دەوری لوتفعەلی خان

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 40 خولەک  796 بینین

لوتفعەلی خان کوڕی جەعفەر خان لەو وەقتەدا لە کرمان بوو و سەیید خان بە قووەتی ئیختیلالپەروەرانەوە بە شاهـ ئیعلان کرابوو. بەڵام نیهایەت چەند مانگێک حکوومەتی پێ کرا. والیی عوموومیی فارس، حاجی ئیبراهیم کە زۆر لەگەڵ تالع و ئیستقبالی لوتفعەلی خاندا عەلاقەدار بوو، بەعزێ لە ئەهالی و ڕوئەسای عەشایریشی داخڵی ئیتیفاقی خۆی کردبوو. لوتفعەلی خان کە خەبەری قەتڵی باوکی بیست، چونکە ئەمنیەتی بە لەشکرەکەی نەبوو، ڕایکردە لای شێخی بووشەهر و نەیتوانی بە زوو بە زوویی دەعوای تەختی باوکی بکا. شێخی بووشەهر زوو وەفاتی کرد و وەسێتی بۆ شێخ ناسری کوڕی بەجێ هێشت کە موعاوەنەتی لوتفعەلی خان بکا. واقیعەن ئەم شێخە لەشکرێکی بچووکی دایە و ناردی بۆ شیراز. بەڵام ئەم لەشکرە بەرامبەر بە قووەتی حاجی هاشمی برای سەیید خان شکا و بڵاو بووەوە. دووەم جار کە لەشکر بۆ سەر لوتفعەلی خان هات، لە قوماندای عەلی مەحموود خاندا بوو و ئەم سەرلەشکرە لە بەرەی حاجی ئیبراهیم بوو و بینا بە قەول و قەراریان، تەرەفداری [لە] لوتفعەلی خانیان ئیعلان کرد. شازادە لەمە کەوتە ئومێد و ڕووی کردە پایتەخت و بە واسیتەی دۆستان و تەرەفدارانیەوە ئەفکاری عموومییەی بۆ حازر کرابوو و لە تەرەف خەڵکەوە بە کەماڵی مەمنوونییەت قەبووڵ کرا (١٧٨٩ م). سەیید خان ئیلتیجای کردبووە ئیچ قەڵا، زۆری پێ نەچوو تەسلیم بوو و ئیعدام کرا؛ لاکین حاجی عەلی قولی کە یەکێ لە عەناسری ئیختیلال بوو، لەگەڵ ئومەرای تردا لە تەرەف حاجی ئیبراهیم خانەوە تەتبیب و تەئمین کران و لوتفعەلی خانیش نەک تەنیا ئەم وەعدی حاجی ئیبراهیمە تەسدیق بکا، بەڵکوو ئیزهاری لوتف و ئیعتیمادیشی دەرحەق کردن. لوتفعەلی خان لە عومری بیست و چوار ساڵیدا بوو. بەڵام لە زەمانی باوکیا دایمە لە وەزیفەدا بوو و گەیشتبووە دەرەجەیەکی وا کە دۆست و دوژمن تەقدیری ئەکرد و لە سەرەی هەرە جەسوور و هەرە شەڕکەری مەملەکەتی خۆی بوو. شەمائیل و لاوچاکی وای ئەنواند کە بەڕاستی لایقی ئەم تەقدیراتە و حائیزی ئەوسافی عالییەیە. لە هەموو ئەخلاق و ئەتواریدا عەلامەتی غیرەت و فەعالیەت زاهیر بوو. کەڵەگەت و لاوچاک بوو، باریک و گورج و مەزبووت و بەهێز و سوارێکی چوست و چالاک بوو و لە هەموو نەوعی تەعلیمێکدا ماهیر بوو و بێ ڕەقیب بوو. بەڵام ئەوسافی دەماغییە کە بۆ مەقامەکەی لازم بوو تێیدا ئینکشافی نەکردبوو. خیلافی جورئەت و جەسارەتی، لەگەڵ ئیشدا سڵی ئەکرد.

لە پێش ئەمەدا کە بچێتە سەر تەخت، زۆر نازک و دەرحەق بچووکی، زۆر لوتفکار بوو. بەڵام لە دوای حوکمداری، ئەوەندەی پێ نەچوو تەبیعەتی گۆڕا و بەعزێ لە مەزییاتی پێشووی نەما، لە جێگەی حیلم و شەفەقەتی قەدیمی، توندی و بێ‌ڕەحمیی ئەنواند. ئەو حیسسی مەتنداری و شوکرانەی کە بەرامبەر بە حاجی ئیبراهیم خان کە بووە سەبەبی هاتنە سەر تەختی، ئەینواند، زوو تەبەدولی کرد بە خسوومەت و شوبهە. بەڕاستی هەرە عەجایبی ئەوە بوو کە بە نەزەرێکی حەسادەتەوە تەماشای ئەو قووەتە گەورەیەی ئەکرد کە تاجی نابووە سەر سەری.

هێشتا لە مەبادی جلووسیدا بوو کە ئاغا محەمەد خان ڕووی کردە شیراز. ئەم حوکمدارە جاهیلە، جورئەتێکی فەوقەلعادەی نواند و بۆی چووە دەرەوە و لە دەوری «هەزار بیزە»دا تووشی بوو. بەڵام بەرامبەر بە قووەتی زۆری قاجار شکا و فڕانرایە شیراز. ئاغا محەمەد خان بە نەشئەی ئەم زەفەرە، هاتە سەر شیراز و لە دوای مانگێک موحاسەرە، گەڕایەوە تەهران کە پایتەختی بوو. ساڵی دوایە بە ئەندێشەی هوجوومێکی تر، لوتفعەلی خان بۆ مودافەعەیەکی بەقووەت خۆی باش حازر کرد، بەڵام ئاغا محەمەد خان بە سەبەبی مەشغووڵییەتی ئازەربایجانی، نەهات. لوتفعەلی خان نەیویست ئەو قووەتەی کە کۆی کردۆتەوە، بێ ئیش بیهێڵێتەوە، لەگەڵیانا ڕووی کردە کرمان و بە بەعزێ شرووت، والییەکەی بە تەسلیمی شارەکە ڕازی بوو، چونکە وەقتی سەفەر ڕابردبوو و خێرخواهانیش نەسیحەتیان کرد کە قەبووڵی بکا. یەکێ لە شەرتەکان سەرفی نەزەر کردن لە والی و ئەتباعی بوو. بەڵام لوتفعەلی خان قەبووڵی نەکرد؛ لە سەر ئەمە، موحاسەرە لەو زستانە سەختەدا دەوامی کرد. ئۆردووی موحاسەرە، وڵاخ و ئینسانێکی زۆری لە بەر سەرما و برسیەتی لە کیس چوو و لە دوای بارینی بەفرێکی زۆر، جەلبی خواردەمەنیش مومکین نەبوو. نیهایەت بە زۆری بەعزێ لە عەسکەر و نامەمنوونیی هەموو، وازی لە موحاسەرە هێنا و لە حاڵێکی پەرێشاندا گەڕایەوە شیراز. لە پێش حەسانەوەی لەم سەفەرە بەموسیبەتە، برایەکی بچکۆلەی کە هێشتا منداڵ بوو، بە ناو کردی بە والیی فارس و لە عەینی وەقتدا حاکمییەتی موڵکییەی شیراز و ئەترافیشی تەودیعی حاجی ئیبراهیم کرد. قوماندای قووەی موحافەزەشی بە جوێ دا بە ڕەئیسێکی عەشیرەتی زەند کە ناوی بەختیار بوو. ئیچ قەڵاشی خستە ژێر ئیدارەی ڕەئیسێکی تری خانەدانی زەندەوە. مەقسەدی لەم تەقسیمی سەلاحییەتە، مەنعی خیانەت بوو، بەڵام بێ فائیدە بوو. بەختیار خان پیاوێکی زەعیف و موتەکەبیر بوو و بە مەوقیعی خۆی و ئیستقلالی ئیدارەی عەسکەرییەی، مەغروور بوو. ئەیویست بە سەر حاجی ئیبراهیمدا زاڵ بێ و ئامریەتی بە سەرا بکا. بەڵام بۆی سەری نەگرت و دەسی کرد بە تەحریکی لوتفعەلی خان لە حەقی و ئەم تەحریکاتە کەم و زۆر تەئسیری بوو و هەموو موعامەلەیەکی دوای هاتنەوەی لە کرمان، وای نیشان ئەدا کە ئیتر ئیعتیمادی بە وەزیرەکەی نەماوە. زاتەن موددەتێک لە پێش ئەمەشدا حادیسەیەک ڕابیتەی بەینی حاجی ئیبراهیم و لوتفعەلی خانی زۆر زەعیف کردبوو. لوتفعەلی خان لە سەر تکای حاجی ئیبراهیم، چەند کەسێکی کە شوبهە لە ئیشتراکیان بە سووئی قەسد دەرحەق بە باوکی کرابوو، عەفو کردبوو. لە ناو ئەوانەدا میرزا مەهدی ناوێک هەبوو کە لە پێشدا جەعفەر خان لە خدمەتی لەشکرنویس (موحاسیبی لەشکر)دا ئیستیخدام کردبوو. لە دواییدا بەعزێ ئیختیلاسی لە سەر دۆزرایەوە و دەرکرا و گوێی بڕا. وەقتێ کە جەعفەر خان کوژرا و سەرەکەی فڕێ درایە بەر قاپیی قەڵا، میرزا مەهدیش هەر دوو گوێکەی بڕی و بەڵام ئینکاری ئەمەی ئەکرد. حاجی ئیبراهیم چونکە لە بێ‌گوناهی قانع بوو، تەلەبی عەفوی لە لوتفعەلی خان کردبوو و حوکمدار لە دوای ئەمە کە تەئمیناتی دابوویە، گوتبووی ئەگەر حەقیقەت ئەو قەباحەتەیشی کردبێ، لە بەر خاتری ئەو، دیسانەوە لە عەفوکردنی تەڕەدود ناکا. لە دوای چەند مانگێ، لوتفعەلی خان خەڵاتی دابەش کردبوو و خەڵاتێکیشی دابوو بە میرزا مەهدی. دایکی حوکمدار، کە ئەمەی بیست، بانگی کرد و پێی گوت: ئایا عەفوی قاتڵی باوکت کافی نەبوو و لزوومت بینی کە لوتفێکی مەخسووسیش دەرحەق سەفیلێک نیشان دەی کە خاتراتی باوکت ئیخلال ئەکا؟

ئەم قسەیە زۆر تەئسیری لە لوتفعەلی خان کرد و گەڕایەوە سەرای حکوومەت و میرزا مەهدی بانگ کرد و لە دوای عیتابێکی زۆر، ئەمری بە سووتاندنی دا. حاجی ئیبراهیم کە خەبەری زانی، بە عەجەلە چووە لای حوکمدار و لە موعامەلەی خەبەردار بوو، بە کەماڵی دەهشەتەوە جەسەدی سووتاوی میرزا مەهدیی چاو پێکەوت و لە دوای ئەمە ـ وەکوو حاجی ئیبراهیم بیلزات خۆی بۆ سێر مالقۆلمی گێڕاوەتەوە ـ ئیتر هیچ ئەمنیەتی بە لوتفعەلی خان نەما.

ئەم ئیختلافی بەینی حوکمدار و وەزیرە لە لای هەموو مەعلووم بووبوو. لوتفعەلی خان ئەیتوانی ئەو نیزامی ئەعمالەی کە تا ئەو وەقتە قەبووڵی کردبوو، زۆر خراپ بشکێنێ، بەڵام جەسارەتی تەعەڕوزێکی ئاشکرای نەبوو و لە نفووزی وەزیر ئەترسا. واقیعەن بێجگە لە ئیترتیباتی خەڵکی شیراز لەگەڵ حاجی ئیبراهیمدا زۆر والیی وڵاتان و ڕوئەسای عەشایریش لەگەڵیدا بە گەرمی تێکەڵ بوون و براکەشی قوماندانی پیادەی ئۆردوو بوو. بە گوێرەی ئەم وەزعییەتە بە تەبیعەت حوکمدار مەیلی شیددەت نواندنی نەبوو، بەڵام حیسسی عاجزی لە هەموو ئیشێکدا دەرئەکەوت. وەزیر کە زانی حەیات و مەوجوودییەتی لە تەهلوکەدایە، قەراری لەناوبردنی لوتفعەلی خانی دا.

لەو بەینەدا کە ئەحواڵ بەم تەرحە دەوامی ئەکرد، لوتفعەلی خان فکری چوونە سەر ئەسفەهانی بوو، ئەووەڵەن وەکوو چۆن لە پێش سەفەری کرمانیدا کردبووی، هێنای وەزائیفی ڕەسمییەی شیرازی تەقسیم کرد لە خانەدانی خۆی؛ ئەمیرێکی کرد بە قوماندانی قووەی موحافەزەی شار، یەکێکی تریشی کرد بە قوماندانی قەڵای ناو شار (ئیچ قەڵا)، زەنی وا بوو کە لە میانەی ئەم تەرتیباتەوە ئیتر خۆف لە وەزیرەکەی ناکرێ. لەگەڵ ئەمەشدا نەیئەتوانی شتێکی خیلافی سەداقەتی لە سەر بدۆزێتەوە. لە دوای ئەمە کە بە سووڕەتی ڕەسمی، والییەتی شیرازی تەودیع کرد، لە وەختی حەرەکەتی ئۆردوودا بە حاجی ئیبراهیمی گوت کە کوڕە گەورەکەی کە ناوی میرزا مەحموود بوو، بینێرێتە قەرارگای ئۆردوو. ئەو کوڕە چونکە زۆر بچووک بوو، بە تەبیعەت بە کەڵکی هیچ خدمەت و مەئموورییەتێک نەئەهات و دیار بوو کە ئەبێتە بارمتەی ئەفعال و حەرەکاتی باوکی، تا ئەم حادیسەیە حاجی ئیبراهیم لە ئیجرای قەراری خۆیدا موتەڕەدید بوو، بەڵام ئەم سووئی زەننە تەڕەدودەکەی نەهێشت و قەراری دا کە ڕۆژێ زووتر پلانەکەی تەتبیق بکا و ئەم پلانەشی ئەوە بوو کە شیراز تەسلیمی ئاغا محەمەد خان بکا و بەم تەرحە بیکاتە حاکمی یەکانەی ئێران.

واقیعەن حاجی ئیبراهیم ئیتر هیچ ئەمنییەتی بە لوتفعەلی خان نەمابوو، زاتەن دوشمنێکی زۆریشی بوو و [بۆ] موحافەزەی حەیاتی خۆی، ویستی کە بە خدمەتێکی گەورە، حیمایەی پادشایەکی بەقووەت بۆ خۆی بستێنێ و بۆ ئەم خدمەتە موقتەدیر بوو، بەڵام کە فکری لێ ئەکردەوە، بە ئەندێشەی مەحوی خانەدانێک کە ببووە باعیسی ئەم قودرەت و عیززەتەی، ویجدانی موعەززەب ئەبوو. {fn|ئەم حاجی ئیبراهیمە کوڕی حاجی هاشم بوو کە یەکێک بوو لە ئەشرافی شیراز. لە عومرێکی زویردا مرد و عائیلەیەکی زۆری لە حاڵێکی ئیحتیاجدا بەجێ هێشت، بەڵام کوڕەکەی ئەوەندەی پێ نەچوو داخڵی سەرەی ئەشراف بوو، ئەخلاقی موعاشەرەتی و موعامەلەی باش و زەکا و دیرایەتی، زۆری تەرەقی پێ کرد و گەیاندیە مەقامی گەورە. کەریم خان، حاجی ئیبراهیمی لە جێگەی باوکی دانابوو، عەلی مراد خان کردبوویە ڕەئیسی هەموو گەڕەکەکانی حەیدەری، کە تەقریبەن نیوەی شیراز بوو. لە وەقتێکدا کە جەعفەر خان لە ئەسفەهان ڕایکرد و هاتە شیراز، شارەکەی بە ئاسانی تەسلیم کرد و لە سەر ئەمە کرایە کەلانتەری فارس و لە سایەی ئەم مەئموورییەتەوە کوڕەکەی گەلێ نفووزی پەیا کرد و بەرامبەر بەم لوتفی جەعفەر خانە، لوتفعەلی خانی کوڕی گەیاندە مەقامی حوکمداری.

سێر مالقۆلم ئەڵێ خۆم لەم خسووسەوە قسەم لەگەڵ حاجی ئیبراهیم کرد و ئیدیعای ئەو وا بوو کە مەقسەدی لەم حەرەکەتەی نەجاتدانی وڵاتەکەی بوو لە شەڕ و هەرای موددەعییانی دەوڵەت و گوتی: چ یەکێ لە زەند و چ لە قاجار بێتە سەر تەخت، مەنعی لەشکر لە تاڵان ناکا، بەڵام ئەوی پێویستە بۆ هەموو، گەورەیی و بەهێزیی ئێران و قائیلبوونی بە سکوونەتێکی دائیمییە.}

لە دوای ئەمە کە لوتفعەلی خان چەند قۆناغێک دوور کەوتەوە، حاجی ئیبراهیم بە قووەتێکی شاری کە تەشکیلی کردبوو و خستبوویە ژێر ئیدارەی محەمەد حەسەن خانی برا بچووکیەوە، قوماندانی موحافیزی شار و ئیچ قەڵای گرت و ئەم موەفەقیەتەشی زۆر بە ئاسانی بۆ پێکهات و خەبەری ئەم موەفەقیەتەی بۆ براکەی نووسی کە لەگەڵ لەشکری لوتفعەلی خاندا بوو و لە دێیەکی پێنج فرسەخی (کۆمەیشا)دا ئۆردووگای دامەزراندبوو. لەشکری قاجاریش لە قوماندای باباخانی خوشکەزای ئاغا محەمەد خاندا ڕوویان تێکردبوو و بیست میلێک نزیکیان ببوونەوە، براکەی حاجی ئیبراهیم لەگەڵ ئومەرا و زابتانی ئۆردووەکەدا بۆ خیانەت ڕێک کەوتبوو و قەراریان دابوو کە تاریک داهات بەشێکی لەشکری پیادە، قەرارگای لوتفعەلی خان بداتە بەر تفەنگ و دەس بکەن بە هەرا و غەڵبە غەڵب و ئەوەش ئیشارەت بێ بۆ کۆبوونەوەی بەرەی حاجی ئیبراهیم.

واقیعەن بە گوێرەی قەرار حەرەکەت کرا و کە هەرا پەیا بوو، لوتفعەلی خان عەجایباتی لێ ما و خۆفی لێ نیشت و پیاوی نارد کە بزانن چییە. پیاو هاتەوە و پێی گوت سوار بە و دەرچۆ، چونکە لەشکرەکەی خۆت بۆتە دوشمنت. تەنیا تەهماسب خانی فەیلی لەگەڵ حەفتا سوارێکدا شوێنی کەوتن، باقی ڕوئەسا و ئومەرا ئەم حوکمدارە بێ‌تالعەیان بەجێ هێشت.

لوتفعەلی خان بە ئومێدی ئەوەی کە شیراز بە دەست قوماندانەکانیەوەیە، لەگەڵ ڕوفەقای فەلاکەتیدا ڕووی کردە پایتەخت (١٧٩١ م). بەڵام لە دوای جوێبوونەوەی لە ئۆردووگا بە دوو ڕۆژ لە ئەحواڵ خەبەردار بوو و قووەتەکەیشی گەیشتبووە سێ‌سەد سوارێک. هەرچۆنێ بوو خۆی گەیاندە دەرگای شیراز و پیاوێکی ناردە لای حاجی ئیبراهیم و ئەسبابی موعامەلەی لێ پرسی. حاجی ئیبراهیم لە جوابی ئەم پرسیارەیدا لەسەرخۆ گوتی لە وەزعییەتی لوتفعەلی خان و فکری تێگەیشتم و زانیم بۆ موحافەزەی حەیاتی خۆم لازمە لە قووەت تەجریدی بکەم و دووری بخەمەوە. تۆ نەسیحەتی بکە کە واز لە مالیکییەتی شیراز بێنێ و پێی بڵێ بۆ نەجاتدانی ڕۆحی، بێجگە لە ڕاکردن عیلاجێکی تری نییە (تاریخی حاجی ئیبراهیم)؛ بەڵام ئەم حوکمدارە مەغروورە کە قووەتێکی کەمی بوو، ئەم نەسیحەتەی ڕەد کردەوە و گوتی: هەرچۆنێ بێ، ئەم خائینە شارییە؛ قووەتەکەیشی نیهایەت بەعزێ بەقاڵ و عەتارن، کە ناتوانن بەرامبەر بە عەسکەرێکی ئازا ڕاوەستن. بەم خەیاڵە پشت‌ئەستوور بوو و لە نزیک دیواری شار دابەزی و ئۆردووگای هەڵدا. حاجی ئیبراهیم کە وای زانی، فێڵێکی تری بۆ دۆزییەوە. ماڵ و منداڵی عەسکەرەکەی کە لە ناو شاردا بوو، خەبەری بۆ ناردن و گوتی ئەگەر زوو لوتفعەلی خان بەجێ نەهێڵن و نەهێنەوە ناو شار، ماڵ و منداڵیان هەموو ئەکوژرێ. واقیعەن ئەمە تەئسیری کرد و عەسکەرەکەی لوتفعەلی خانیان جێ هێشت و حوکمداری بەدبەخت ناعیلاج لەگەڵ چوار پێنج کەسێکدا چوو بۆ بووشەهر. بەڵام کە گەیشتە ئەوێ، تەماشای کرد شێخەکەی وەکوو پێشوو، دۆستایەتی نەماوە، چونکە ئەویش مەنسووبی حاجی ئیبراهیم بوو. لە بەر ئەمە، چووە بەندەر ریگ و حاکمی ئەوێ زۆر باش قەبووڵی کرد و تا توانی موعاوەنەتی کرد، بە سایەی ئەم موعاوەنەتەوە توانی بەعزێ قووەت کۆ بکاتەوە و لەگەڵیانا سەعی بۆ سەندنەوەی شیراز بکا.

کەمیی لەشکری لوتفعەلی خان بە سایەی ئازایی خۆی و سەداقەتی عەسکەرەکەیەوە ئەوەندە دەرنەئەکەوت. ئەووەڵ غەلەبەی بە سەر لەشکری بووشەهردا بوو . دووەم شەڕی لەگەڵ حاکمی «کازروون»دا بوو و ئەسیری کرد و چاوی دەرهێنا . ئەم حەرەکەتە زاڵمانەی، موخیللی مەنفەعەتی بوو و تەقوییەی دوژمنە بەقووەتەکەی ئەکرد و ئەو موحیبەتەی کە دەرحەق بە جاهیلی و قەهرەمانی و بەدبەختیی پەیا ببوو، بەم سەبەبەوە زائیل ئەبوو.

لوتفعەلی خان لەم موەفەقیەتانەی، جەسارەتی سەند و دیسانەوە هاتە سەر شیراز و دەسی کرد بە حەسر و تەزییقی. بەڵام چونکە نە پیادە و نە تۆپچی بوو، موحاسەرەی پێ نەئەکرا. لەگەڵ ئەمەشدا تەڕەفدارانی عوسیان، پەی دەر پەی لێی کۆ ئەبوونەوە و گەیشتە دەرەجەیەکی وا کە دۆستان و تەڕەفدارانی، ئومێدی موەفەقیەت و سەندنەوەی حکوومەتیان لێ ئەکرد. بەڵام فەزیلەتی قەهرەمانی و سەعیی موتەمادیی ئەم شازادە جاهیلە، تووشی موقاوەمەتی ئینسانێک هاتبوو کە بە عەقڵ و تەدبیری، هەموو تەهلوکەیەکی لە پێش وقووعیدا حیس ئەکرد و سەلابەتی لەگەڵ ئیعتیدالیدا تێکەڵ ئەکرد و بیللزووم هیچ لە دوشمنی نەئەکەوتە خۆفەوە و دائیمەن بە سەر تەڕەفدارانی خۆیا موئەسیر و موراقیب بوو، ئەتوار و مشواری فەوقەلعادەی ئەم ئینسانە عەجائیبە، ڕەنگە بە سەبەبی ئەم وەزعییەتە موشکلەوە لە هەموو ئەدواری حەیاتیدا زیاتر دەرکەوتبێ.

لە دوای ئەمە کە لوتفعەلی خان لە سەفەری ئەسفەهاندا لە ئۆردووە عاسییەکەی جوێ بووەوە، ئەو لەشکرە لە حاڵێکی پەرێشان و تێکەڵ و پێکەڵیدا گەڕابووەوە شیراز و هاتنی ئەمانە، قووەی عەدەدییەی عەشایری موسەللەحەی فارسیان زۆر کردبوو و گەیاندبوویانە دوانزە هەزار کەسێک. پیادە یاخود عەسکەری شاری کە عیبارەت بوون لە ئەسناف و سەنعەتکار، نیهایەت پێنج یەکێکی ئەو عەدەدە بوون و حاجی ئیبراهیم تەنیا پشتی بە موعاوەنەتی ئەمانە ئەستوور بوو، چونکە ئەم عەشایرە کە سەروەت و سەعادەتیان بە دەوامی حکوومەتی زەندەوە مەڕبووت بوو، مومکین نەبوو کە لە سەر فیکری حاجی ئیبراهیم بن، یەعنی بەوە ڕازی بن کە حوکم و نفووز بکەوێتە دەس ڕەئیسی قاجار.

حاجی ئیبراهیم چونکە قانع بوو کە ئەم قووەتە نایەڵێ پلانەکەی تەتبیق کا، قەراری دا کە سیلاحیان لێ بستێنێ و دەریانکا. ئەم پلانەی بە ئیحتیاتێکی تەواو و زوو بە زوو تەتبیق کرد. خەبەری بۆ ئەو عەشایرە نارد و گوتی لە وەقتێکی موعەییەندا ئەبێ بێتە شار تا خەڵاتیان بە سەردا دابەش کرێ. خولاسە بە فێڵێکی زۆر عەجایب و بێ هەرا و شەڕ، سیلاحی لە هەموویان سەند و لە دواییدا ناردنی بۆ دێهاتان. لەمانە بەعزێکیان لە دواییدا هاتنە لای لوتفعەلی خان و بەشێکی زۆریشی، بێ سیلاح چاوەڕوانی موقەددەراتی خۆیان بوون.

حاجی ئیبراهیم، زەمانی گرتنی شیرازی بۆ ئاغا محەمەد خان نووسیبوو. ڕەئیسی قاجار لە قوماندای مستەفا خانا لەشکرێکی بە ئیمدادەوە نارد. لەم لاوە لوتفعەلی خان لە فرسەتێکی موناسیبدا هەڵیکوتایە سەر ئەو لەشکرە و لە دوای شەڕێکی قایم، شکاندی. ئاغا محەمەد خان کە ئەمەی بیست، سەفەری ئیعلان کرد و قووەتێکی وای لە قوماندای جان محەمەد خان و ڕەزا قولی خاندا نارد کە بە گوێرەی زۆری، بۆ نیهایەتدان بەم شەڕە کافی بوو. ئەم لەشکرە بەقووەتە لە دوای ئەمە کە لەگەڵ موحافزینی شیراز یەکدگیر بوون، بۆ تەعەڕوز ڕوویان کردە لوتفعەلی خان، کە لەشکرە بچووکەکەی بە نەزەری ئەوانەوە دە یەک بوو. ئەم شازادە بەغیرەتە نەیویست ڕوو وەرگێڕێ، بەڵام بۆ تەلافیی کەمیی قووەتەکەی، بە فیکرێکی ماهیرانە بەعزێ باغاتی ئەو ناوەی ئیشغاڵ کرد تا بەم تەڕحە و بە یارمەتیی مەوانیعی سەنعییە، بتوانێ موقابەلەی ئەو قووەتە زۆرە بکا.

ئیبتیدای شەڕ بۆ دوشمنی موساعید بوو. هجوومی کردە ناو مەوزعەکەی و مودافیعینی دەرپەڕاند و کەوتە شوێنیان. بەڵام لوتفعەلی خان کە حەقیقەت قودرەت و تەقدیرێکی سەردارانەی هەبوو، دی کە لەشکری دوشمن کەوتە تاڵانی قەرارگا خاڵییەکەیەوە، ئەمەی بە فرسەت زانی و چەند سوارێکی کۆ کردەوە و بە شیددەت هەڵیکوتایە سەر دوشمن. عەسکەرە شکاوەکەی، کە چاویان بە قەهرەمانیی ڕەئیسەکەیان کەوت، گەڕانەوە سەر دوشمن و لە هەموو لایەکەوە شکاندیان و بەم تەڕحە، شک و شوبهە لە زەفەری لوتفعەلی خاندا نەما. دوشمن زایعاتێکی زۆری دا و بەشێکیشی ئەسیر بوو، حەتتا ڕەزا قولی خانیش کە یەکێ لە ڕوئەسای قاجار بوو، لە ناو ئەسیرەکانا بوو.

حاجی ئیبراهیم زانیی کە ئەم زەفەری دووەمە، شان و شۆرەتی لوتفعەلی خان بڵندتر ئەکا و ئەمەش بۆخۆی خەراپە، بۆ ئاغا محەمەد خانی نووسی کە بە عەجەلە خۆی بگەیەنێتە شیراز. ئەم حوکمدارە تێگەیشت کە وەزعییەت لە تەهلوکەدایە، دەسبەجێ بە قووەتێکی زۆر گەورەوە (٣٠ ـ ٣٥ هەزار کەسی) ڕووی کردە شیراز. ئەم قووەتە بە نەزەر قووەتی لوتفعەلی خانەوە سەد بە یەک بوو و ئەمەش دەلیلی ئەمە بوو کە ئاغا محەمەد خان، بە نەزەر جورئەت و بێ‌پەروایی دوشمنەکەیەوە ئیحتیاتێکی زۆری کردبوو و حەقیشی بوو.

ئاغا محەمەد خان بە قووەتی پێشکەوتوویەوە، کە گەیشتە دێی «میان» نزیک ئیستەخر (پێرسپۆلیس)، ئۆردووگاکەی لە پڕێکا تووشی تەعەڕوزی لوتفعەلی خان بوو. ئەم شازادەیە بە جورئەتێکی وا کە ئینجا لە بەعزێ قەهرەمانانا کە مەیدانی شەڕیان لە لا وەکوو سەحنەی زەوق و سەفا وایە، لنگی دایە مەیدانی شەڕی تاجگری ئێران. ئەم سەوڵەتی شێرانەیە، پێشداری ئاغا محەمەد خانی شڵەژاند و شکاندی و شوێنیان کەوت و بە چەند سەد سوارێکەوە، بێ پەروا هەڵیکوتایە سەر لەشکرێکی سی یا سی و پێنج هەزار کەسی. لە لایەکەوە تاریکیی شەو و لە لایەکی ترەوە ئەو ترس و خۆفەی کە بە واسیتەی فیرارییەکانەوە پەیا ببوو و دەهشەتی ناوی لوتفعەلی خان، ئۆردووی قاجاری بە نەوعێ شڵەژاند و تێکی دا کە بۆ تەڕەفی ئەم لا، وەکوو موقەددەمەیەکی غەلەبە بوو . عادەتەن هەموو ئۆردووەکەی ئاغا محەمەد خان بڵاو بۆوە و موهاجمین گەیشتنە قەرارگای ئاغا محەمەد خان.

لەو وەقتەدا یەکێ لە ئومەرای لوتفعەلی خان بە شازادەی گوت کە ئاغا محەمەد خان لەگەڵ فیرارییەکان ڕایکردووە و تەئمیناتی دایە و گوتی من حەز ناکەم ئەو ماڵ و دەوڵەت و خەزێنەی شاهییە کە بەم ئەزییەتە دەس کەوتووە، لە تەڕف ئۆردووەکەتەوە بە تاڵان بچێ . سەد حەیف کە شازادە بڕوای پێ کرد و دەسبەجێ ئەمری بە لەشکرەکەی دا کە ڕاوەستن و نەچنە ناو قەرارگای شاوە. واقیعەن ئیتاعەتیان کرد و ڕوویان کردە لایەکی تر و کەوتنە تاڵانەوە.

ڕۆژی دوایی لە بەری بەیاندا و لە حاڵێکدا کە شازادەی غالب، پشتی دوشمنی کەوتبوو، لە پڕێکا و بە کەماڵی حیرەت و دەهشەتەوە دی کە لەو ئۆردووگای دوشمندا بانگی سبەینێ ئەدرێ و خەڵک بۆ نوێژ دەعوەت ئەکرێ. ئەوانەی کە لە ئۆردووگادا مابوونەوە، لەمە تێگەیشتن کە ئاغا محەمەد خان لە جێگەی خۆیەتی و قەرارگای خۆی بەجێ نەهێشتووە.

واقیعەن ئاغا محەمەد خان کە چاوی بە پەشۆکاویی ئۆردووەکەی کەوت و زانی کە ئیسلاحی قابیل نییە، لە قەرارگای خۆیدا لەگەڵ بەعزێ موحافیزانی ڕاوەستا و سەیری عەدەدی کەمی دوژمن و زۆریی جورئەت و ئینتیزامی کرد. لوتفعەلی خان لە خەوی زەفەر خەبەری بووەوە و ڕوانی کە بۆ ئەمەی ئەسیر نەکرێ، بە غەیری خۆ دەرکردن، عیلاجێکی تری نییە و واشی کرد.

ئەم تەجروبە جەسوورانەیەی کە بۆ سەندنەوەی حوکم و نفووزی کردی، نابێ بە حەرەکەتێکی مەئیووسانە تەلەقی بکرێ، کە ئیمکانی موەفەقیەتی نەبووبێ. لوتفعەلی خان بە تەجروبەی خۆی، زۆر باش تێگەیشتبوو کە لە ئۆردوویەکی وادا کە تەعەڕوزی تێکرد، ئەگەر یەک جار پەشۆکی و شڵەژانی تیا پەیا بێ، ئیتر خۆ کۆکردنەوەی مومکین نابێ و دیسان باش ئەیزانی کە زۆر ڕوئەسای عەشایر، هێشتا لە بەینی خۆی و ئاغا محەمەد خاندا موتەڕەدید بوون.

ئەم ڕوئەسایانە دایمە بە گوێرەی ئەحواڵ و زەمان حەرەکەتیان ئەکرد و ئەوان هەر یەکێکیان ئیختیار بکردایە، بەرەی ئەوانیش بێ تەڕەدود، تابعیان ئەبوون. لە لایەکی تریشەوە حەقی بوو کە ئومێدی بە نەتیجەی ئەم غەلەبەیە بێ‌ئەمسالە ببێ و بەم وەسیلەوە بە سەر دوشمنەکەیەوە کە هەموو ئەسبابی ئیزمیحلالی لە تەڕەف ئەوانەوە (ڕوئەسای عەشایر) حازر کرابوو، غەلەبە بکا. پلانی تەعەڕوزی شازادە بەڕاستی بێ قسوور بوو و بە کەماڵی ئیحتیات، حەرەکەتی کرد و لە پڕێکا دای بە سەر پێشداری ئاغا محەمەد خاندا و ئەو ئیستیفادەیەی کە لە زەرفی ئەووەڵی کرد، بەڕاستی نیشانەی قابلییەت و جورئەتی فەوقەلعادەی خۆی بوو. زەفەری قەتعی، بە سەبەبێکی واوە لە دەست چوو کە لە ئەغڵەبی نەتائیجی حەرب و سەڵتەنەتدا ئەو نەوعە ئەسبابە موئەسیر ئەبێ.

واقیعەن چۆن لوتفعەلی خان لایقی موزەفەرییەت بوو، ئاغا محەمەد خانیش لایقی ئەو تاجە بوو کە لە ئیعتیباری ئەو ڕۆژەوە بۆی ساغ بووەوە. ئەم حوکمدارە لە یەئس و پەرێشانیی لەشکرەکەی هیچ نەشڵەژا و ئەمەش نیشانەی مەتانەتی فەوقەلعادەی بوو. دەماغی دایمە لەگەڵ ئەم حادیسەیە مەشغووڵ بوو و ئەغڵەب لەم موتالەعەیەدا بوو. لە تاریخی دوایی ئێراندا تەنیا سێ شت ئەبێ زۆر باش تەڵقینی ئینسانی تالییە بکرێ: ئەووەڵەمینی، ئینزیبات و مەتانەتی ئەو حاجی ئیبراهیمە، کە لەگەڵ چەند ساحێب دووکان و ئەسنافێکدا شیرازی داگیر کرد و چەند مانگێک بەرامبەر بە هەموو عەشایری موحاریبی ئەو ناوە موحافەزەی کرد. دووەمینی، قەهرەمانیی فەوقەلعادەی لوتفعەلی خانە کە لەگەڵ چوارسەد یان پێنجسەد کەسێکدا لە هەڵکوتانە سەر ئۆردوویەکی سی هەزار کەسی پەروای نەکرد؛ سێیەمینیشی، مەتانەتی نەفسی خۆی بوو کە لە وەقتێکدا کە هەموو کەس فیراری کردبوو، ئەو قەرارگاکەی خۆی بەجێ نەهێشت و موحافەزەی سکوونەتی کرد و عادەتەن بە واسیتەی بانگدانەوە لە دۆست و دوژمنی گەیاند کە لە جێگەی خۆیەتی و ئەو پەشۆکی و شکانە تەئسیری نەکردۆتێ.

لوتفعەلی خان تا کرمان ڕانەوەستا و لەوێ دەسی کرد بە لەشکر کۆکردنەوە. ئاغا محەمەد خانیش بیلزات خۆی ڕووی کردە شیراز و لەشکرێکیشی ناردە سەر لوتفعەلی خان . ئەو چەند کەسەی کە لە دەوری لوتفعەلی خان کۆ ببوونەوە، کە ئەم خەبەرەیان بیست، بڵاو بوونەوە. لە سەر ئەمە، شازادە چوو بۆ خۆراسان (١٢٠٧ هـ)، چونکە ئەم وڵاتە لە وەفاتی نارد شاوە تا ئەو ڕۆژە، بە دەس بەعزێ ڕوئەسای سەربەخۆوە بوو. یەکێ لەم ڕەئیسانە میر حسێن خان بوو کە حاکمی مەنتیقە و شاری تەبەس بوو، شازادەی حیمایە کرد و دووسەد سوارێکی بۆ پێکەوە نا، شازادە لەگەڵ ئەم قووەتە و بەعزێ پیاوی سادقی خۆی، کە قەت لێی جوێ نەبووبوونەوە، ڕووی کردە یەزد.

والیی ئەم شارە لەشکرێکی نارد و ڕێگەی پێ گرت، بەڵام شازادە بەبێ تەڕەدود هەڵیکوتایە سەریان و تەفروتوونای کردن. لە دوای ئەمە کە بەم غەلەبەیە سامی لەشکرە بچووکەکەی شکاند، ڕووی کردە دێی ئەبەرکووهـ کە لە حودوودی فارس بوو. ئەو دێیە ئیتاعەتی کرد و لێرەوە خەبەری بۆ تەڕەفداران و دۆستانی نارد کە سەرلەنوێ هاتۆتە مەیدانەوە. واقیعەن هێشتا بە سووڕەتی خەفی، بەعزێ تەڕەفداری بوو و لە دوای ئەوە کە شۆرەتی غەلەبەی کەوتە ئەو ناوەوە، زۆر کەس بە ئاشکرا ئیعلانی تەڕەفدارییان کرد و بەم تەڕحە ئەوەندەی پێ نەچوو عەدەدی لەشکرەکەی گەیشتە ١٥٠٠ کەس و لەگەڵ ئەمانە دارابجێردی موحاسەرە کرد (١٢٠٨ هـ).

هەرچەندە ئەم شارە لەتیفە وەکوو جاران گەورە و قەڵەباڵخ نەبوو، بەڵام هێشتا ئەهمییەتی خۆی موحافەزە کردبوو و دە پانزدە هەزار نفووسێکی هەبوو. لە بەر ئەهمییەتی مەوقیعەکەی، لوتفعەلی خان زۆر هەوڵی بۆ زەوتکردنی دا، بەڵام لەو بەینەدا کە خەبەری پەیابوونی بڵاو بووەوە، لەشکرێکی قورس لە تەهرانەوە نێررایە سەری و لە لایەکی تریشەوە حاجی ئیبراهیم لەشکرێکی بەقووەتی پیادەی لەگەڵ برا بچووکەکەیدا بۆ تەقوییەی مودافیعینی دارابجێرد نارد.

نزیککەوتنەوەی ئەم لەشکرە، شازادەی مەجبووری دوورکەوتنەوە کرد و سەعی کرد کە لە دێ سەختەکەی «ڕوونیز» خۆی بگرێتەوە، بەڵام لە دوای چەند ڕۆژێ دەعوا، مەجبوور بوو کە بە تەعەڕوزێکی غەریب، تەجروبەی تالع بکا، بەڵام لە نەتیجەدا زۆریی دوژمن غەلەبەی لێ سەند و مەجبوور بوو کە تیکرار بچێتەوە لای حاکمی تەبەس. ئەم حاکمە دیسانەوە بە ڕووخۆشی قەبووڵی کرد، بەڵام لە دواییدا لە ترسی مەوقیعی خۆی، تەوسییەی کرد کە بچێتە قەندەهار و تەڵەبی موعاوەنەت لە تەیموور شاهی حوکمداری ئەفغان بکا، هەر ئەو ئەیتوانی کە بیخاتەوە سەر تەختی ئەجدادی. لوتفعەلی خان گوێی لە نەسیحەت گرت و ڕووی کردە سەرای مەلیکی ئەفغان، بەڵام هێشتا چەند قۆناغێک نەڕۆیشتبوو کە خەبەری وەفاتی تەیموور شاهی بیست و لەم وەزعییەتەدا قەراری دا کە لە ئێراندا بمێنێتەوە.

لە وەقتێکدا کە لوتفعەلی خان دەرحەق بە حەرەکەتی خۆی موتەڕەدید بوو، کاغەزی لە دوو ڕەئیسی نەرماشیر (مەنتیقەی شەرقی کرمان) کە مەحموود خان و جەهانگیر خان بوون، وەرگرت، تەوسییەیان ئەکرد کە مەملەکەتی خۆی بەجێ نەهێڵێت، تەئمینیان کرد کە ئەگەر بگەڕێتەوە، هەر موعاوەنەتێک و خدمەتێک لازم بێ، ئەیکەن. موئەلیفێکی ئێرانی بەڕاستی حەقی بووە کە گوتوویەتی: شوعلەیەکی زۆر کەم لە دڵی موحاریبدا ئاگرێکی ئومێد پەیا ئەکا. شازادە لە سەر ئەم وەعدە، دەسبەجێ هەڵسا و ڕووی کردە نەرماشیر و لەوێ کە ڕوانی چەند عەسکەرێک لە ژێر بەیاخێکدا کۆ بوونەوە، کەوتە ئومێدەوە و قەراری دا کە کرمان بگرێ و بە حەرەکەتێکی سەریع نزیک ئەو شارە بووەوە. مامە زۆر ئازاکەی، کە ناوی عەبدوڵڵا خان بوو، لە هەموو حادیساتی دەوری لوتفعەلی خاندا حەقیقەتەن شۆرەتی سەندبوو. لەگەڵ نیوەی قووەتەکەیدا پێشی خست، تا تەعەڕوزێکی بە درۆ بکاتە سەر شارەکە. متباقی قووەتی بۆ ئیحتیات گل دایەوە و لە دواییدا کە چاوی پێکەوت دوشمن هەموو قووەت و دیققەتی حەسر کردۆتە سەر عەبدوڵڵا خان، لەگەڵ قووەتەکەی خۆیدا هەڵیکوتایە سەر لایەکی تری قەڵاکە و بەم تەڕحە قوماندانی شارەکەی هەڵخەڵەتاند و لە پێش ئەوەدا کە پێ بزانێ، بە دیواری قەڵاکەدا هەڵگەڕان.

هەرچەندە موحافیزینی شارەکە لەم حەرەکەتە شڵەژان، بەڵام دیسان زۆر موقاوەمەتیان کرد و لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەندەی پێ نەچوو هەموو مەوزیعەکانیان لە دەس سەندن و مەجبووریان کردن کە خۆیان بهاونە ناو قەڵای داخڵییەوە (ئیچ قەڵا) و لێرەش خۆیان نەگرتەوە و زوو بەجێیان هێشت. قوماندانەکانی قەڵای کرمان هەرچۆنێ بوو دەرچوون، بەڵام زۆری قووەتەکەیان کوژرا و هەموو بارگرانی و ماڵیان کەوتە دەس شازادەی غالب.

لوتفعەلی خان لە دوای ئەم غەلەبەیە وەزعییەتی حوکمداری گرت و بۆ یادگاریی ئەم ئاخر زەفەرەی، بە ناوی خۆیەوە سککەی لێدا. موئەریخینی ئەم دەورە گوتوویانە: تالیعی ئەم شازادەیە لە برووسکەیەکی وا زۆر بەشەوق ئەچوو کە زیادیی نووری لە وەقتی کوژانەوەیدا دەرئەکەوت.

ئاغا محەمەد خان کە خەبەری زەوتی کرمانی بیست (١٢١٠ هـ)، بە هەموو قووەتی خۆیەوە ڕووی کردە ئەو تەڕەفە. لوتفعەلی خان لە زۆریی لەشکری خەسمی، پەروای نەبوو. چونکە ئەووەڵەن لەشکرەکەی خۆی بە واسیتەی چەند غەلەبەیەکەوە مەهارەت و جەسارەتی پەیا کردبوو. دووەمیش بە غیرەتی قەهرەمانانەی خۆی پشت‌ئەستوور بوو؛ بەڵام لە دوای مانگێک موحاسەرە، موزایەقەیەکی زۆر تووش بوون و بەعزێ قەتەعاتی مودافەعە ئیزهاری نامەمنوونییان کرد. بەعزێ لە عەسکەری پیادە کە مەئمووری مودافەعەی چەند بورجێ بوون، لە پڕێکا ئەو بورجانەیان بۆ دوشمن بەجێ هێشت و لە پێش خەبەرداربوونی لوتفعەلی خان لەم خیانەتە، دوو سێ هەزار کەسێک لە ئۆردووی ئاغا محەمەد خان داخڵی ئەو بورجانە بوون.

لوتفعەلی خان کە ئەمەی بیست، دەستبەجێ هەڵیکوتایە سەر ئەو بورجانە و لە دوای جیدالێکی مودهیش، دوژمنی فڕێدایە دەرەوە و ئەمەش ئاخر موەفەقیەتی بوو. یەکێ لە ئومەرای، کە زۆر لێی ئەمین بوو، خیانەتی لەگەڵ کرد. ئەم خائینە قوماندانی مودافەعەی قەڵای ناوەوە (ئیچ قەڵا) بوو و لە لایەکی تریشەوە ئیشتراکی مودافەعەی خارجی ئەکرد. ئەم زابتە خائینە، قاپیی ئەو تەڕەفەی بۆ دوژمن کردەوە و ئاغا محەمەد خان بە دە دوازدە هەزار کەسەوە هاتە ناو شار و باقی قووەتەکەشی بۆ یارمەتی حازر کرد. لوتفعەلی خان کە لەم دووەم خیانەتە خەبەردار بوو، بە جەسارەتێکی خاریقول عادەوە هەڵیکوتایە سەریان، بەڵام فائیدەی نەبوو و کار لە کار ترازابوو. چونکە دوژمن لە غایەت بەدەر زۆر بوو؛ نیهایەت کە چاوی پێکەوت کە عەسکەرە هەرە ئازا و بەکارەکانی کوژراون، بە ناعیلاجی گەڕایەوە دواوە.

مەقسەدی یەکانەی ئاغا محەمەد خان مەنعی دەرچوونی شازادە بوو. دەوری شاری کرمانی دا و لە بەر هەر دەرگایەکی قەڵادا، مەفرەزەیەکی زۆر بەقووەتی دانا. لوتفعەلی خان لەگەڵ ئەمەشدا کە لە هەموو لایەکەوە موحاسەرە کرابوو، سێ ساعەت لە ناو شاردا خۆی ڕاگرت و کە شەو هات، بە سیڕڕی لە ئیلتیجاگای هاتە دەرەوە و بە واسیتەی پردێکی تەختەی زەعیفەوە کە لە دوای ئیستیعمالی لە تەڕەف دوژمنەوە فڕێدرابوو، دەرچوو. بەڵام ئەبوایە لە دوای ئەمە، خەتی دوژمنیش بدڕێ، شازادە بە جورئەتێکی خاریقول عادەی مەئیووسانەوە تەعەڕوزی کردە ئەم خەتی دوژمنەوە و لەگەڵ سێ کەسدا ئەم خەتەی دڕی و دەرچوو و بە سڵامەتی خۆی گەیاندە مەنتیقەی نەرماشیر.

ئاغا محەمەد خان لە دوای گرتنی کرمان خەڵکی شارەکەی هەموو کوشت، بە غەیری ژن و منداڵ، کەسی تیا نەهێشت و ئەم زەعیفانەشی تەسلیمی عەسکەرە وەحشییەکانی کرد و سێ ڕۆژ لەگەڵ تاڵان و قەتڵ خەریک بوو. مەقسەدیشی لەم موعامەلەیە ئەوە بوو کە هیچ شارێکی تر جەسارەت نەکا یارییەی لوتفعەلی خان بدات.

لوتفعەلی خان لە ئەووەڵدا لە تەڕەف والیی نەرماشیرەوە باش قەبووڵ کرا، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو ڕۆژێک لە تەڕەف براکەیەوە کە لە وەقتی خۆیدا لەگەڵ لوتفعەلی خان بۆ کرمان چووبوو، بانگ کرا و تێی گەیێنرا کە ئەم حیمایەیەی، بۆ ئیستیقبالی خراپ ئەبێ و تووشی غەزەبی ئاغا محەمەد خان ئەبێ. مەحەبەتی براکەی و خۆفی دوایی، غەلەبەی لێ کرد و عەهد و پەیمانەکەی لە فیکر بردەوە و قەراری دا کە شازادە بگرێ و بۆ تەئمینی حەیات و ئیستیقبالی خۆی، تەسلیمی ئاغا محەمەد خانی بکا. ڕەفیقەکانی لوتفعەلی خان لە پێش وقووعیدا لەم خیانەتە گەیشتن و خەبەریان دا بە شازادە تا خۆی نەجات بدا، بەڵام گوێی لە نەسیحەتیان نەگرت و بڕوای پێ نەکردن و حەتتا بە ونبوونی ڕەفیقەکانیشی، کە لە هەموو ساعاتی فەلاکەتدا لێی جوێ نەبووبوونەوە، دیسانەوە لە خەوی غەفڵەت خەبەری نەبووەوە، بەڵام زۆری پێ نەچوو بەعزێ ئینسانی پڕ چەک و سیلاحی لە دەوری خۆیدا دی و زانی کە ڕەفیقەکانی ڕاستیان گوتووە، دەستبەجێ دەسی دایە شیرەکەی و هوجوومی کردە سەر ئەو کابرایانە کە ئەیانویست بیگرن. لە دوای موجادەلەیەکی زۆر مودهیش، شازادە خۆی گەیاندە ئەسپەکەی خۆی و سوار بوو. لەو بەینەدا یەکێ لە موهاجیمەکان بە شیر قاچێکی ئەسپەکەی پەڕاند و شازادە لەگەڵ ئەسپەکەی کەوت و هەڵسایەوە و سەرلەنوێ جیدالێکی مودهیش دەسی پێکرد و لە نەتیجەدا شازادە لە سەر و قۆڵی، دوو برینی زۆر قورسی خوارد و کەوت و بەو حاڵەوە بردیان بۆ لای ئاغا محەمەد خان. ئەووەڵەن بە دەسی خۆی چاوی هەڵکۆڵی و لە پاشدا ناردی بۆ تەهران و لەوێ لە دوای حەقارەتێکی زۆر وەحشییانە ، ئەمری دا بە لەناوبردنی ئەو شازادەیە، کە لەو حاڵی ئەسیری و لێکەوتووییەشدا بوو، دیسانەوە دوشمنە زۆر دوورئەندێش و بەقووەتەکەی خۆی ئەلەرزاند (١٧٩٤ م).

لوتفعەلی خان لە پێش تەواوکردنی ٢٥ ساڵی و لە دوای حەیاتێکی خاریقول عادە لە ناو چوو. سێر جۆن مالقۆلم ئەڵێ: «لە ئەتواری ئەم شازادەیە و لە حادیساتی حەیاتیدا بەعزێکی شایانی مەرحەمەت و بەعزێکیشی لایقی تەبجیلە و ئەگەر تەماشایەکی ئەعمال و حەرەکاتی بکرێ، بە غەیری مەزییاتی عەسکەرییە، شتێکی تری تیا نابینرێ. شازادە لە ناو سەڵتەنەتێکی واسیعەدا و لە دەورێکی وادا کە ئیتاعەتی حوکمدار عادەتێکی عوموومی بوو، هاتبووە دنیاوە و مومکینە کە ئەوساف و مەزایای ئەم شازادەیە موشابیهی ئەوساف و سەجییەی جەنگیز وەیا تەیمووری لەنگ بێ؛ بەڵام بە گوێرەی ئەحواڵ و شەرائیتی ئەو وەقتەی کە ئەو هاتە سەر تەخت، بەغەیری فەزائیلی شەخسییەی و قابیلییەتی ڕیاسەتی، هەموو ئەوسافێکی تری لە عەلەیهی بوو. مەعلووماتی بوو، بەڵام مودەبیر و دوورئەندێش نەبوو. موحاکەمە و دیرایەتی، بە سەبەبی ئیحتیراساتیەوە بێ‌تەئسیر بوو. لە غایەت بەدەر مەغروور بوو. حەتتا لە دەوری نوشوستیشدا تەنەزولی نەئەکرد لەگەڵ ئەوانەی کە قابیلییەتی سووق و ئیدارەیان بوو، ڕێک بکەوێ وەیا یەکدگیر بێ. توندەتەبیات و نەبەز بوو، هیچ وەقتێ بە غەیری فیکرێکی تەدهیش، سەعی بۆ فتووحات نەئەکرد و ڕووی بکردایە هەر لایەک، زەفەر بە پیریەوە ئەهات. قووەت و قودرەتی خۆی بە شیددەتێکی وا ئیستیعمال ئەکرد کە ئەو شیددەتە ئینجا حاکمێکی جێگیربووی بەقووەت ئەیتوانی بیکا. بەڵام بۆخۆی تەئسیرێکی وای نەئەبوو، بەڵکوو بەعزێ دوشمنی بۆ پەیا ئەکرد؛ کە هەر وەکوو خۆی دایمە بەرامبەر بە مەجرای حادیسات لە موجادەلەدا بوون، لەگەڵ ئەمەشدا قسووری کە زۆر بوو، لە بەر بەعزێ فەزائیلی عالییەی و بە سەبەبی سەرەنجامی فەجیعی، ئەم ئاخر شازادەی خانەدانی کەریم خانە، لە تەڕەف موئەریخینی موعاسریەوە، ئیهمال کراوە.»

حوکمدارانی خانەدانی زەند نزیک نیو عەسرێک بە سەر بەشی زۆری ئێراندا حوکمیان کرد، بەڵام لە دوای وەفاتی موئەسیسی ئەم خانەدانە، حوکم و نفووزیان قەت بە تەواوی دانەمەزرا و ئەمەش ئەووەڵەن لە بەر ئیختیلافاتی ناو خۆیان و دووەمیش بە سەبەبی زەکا و دیرایەتی ئاغا محەمەد خانی دوژمنیانەوە بوو. ئەم حوکمدارە لەو وەقتەی کە لە شیرازەوە ڕایکردبوو، دایمە سەعی بۆ لەناوبردنیان ئەکرد و نیهایەت موەفەقیش بوو. غەلەبەی، لە قووەتی سیلاحی زیاتر، بە سایەی سەبات و مەتانەتیەوە بوو. ئاغا محەمەد خان لەناوبردنی ئەو کەسانەی کە وا مومکین بوو سەر بەرز کەنەوە، بە وەزیفەی خۆی زانی. لەم تەبەقەیەوە باخسووس لەوانەی کە موحتەمەل بوو چاو ببڕنە تەختەکەی ، هەمووی لە ناو بردن؛ یا کوشتنی یا چاوی دەرهێنان. نەک هەر عەشیرەتی زەند، بەڵکوو هەموو عەشیرەتێک کە فێعلەن موعاوەنەتی خانەدانی زەندی کردبوو، لە فارس تەهجیر کرا و بۆ وڵاتانی دوور نێرران و لە جێگەی ئەوان، عەشایری ئەسڵییەی فارس ئیسکان کرا.

بەشی زۆری ئەم مەزالیم و قەتڵ و عامە، لە تەڕەف حاجی ئیبراهیمی خائینەوە کرا. موحەڕیڕی کتێبی «مآثر السلطانیة» یەعنی تاریخی قاجار ئەڵێ: حاجی ئیبراهیم ئەم خیانەتەی بە ئومێدی ئیستقلال کرد بەڵام لە ترسی ئاغا محەمەد خان نەیوێرا ئاشکرای بکا و بە زاهیری، بە ئیخلاس قەڵای شیرازی تەسلیم کرد و ئاغا محەمەد خان کردی بە والیی فارس. بەڵام شکی لە خیانەت و دەنائەتی نەبوو، لەگەڵ ئەمەشدا بۆ دەفعی تەعنەی خەڵک، ویستی لە فرسەتێکدا لە عۆدەی بێ. حاجی ئیبراهیم دەرحەق بە بەقایای زەند، زۆر مەزالیمی کرد و جگەری لاوانی زەندی بە سووژن دڕی و خزم و ئەقرەباشی لە مەزالیم و دەنائەتدا موسابەقەیان ئەکرد. نیهایەت عادڵی موتڵەق، حەقی لێ سەند و لە دوای وەفاتی ئاغا محەمەد خان، بە موددەتێکی کەم و بە ئەمری فەتحعەلی شا چاویان هەڵکۆڵی و چاوی کوڕانی و ژنانی و کچانیشی هەڵکۆڵرا و ئەمر درا کە برا و ئەقرەباشی لە ناو برێ. خۆشی لەگەڵ ماڵ و منداڵی کوێریدا لە قەزوین دانرا تا لە ناو چوو؛ عیبرەت!

لە دەوری حکوومەتی فەتحعەلی شاهدا محەمەد خانی کوڕی زەکی خان، دەعوای سەڵتەنەتی کرد و حەتتا ئەسفەهانیشی گرت، بەڵام بۆی موحافەزە نەکرا و ڕایکردە لای حکوومەتی عوسمانی. بێجگە لەمە تەشەبوسێکی تر واقیع نەبووە و خانەدانی کەریم خان لە تەڕەف قاجارەوە بە تەواوی لە ناو برابوو.

سکاڵایەک دەرحەق بەم حکوومەتە

ئەڵێن تاریخ عیبارەتە لە تەکەڕوڕی حادیسات. ئەم قسەیە زۆر ڕاستە، زۆر حکوومەت بە مەبدەئێکی پڕ نوور و موساعیدەوە تەشەکولی کردووە و لە ئەحواڵ و زورووفێکی ناموساعیددا لە ناو چووە. تەماشای حکوومەتی تەیموور جەلایری، قەرە و ئاق قۆیۆنلوو، سەفەوی، ئەفغان و نادری بکە. هەموویان بە فەرقێکی کەم و زۆر دەشوبهێنە یەک. مەبدەئیان پڕە لە شان و شەرەف و مونتەهایان عیبارەتە لە بەدتالعی و نەکبەت. هیچ شوبهە نییە کە موئەسیسانی، عەلاوە بە مەزایای شەخسییەی خۆیان، موساعەدەیەکی زۆریان لە بەخت و تالع دیوە، بە دەرەجەیەکی [وا] کە ئەحفادیان لەو مەزییاتە بڵندە و لەو موساعەدەی تالعە، دە یەکێکیان بە نەسیب نەبووە. حکوومەتی زەندیش عەینی وەکوو ئەم ئەمسالانەی، مەحکوومی عەینی قاعیدە بوو. کەریم خان بە ئەوساف و جەلادەتی خۆی و موساعەدەی تالع لە هیچەوە حکوومەتێکی گەورەی دامەزراند. بەڵام لە ناو ئەحفادیدا تەنها عەلی موراد خان و لوتفعەلی خان قابیلیەتی حوکمدارییان بوو. ئەجەل مۆڵەتی ئەووەڵیانی نەدا و لە عومرێکی وەسەت بەرەو خواردا بە عیللەتی ئیستیسقا لە ناوی برد، وەئیللا قابیلیەتی ئەوەی بوو کە ئێران بە تەواوی لە ڕەقیب پاک بکاتەوە و پایەداریی حکوومەتەکەی بۆ موددەتێکی بەتوول، تەئمین بکا.

بێینەوە سەر لوتفعەلی خان, ئەم حوکمدارە، کە هەر وەکوو جەنراڵ مالقۆلم ئەڵێ واریس و ئەوسافی جەنگیز و تەیموور بوو و جورئەت و جەلادەتی لە تەڕەف دوژمنی خوێنینی وەک ئاغا محەمەد خانیشەوە تەسدیق کرابوو، حەیف کە تووشی وەزیرێکی سپڵە و خائین بوو. حاجی ئیبراهیم بۆ تەبرەئەی خۆی لە لای سێر جۆن مالقۆلم زۆر هەوڵی داوە، بەڵام خیانەت و دەنائەتی، قابیلی شەرح و تەئویل نییە.

کەریم خان، باوکی هێنایە پێشەوە و لوتفێکی زۆریشی دەرحەق خۆی کرد. جەعفەر خان ڕوتبەیەکی زۆر گەورەی دایە، وڵاتی فارسی تەسلیم کرد و بەم تەڕحە لە هیچەوە بوو بە یەکەپیاوی حکوومەتی زەند. بەڵام ئەم بێچووە گورگە نیهایەت دەرحەق وەلی‌نێعمەتی، مایەی ئەسڵییەی خۆی نواند و هەر وەکوو سەعدی مەڕحووم ئەڵێ «عاقبت گرگ‌زادە گرگ شود»، ساحێبەکەی خۆی فەوتاند و موحەڕیڕی تاریخی قاجار، عەبدولڕەزاق ئیبنی نەجەف قولی، بە قەڵەمێکی بێ‌تەڕەف و حەقنویس ئەڵێ: «حاجی ئیبراهیم خان در ازاء حقوق چندین سالە بداعیۀ خودسری و بە هوس برتری، سلسلۀ فساد را بە دست فکرت تحریک ... یکی بچۀ گرگ می‌پرورید چو پروردە شد خواجە بر هم درید.»

ئەگەر لوتفعەلی خان لە سەبووری و دوورئەندێشیی کەریم خانی جەددی، نەسیبێکی تەواوی ببوایە و ئەگەر موحیتی شیرازی بە تەدبیر بکردایە بە هەواخاهی خۆی، ئەیتوانی جەزای خەیانەتی حاجی ئیبراهیم لە پێش وقووعیدا بدا و خۆی ڕزگار کا، بەڵام حەیف ئەو سەرەنجامە تاریکە بۆ ئەم ئەشپارەی جەلادەتە موقەددەر بوو و ئەبوایە وا بوایە.

وەحشییەت و دەنائەتی ئاغا محەمەد خان دەرحەق بە لوتفعەلی خان مەوجبی نەفرەتی تاریخ و لەعنەتی ئەحفادە؛ ئەو ڕەئیسە جەببارە، ئاواتەخواز بوو کە لە سولالەی خۆی قەهرەمانێکی وەکوو لوتفعەلی خان پەیدا بێ، یەعنی وای ئەنواند موقەریبی جورئەت و شەهامەتی بوو، بەڵام لە وەقتێکدا کە دەستی بەسترا و بە برینداری هێنایە لای، وەکوو کونگەپەپوو هەڵمەتی دایە و بە نینۆکە پیسەکانی خۆی ئەو چاوە جوانانەی هەڵکۆڵی و بەمەش ڕازی نەبوو، موعامەلەیەکی وەحشییانەی وای دەرحەق کرد کە هەر وەکوو سێر جۆن مالقۆلم ئەڵێ: تاریخ لە زیکری، حەیا ئەکا.