حکوومەتی زەند

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 5 خولەک  1320 بینین

تاریخی ئێران لە ئیعتیباری کوژرانی نادر شاوە تا دەوری دامەزرانی حکوومەتی قاجار، کە تەقریبەن نیو عەسرێکە، بێجگە لە زەمانی کەریم خانی زەندی، زۆر موشەووەشە.

لە پێش پەیابوونی کەریم خان، وەزعییەتی داخڵیی ئێران لەم حاڵەدا بوو: لە وەقتێکدا ڕەئیس عەشیرەتی قاجار، محەمەد حەسەن خان، خۆی لە ئەستەرئاباددا دامەزراندبوو و وڵاتی مازەندەرانیشی هێنابووە ژێر حوکمی خۆی، فەتحعەلی خانی باوکی، لە تەڕەف نادر شاهەوە کوژرابوو. عەشیرەتی قاجار، بەم سەبەبەوە لەگەڵ نەتەوەی نادر شاهدا لە دوژمنایەتییدا بوو. ئەحمەد خان لە ترسی ئەمەی کە محەمەد حەسەن خان ئیش و کاری لێ تێک نەدا، لەشکرێکی ئەفغانی ناردە سەر مازەندەران، بەڵام ئەم لەشکرە شکا و زایعاتێکی زۆری دا و ئەمەش بووە سەبەبی زیادبوونی نفووز و قودرەتی ڕەئیسی قاجار.

وڵاتی ئازەربایجان لەم دەورەدا لە ژێر ئیدارەی ئەسەد خانی ئەفغانیدا بوو. گەیلان لە ئیدارەی یەکێ لە ڕوئەسای وڵاتەکەدا، هیدایەت خان، ئیستقلالی خۆی ئیعلان کردبوو؛ گورجستانیش کە لە ژێر ئیدارەی هەراقلیۆس ناو جەنراڵێکی گاوری نادر شاهدا بوو، وا دەرئەکەوت کە لە سەودای سەربەخۆییدا بوو.

لەم بەینەدا کە ئەحواڵی شیمالی ئێران وا تێک چووبوو، عەلی مەردان خانیش کە یەکێک لە ڕوئەسای عەشیرەتی بەختیاری بوو، چووبووە سەر ئەسفەهان و ئەم شارەی لە ئەبولفەتح خانی والیی شاهڕوخ زەوت کردبوو و بۆ خاتری جەلبکردنی ئەفکاری خەڵکی ئەم پایتەختە یەکێ لە ئەولادانی سەفەوی لە سەر تەخت دانابوو. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بەبێ موعاوەنەت نەیئەتوانی ئەم ئیشە بەرێتە سەر و مەجبوور بوو چەند ئومەرایەکی دەعوەت کرد و یەکێک لەمانە کەریم خانی زەند بوو؛ ئەم زاتە لە خانەدانێکی گەورە نەبوو و لە ئۆردووی نادر شاهدا قوماندان نەبوو، بەڵام بە حوسنی ئەخلاق و شەجاعەتی شۆرەتی سەندبوو.

موئەریخین ئەڵێن کەریم خان لە ئەووەڵا لەگەڵ عەلی مەردان خاندا و باخسووس لە دانانی شازادەیەکی سەفەوی لە سەر تەختدا لەگەڵی موتتەفیق بوو و قەراریان وا بوو یەکێکیان لای ئەم شازادەیە وەزیر بێ و یەکێکیشیان سەرداری سوپا بێ. بەعزێ مەنابیعی تر ئەڵێن کەریم خان نەیویست لەگەڵ عەلی مەردان خاندا خۆی مساوی بگرێ، بەڵکوو تەنیا لە دوای مردنی، چاوی لە جێگەکەی بوو، چونکە ئەم ڕەئیسی بەختیارییە زۆر پیر و وەجاخکوێر بوو.

لە دوای گرتنی ئەسفەهان، عەلی مەردان خان دەرحەق بە ئەهالی، گەلێ زوڵم و شیددەتی نواندن، بەڵام کەریم خان گەڕەکی جوڵفای کە لە تەڕەف خۆیەوە ئیشغاڵ کرابوو، مودافەعە کرد و نەیهێشت توخنی ڕۆح و ماڵیان بکەون. ئەم حەرەکەتەی زۆر عالی‌جەنابانە بوو، چونکە بەشی زۆری ئەم گەڕەکە گاور بوو. بەڵام کەریم خان نەک بە تەعەسوبی دینی، بەڵکوو بە گوێرەی ئەخلاقی بڵندی خۆی، موعامەلەی کرد و بە ئینسانییەت و مەرحەمەتی شۆرەتی سەند.

شۆرەتی کەریم خان و جەلبی موحیببەتی ئەهالی، بووە سەبەبی حەسادەتی عەلی مەردان خان و ئەوەندەی پێ نەچوو کە بە تەواوی بەینیان خراپ بوو. عەلی مەردان خان فکری وا بوو کە کەریم خان دوور کەوتەوە، خەڵکی گەڕەکی جوڵفا، تەزییق بکا. ئەم سووئی فیکرە، لای خەڵک مەعلووم بوو و لە لایەکی تریشەوە والیی ئەسفەهانی کوشت و مەعلووم بوو کە دووەم جینایەتی، کوشتنی کەریم خان بوو؛ خولاسە، ئەندێشە و وەهمی عەلی مەردان خان، نیهایەت بووە سەبەبی شەڕ لە بەینی دوو ڕەفیقدا.

کەریم خان بە خۆی و تەڕەفدارانییەوە بەرامبەر بە عەلی مەردان وێستا و ئیعلانی حەربی لەگەڵ کرد و لە دوای چەند شەڕێک عەلی مەردان خان بە دەست محەمەد خان ناو ڕەئیسێک کوژرا (١١٦٠ هـ/ ١٧٥٣ م) و بەم تەرحە ئێرانی جەنووبی، بێ ڕەقیب بۆ کەریم مایەوە، بەڵام لە پێش ئەمەدا کە بتوانێ لەم وڵاتانەدا بە ڕاحەتی ئیجرای سەڵتەنەت بکا، لازم بوو لەگەڵ چەند دوشمنێکی بەقووەت خەریک بێ.

بەشی زۆری لەشکری کەریم خان عەشیرەتی لەک بوو کە زەند قۆڵێکی بوو. چ بە قووەت و چ بە جورئەت و جەسارەتیان، ئیستیعدادی حوکمیان بە سەر ئێراندا هەبوو. خەڵکی شارانی ئێرانیش هەموو تەڕەفداری کەریم خان بوون. چونکە لە ئەخلاقی پاکی و عەداڵەتی، ئەمین بوون. عەشایری عەرەبیش دیسان بە دڵ بەرەی کەریم خان بوون. عەشایری تورک کە لەگەڵ خەسمی کەریم خاندا بوون، ئەوانیش بە چاوێکی حورمەتەوە تەماشای کەریم خانیان ئەکرد.