریشەوە شاهـ تەهماسب یارمەتیی قەڵاکەی ئەدا. لە بەر ئەمە، ڕۆستەم پاشا ناعیلاج وازی لە موحاسەرەی قەڵاکە هێنا و ڕووی کردە وڵاتی شارەزوور و لەو بەینەدا وەفاتی کرد.

لە جێگەی ڕۆستەم پاشا، دیسانەوە باڵتەجی محەمەد پاشا نێررا و بە لەشکرێکی زۆرەوە شارەزووری داگیر کرد. سورخاب لەم بەینەدا حاکمی ئەردەڵان و موتتەفیقی ئێران بوو.

لە دوای وەفاتی سورخاب بەگ، سوڵتان عەلی کوڕی هاتە جێگەی، بەڵام لە دوای ساڵێک وەفاتی کرد و لە بەینی «بەسات»ی برای و «تەیموور خان»ی کوڕیدا شەڕ و شۆری حوکمداری دەسی پێکرد. بەسات جێگەی براکەی گرت بەڵام تەیموور خانی برازای، وازی لێ نەهێنا و تەنگی پێ هەڵچنی و بە مەعاوەنەتی حکوومەتی عوسمانی، مامی شکاند و حکوومەتی ئەردەڵانی هێنایە ژێر حوکمی خۆی. سوڵتان مورادی سێیەم وڵاتی شارەزووریشی لەگەڵ ڕوتبەی میرمیران و عینوانی پاشایی دایە و چوار کوڕەکەشی کرد بە میر سنجاق (٩٨٨ هـ، ١٥٨٠ م).

شەرەفنامە دەرحەق بە کوڕانی تەیموور پاشا و سنجاغەکانیان ئەڵێ:

١. سوڵتان عەلی، میرسنجاغی سنە، حەسەن‌ئاباد و قەڵای قزڵجە بوو.

٢. بوداق بەگ، میرسنجاغی قەرەداغ بوو.

٣. موراد بەگ، میرسنجاغی مەهروان بوو.

٤. بەدر خان، میرسنجاغی شارباژێر بوو.

دوقتور فریچ ئەڵێ دەوری حکوومەتی تەیموور خان پاشا، بۆ کوردستان موسیبەت بوو. چونکە ئەم ئەمیرە زۆر حەزی لە تاڵان ئەکرد، حەتتا عومەر بەگ و ئەمیری لوڕستان (شاهـوێردی) بۆ خاتری ئەمە کە لە بەڵای نەجاتیان بێ، داوێکیان بۆ نایەوە و گرتیان. بەڵام دیسانەوە نەجاتی بوو و دەسی کرد بە ناڕاحەتکردنی دراوسێکانی و لە یەکێ لەم سەفەرانەدا کوژرا (٩٩٨ هـ).

لە دوای تەیموور خان پاشا، هەڵۆ خانی برای بوو بە ئەمیری ئەردەڵان. ئەم زاتە وەکوو تەیموور خان حەزی لە خراپە نەئەکرد، بەڵام بە ئوسوولی ئەو وەقتە، مومکین نەبوو کە عەشایر بە تەواوی لە خراپەکردن مەنع بکا. دەرحەق بە سوڵتان موراد ئیتاعەتێکی باشی بوو.

شەرەفنامە تا ئەم تاریخە (١٠٠٥ هـ) ئیزاحات ئەدا. ئەنسیقلۆپێدیای ئیسلام و چوار عەسری دوایی عێراق، دەرحەق بە زەمانی دوایی ئەم حکوومەتە، زۆر کەم باس ئەکا و زاهیر وایە کە لە دوای هەڵۆ خان، حاکمییەتی ئەردەڵان کەوتە دەس خان ئەحمەد خان (١٠١٤ هـ/ ١٦٠٥ م). ئەم حوکمدارە لەگەڵ شا عەباسدا زۆر ڕێک بوو و مەملەکەتی ئەردەڵانی کرد بە تابیعێکی ئێران و بە حیمایەی شا، پشت‌ئەستوور بوو و تەعەڕوزی کردە عەشایری تابیعەی عوسمانی و ئیمارەتانی کوردی. ئەووەڵ ئیشی، هوجوومکردنە سەر عەشایری موکری بوو. لە ساڵانی دواییدا ڕەواندز و عیمادییەشی زەوت کرد و مەئمووری خۆی بە سەر ئەم شارانەوە دانا. «کۆی» و «حەریر»یشی هێنایە ژێر ئەمری خۆی و ئەم حوکم و نفووزی خان ئەحمەد خانە بە سەر ئەو وڵاتانەدا ئەوەندە دەوامی نەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئەووەڵ بیست ساڵی دەوری حکوومەتی خان ئەحمەد خان، بۆ ئەردەڵانی گەورە بەڕاستی دەورێکی پڕ شان و شەرەف و پڕ بەرەکەت و خۆشی بوو. دێرزەمانێک بەم نەوعە هەموو وڵاتانی ئەردەڵانی قەدیمی موحافەزە کرد و لەم موددەتەدا زۆر موحیبەت و موعاوەنەتی لە شاهـ عەباس دی و حەتتا شاهـ عەباس خوشکێکی خۆشی لێ مارە کرد (تاریخ نعیما). خان ئەحمەد خان بە فیکرێکی دووربینی و عاقڵانە، تەعەڕوزی ئەو جێگایانەی نەکرد کە ڕاستەو ڕاست لە تەڕەف حکوومەتی عوسمانییەوە ئیدارە ئەکرا، تەنیا لەگەڵ حکووماتی ئیرسییەی کورد خەریک بوو.

بەڵام لە سەفەری شاهـ عەباس بۆ سەر بەغدا (١٠٣٤ هـ)، خان ئەحمەد خانیش بە لەشکری ئەردەڵانەوە لەگەڵی بوو و چووە سەر کەرکووک (= کرکویە) و لە دوای شەڕێکی کورت ئەم قەڵایەی گرت و شارەزووریشی داگیر کرد (تاریخ عالم‌آرای عباسی). بەم تەڕحە حوکم و نفووزی خان ئەحمەد خان لە غەربی عیمادییەوە تا حدوودی کرماشان و هەمەدان و لە لوڕستانەوە تا بەحری ورمێ ئەچوو.

دەوری شەوکەتی ئەردەڵان لە دوای وەفاتی شاهـ عەباس (١٠٣٧ هـ) دەوامی نەکرد. لە ساڵی ١٠٣٩دا سەدرول‌ئەعزەم خەسرەو پاشا، بۆ سەندنەوەی بەغدا هاتە مووسڵ و لەوێ بە نەسیحەتی ئومەرای کورد، وەکوو سەیید خان عیمادی و میرەبەگی سۆران و بەعزێکی تر، ڕووی کردە مەملەکەتی ئەردەڵان.

خان ئەحمەد خان لەگەڵ حکوومەتی ئێران موحافەزەی سەداقەتی کرد، زاتەن ئەم مەردایەتییەی لە گەلێ فرسەتدا باخسووس لە سەفەری دوایی شاهـ عەباس بۆ سەر بەغدادا ئیسبات کردبوو. لە بەینی ئومەرا و پیاوماقووڵانیدا زۆر کەس هەبوو کە تەڕەفداری حکوومەتی سوننی عوسمانی بوون، ئەمانە هەموویان نزیکبوونەوەی سەردار خەسرەو پاشایان بە فرسەت زانی و کە ئۆردووی عوسمانی لە کەرکووک حەرەکەتی کرد، گەلێ ئومەرای خانەدانی ئەردەڵانی و بیست خانێکی کوردستان هاتنە لای سەدرول‌ئەعزەم . لەشکری عوسمانی لە شارەزووردا وەستا و چل پەنجا ڕۆژ لەگەڵ تەعمیری قەڵای گوڵعەنبەر خەریک بوو.

لە دوای ئەم موددەتە سەدرول‌ئەعزەم قووەتێکی ناردە سەر قەڵای میهرەبان و گرتی و لە وەقتێکدا کە هێشتا ئۆردووی ئەسڵی لە شارەزووردا بوو، سەرداری ئێران، زەینەڵ خان و خان ئەحمەد خان بە لەشکرێکی ٤٠ هەزار کەسییەوە لە هەمەدان حەرەکەتی کرد و بەبێ ئەمەی خەتی ڕەجعەتی قۆڵی میهرەبان ببڕن، لەگەڵیانا کەوتنە شەڕێکی سەختەوە و لە گەرمەی شەڕدا ئیمدادی خوسرەو پاشا گەیشت بە فریادا و زەینەڵ خان خراپ شکا و چەند هەزار کەسێکی کوژرا و خۆشی لە تەڕەف شاهەوە ئیعدام کرا؛ لە جێگەی، ڕۆستەم خان کرا بە سەردار و شاهی ئێرانیش خۆی، لە ئەسفەهانەوە حەرەکەتی کرد.

خەسرەو پاشا لە دوای ئەم غەلەبە گەورەیە ڕووی کردە مەرکەزی ئەردەڵان و قەڵای حەسەن‌ئاباد کە مەرکەزی خان ئەحمەد خان بوو، وێران و تاڵانی کرد. لە حوزەیرانی ١٦٣٠ م (١٠٤٠ هـ)دا گەیشتە بەردەمی هەمەدان و لە دوای وێرانکردنی ئەم شارە و دەرگەزێن و لە پاش تاڵان و کوشتارێکی زۆر، سەدرول‌ئەعزەم گەڕایەوە و ڕووی کردە بەغدا و لە دوای موحاسەرەی چل ڕۆژێک بە سەر مووسڵدا گەڕایەوە دواوە (١٦٣١ م). هێشتا سەدرول‌ئەعزەم لە مووسڵ حەرەکەتی نەکردبوو کە خان ئەحمەد خان هەڵیکوتایە شارەزوور و زەوتی کرد.

دەرحەق بە ئەواخیری حکوومەتی خان ئەحمەد خان و خەلەفی، مەعلووماتێکی وا دەرنەکەوت. وەقتێک کە خان ئەحمەد خان بە سەبەبی موعامەلەیەکی زاڵمانەی شاهـ سەفی، ڕووی لە حکوومەتی ئێران وەرگێڕا و لە تەڕەف سوڵتانی عوسمانییەوە لە مووسڵ دانرا، حکوومەتی ئەردەڵان کەوتە دەس سلێمان خانی ئەردەڵانی، کە لە عەینی خانەدانە و ڕەنگە هەر لە زەمانی ئەم سلێمان خانەدا و لە تاریخی ١٦٩٤ی م.دا تەعەڕوزی سلێمان بەگی بەبە بۆ سەر ئەردەڵان واقیع بووبێ و ئەمەش تەسادوفی دەوری حکوومەتێکی سست و بێ‌خێری ئەردەڵانی کردووە و بەشێکی ئەردەڵان کەوتۆتە ژێر ئیستیلای بابا سلێمانەوە. بەڵام ساڵی دوایی، حاکمی ئەردەڵان بە یارمەتیی حکوومەتی ئێران بابا سلێمانی شکاندووە و موڵکەکەی سەندۆتەوە.

لە سەفەری والیی بەغدا حەسەن پاشادا بۆ سەر هەمەدان (١١٤٣ هـ)، حاکمی ئیرسیی ئەردەڵان، عەلی قولی خان بوو کە بەبێ شەڕ تابیعی حکوومەتی عوسمانی بوو. چونکە لە تەڕەف حکوومەتی ئێرانەوە عەزل کرابوو و ئومێدی موعاوەنەتی بە حەسەن پاشا بوو. لە سەر ئەمە، خانە پاشای بەبە، بە ئەمری حەسەن پاشا ئەردەڵانی داگیر کرد و عەلی قولی خان و زۆر ئومەرای، ئیتاعەتی خانە پاشایان کرد.

لە دوای شەرەف خانی ئەفغانی و ئەحمەد پاشای سەردار (کانوونی ئەووەڵی ١٧٢٦ م)، خانە پاشا کە بوو بە سەبەبی شکانی ئۆردووی عوسمانی، وڵاتی ئەردەڵانی درایە و چوار ساڵێک و تا دەوری نادر شاهـ بە دەسیەوە بوو. بەڵام کە نفووزی ئێران کەوتە دەس تەهماسب قولی و لەشکری عوسمانی لە خاکی ئێران کردە دەرەوە، وڵاتی ئەردەڵانیشی دایەوە بە سوبحان وێردی خانی ئەردەڵان و حوکمی بەبە دوایی هات.

سلێمان پاشای حاکمی بەبە، لە ١٧٩٣ی م.دا و لە دوای ئەمەی کە دەفعەی دووەم، سەلیم پاشای مامی لە قزڵجە شکاند، شوێنی کەوت و زۆر وڵاتی ئەردەڵانیشی داگیر کرد. بەڵام زۆری پێنەچوو سوبحان وێردی خانی ئەردەڵانی دەریپەڕاند. ساڵی دوایی بە ئیشارەتی کەریم خانی زەند، سلێمان پاشا دیسانەوە چووە سەر ئەردەڵان و بە یارمەتیی لەشکری کەریم خانەوە سنەی زەوت کرد. لە دوای ساڵێک سلێمان پاشا کوژرا و عەلی بەگی کوڕی بوو بە حاکمی ئەردەڵان. محەمەد پاشای برای سلێمان پاشاش لە قەلاچوالاندا حاکم بوو. ئومەرای بەنی ئەردەڵان لەگەڵ ئاغا محەمەد خانی قاجاردا کە دوژمنی گەورەی خانەدانی زەند بوو، موتتەفیق بوون. لە بەر ئەمە، کەریم خان ئومەرای بەبەی حیمایە ئەکرد. ئەم حاڵە زۆر جار لەشکری ئێرانی هێنایە سەر ئەردەڵان و شارەزوور و لەشکری بەغدای جەلب کردە ئەو ناوە.

لە دوای سوبحان وێردی خان، حاکمییەتی ئەردەڵان کەوتە دەس خەسرەو خان، کە بە عینوانی «گەورە» شۆرەتی سەندووە (١١٦٨- ١٢١٤ هـ) . لە ساڵی ١١٩٠ هـ، ئەحمەد پاشای والیی بەغدا، لە قۆڵێکەوە بۆ کرماشان و محەمەد پاشای بەبەش بۆ سنە حەرەکەتی کرد. محەمەد پاشا لەشکرێکی ئەردەڵانی شکاند و بانەی گرت و لە شەڕێکی تریشدا خەسرەو خانی خراپ شکاند، بەڵام زۆری پێنەچوو لەشکری کەریم خان لە قوماندای کەلبعەلی خاندا گەیشتە ئەردەڵان و محەمەد پاشای دەرپەڕاند و تا دەوری کەرکووک هات.

خولاسە، لە دەوری حکوومەتی بەبەدا ئەردەڵان زۆر ئیستیلا و تەخریباتی دی. لە دوای خەسرەو خان، ئەمانوڵڵا خانی کوڕی کە دیسان لەقەبی «گەورە»ی هەبوو، هاتە جێگەی و لە ١٢١٤ هـ تا ١٢٤٠ هـ حکوومەتی کرد. ئەم حاکمە بەڕاستی بۆ عیلم و عومرانی وڵاتەکەی زۆر خەریک بووە و شاری سنەی زۆر جوان کردووە و بۆتە مەرکەزێکی عیلم و ئەدەب و مەرکەزی شوعەرا. سێر جۆن مالقۆلم و ڕیچ، میوانی بوون و زۆر مەدحی ئیدارە و خدمەتی ئەکەن. لە دوای ئەم حاکمە، خەسرەو خانی کوڕی کە بە «ناکام» مەشهوورە، هاتۆتە جێگەی و دە ساڵێک حوکمی کردووە و لە شێعر و ئەدەبیاتدا بەهرەیەکی بڵندی بوو. مەشهوور شاعیرە «ماه‌شەرەف خانم»یش ژنی ئەم حاکمە بووە. لە دوای وەفاتی و لە زەمانی ڕەزا قولی خانی کوڕیدا شەڕ و هەرای بەینی بەگزادەی ئەردەڵانی دەسی پێکرد و والی، شانزە ساڵ لە تەهران حەپس کرا و ئینجا لە دوای وەفاتی محەمەد شاهـ نەجاتی بوو. ئەمانوڵڵا خانی برای، دوایین حاکمی ئەردەڵانە و لە ١٢٦٥ هـ تا ١٢٨٤هـ حوکمی کردووە. لە ١٢٦٨دا حکوومەتی تەهران دەسی کرد بە بەهانە دۆزینەوە بۆ والی و لە ساڵی ١٢٨٤دا ناسرەددین شاهـ، شازادە فەرهاد میرزای مامی کرد بە حاکمی ئەردەڵان و حوکمی خانەدانی بەنی ئەردەڵان لە ناو چوو.

واقیعەن هێشتا لەم خانەدانە بەعزێ کەس ماوە، بەڵام هیچیان بە دەس نییە.

وەکوو لە سەرەوە باسمان کرد، ئەم حکوومەتی ئەردەڵانە، یەکێ لە حکوومەتە گەورەکانی کوردی ئێرانە. بە گوێرەی شەرەفنامە بەینێک بە تەواوی سەربەخۆ بوو، سککەی بە ناوی خۆیەوە لێداوە و خوتبەشی بە ناوی حوکمداریەوە خوێندۆتەوە. ئەم دەورەی سەربەخۆییە وا دیارە لە ئەواخیری حکوومەتی ئیلخانییەوە (مەبادیی عەسری حەوتەمی هیجری) تا ئەوائیلی دەورەی سەفەوی (مەبادیی عەسری دەهەمی هیجري) یەعنی دوو عەسرێک دەوامی کردووە. لە دوای ئەمە لە تابعییەتی سیاسیی ئێران و بەعزێ جار عوسمانیدا، دیسان ئیستقلالی داخڵی خۆی تا لەناوچوونی خان ئەحمەد خان موحافەزە کرد و لە دوای ئەو، بەرەبەرە نفووز و سیاسەتی ئێران بە سەریا زاڵ بوو و نیهایەت لە ١٢٨٤ هـ.دا بە تەواوی نەقڵی مەقبەرەی تاریخی کرد.