تەماسی سوڵتان لەگەڵ لەشکری ئینگلیز

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 12 خولەک  515 بینین

لە ٢٢ی جەمادی ئاخری ٥٨٦ هـ.دا لەشکری زۆری ئەهلی سەلیب لە قوماندانی قۆنت هانریدا کە خوشکەزای قەڕاڵی ئینگلیز بوو، گەیشتە بەردەمی عەککا و هاتە دەرەوە و ئۆردووگای دامەزراند و خۆی بۆ تەعەڕوزێک حازر کرد. سوڵتان کە ئەم خەبەرەی بیست، مەوقیعی خۆی بۆ موحارەبە بە موساعید نەدی، گەڕایەوە ئەلخرووبە. وەلحاڵ بەم تەرحە دوورکەوتنەوەی سوڵتان، عەزم و شیددەتی فەرەنگی لە موحاسەرەدا زیاتر کرد و سەرلەنوێ تەنگیان بە مەحسوورین هەڵچنی.

میری قەڵا، ئەمیر حیسامەددین، لە لایەکەوە و قوماندانی تەحکیمات، بەهائەددین قەرەقووش، لە لایەکی ترەوە مودافیعینیان تەشجیع ئەکرد و مەردانە بەرامبەر هەموو هجوومی فەرەنگ وێستان. موئەریخ میشو، زۆر مەدح و سەنای فەعالییەت و مەتانەتی ئەم دوو قوماندانە ئەکا. زۆر جار سیارقلەی هجوومی دوژمنیان سووتاند و گەلێ جار لە قەڵا دەرئەپەڕین و فەرەنگەکانیان مەجبووری جێگە گۆڕین و گەڕانە پاشەوە ئەکرد.

قۆنت هانری، بەرامبەر بەم مودافەعەی مەردانەیە مەئیووس بوو و هەموو قووەت و تەدبیری حەسر کردە سەر دەورەدان و تەزییقی قەڵاکە. لەو بەینەدا خواردەمەنی لە هەر دوو لادا زۆر کەم بووبوو، بەڵام سوڵتان لە بەیرووتەوە میقدارێکی موناسیب زەخیرەی گەیاندە عەککا و تەسلیمی مودافیعینی کرد.

ئەهلی سەلیب کە زانییان موحاسەرەی بەڕڕی، ئەوەندە تەئسیر ناکاتە مودافیعین، هاواریان نارد بۆ پاپا و سەرلەنوێ لە ئەورووپا پڕوپاغاندا دەسی پێکرد و قووەتێکی زۆری سەلیب پەی‌دەرپەی گەیشتە بەردەمی عەککا.

قۆنت هانری وەزعییەتی حەربییەی بۆ ئەهلی سەلیب بە موساعید زانی و تەعەڕوزی کردە لەشکری ئیسلام. تەسادوف سوڵتان سەلاحەددین ناساغ بوو و لە ژێر خێوەتێکدا دانیشت و سەیری مەیدانی موحارەبەی کرد. شەڕ گەلێ توولی کێشا، بەڵام لە نەتیجەدا فەرەنگ زائیعاتێکی زۆری دا و بە پەشۆکی گەڕایەوە جێگەی خۆی. موئەلیفی «مصور تاریخ اسلام»، سەیید ئەمیر عەلی ئەڵێ ئەگەر سوڵتان خۆی شەڕی ئیدارە بکردایە، موحەققەق لەشکری ئیسلام زەفەرێکی قەتعی و گەورەی دەس ئەکەوت.

لەو بەینەدا بە سەبەبی فەرتەنە، دوننمای فەرەنگ لە عەکا دوور کەوتبووەوە و لەشکری ئیسلام لەم زەفەرە ئیستیفادەیان کرد و مودافیعینی عەککایان گۆڕی. بەڵام خیلافی ئارەزووی سوڵتان، لەشکرێکی کەمتریان تیا دانا و لە لایەکی تریشەوە سیلاح و جبەخانەیەکی تەواویان نەدانێ. ئەمیر سەیفەددین عەلی ئەلـمەشتووب کرا بە قوماندانی عەککا.

بەعزێ لە موئەریخین ئەڵێن سەبەبی لەدەسچوونی عەککا، کەمیی مودافیعین و شەڕکردنی نابەدڵیان و هاتنی ئیمدادێکی زۆر بۆ ئەهلی سەلیب بوو.

قەڕاڵی فەرەنگ، فیلیب ئۆگۆست، لە ١٢ی ڕەبیع‌ئەلئەوەلی ٥٨٧ هـ.دا بە لەشکرێکی زۆرەوە گەیشتە بەردەمی عەککا، بەمە لەگەڵ ئەهلی سەلیب یەکدگیر بوو. ئەم قووەتە تازەیە فائیقیەتی عەدەدییەکی فەوقەلعادەی دا بە ئەهلی سەلیب و سوڵتان لە سەر ئەمە، داوای کۆمەکی لە ئومەرای ئیسلامی تابیعی خۆی کرد. زۆری پێ نەچوو قەڕاڵی ئینگلیز، ڕیشاری شێردڵیش کە بە جورئەت و ئازایی لە ئەورووپادا بەشۆرەت بوو، گەیشتە عەککا.

موحاسەرەی عەکا لە تەڕەف بەحر و بەڕەوە بە شیددەت دەوامی کرد. مودافیعین موددەتێک بەڕاستی سەربازانە مودافەعەیان کرد. سوڵتان سەلاحەددین هێشتا ئیمدادی بۆ نەهاتبوو و قووەتەکەش بۆ تەعەڕوز موساعید نەبوو. مودافیعین زۆری پێ نەچوو تووشی برسیەتی و تاعوون بوون و لە ژێر باری ئەم موسیبەتەدا زۆر بێ‌هێز کەوتن. بە ئەمری سوڵتان گەمییەک لە بەیرووتەوە پڕ لە زەخیرە و ئیمداد، نێررا بۆ عەککا. بەڵام لە ڕێگادا تووشی تەعەڕوزی قەڕاڵی ئینگلیز بوو و قوماندان گەمیەکەی بە ناعیلاجی غەرق کرد و ئەمە بۆ مودافیعینی عەککا زەربەیەکی بەشیددەت بوو.

ئەهلی سەلیب لە تەڕەف بەحر و بەڕەوە، بە شیددەت قەڵاکەیان تەزییق کرد. مودافیعین لە لایەکەوە بەرامبەر بە تەزییقات و بۆمباردمانی دوژمن و لە لایەکی تریشەوە بەرامبەر بە برسێتی و ئەنواعی نەخۆشی، لە موجادەلەدا بوون و قودرەتی موقاوەمەتیان بە تەواوی شکابوو. قەڵای عەککا دوو ساڵ بوو کە موقابیل بە فەرتەنەی سەلیب بە هیممەمتی موجاهیدانەوە خۆی ڕاگرتبوو، بەڵام ئیتر کەڵکی پێوە نەمابوو، تەڵەبی موعاوەنەتی لە سوڵتان کرد بەڵام چونکە قووەتی لەشکری ئیسلام ئەوەندە نەبوو، ئەم موعاوەنەتە نەکرا.

قوماندانی قەڵاکە ئەمیر سەیفەددین عەلی ئەلـمەشتووب، موقابیل بەم وەزعییەتە بۆ موزاکەرە چووە لای قەڕاڵی فەرەنسا و پێی گوت ئێمە شارەکەتان تەسلیم ئەکەین بە شەرتێک ئێوەش عەینی موعامەلەمان لەگەڵ بکەن. فلیب ئۆگۆست بەرامبەر بەم تەکلیفە ماقووڵە گوتی من قەت ڕازی نابم کە لە خەڵکی عەککا و مودافیعینی، یەکێک ساغ بمێنێ. لە سەر ئەم جوابە، ئەمیر سەیفەددین گەڕایەوە عەککا.

عەککا موددەتێکی تر خۆی ڕاگرت، بەڵام برسیەتی و نەخۆشی، مەیدانی نەدا و نیهایەت بە شەرتی موحافەزەی ڕۆحی موسوڵمانان، تەسلیم بوو (١٧ی ڕەجەبی ٥٨٧ هـ/ ١٢ی تەمموزی ١١٩١ م). بە گوێرەی شەرتنامەی تەسلیم، ١٦٠٠ ئەسیری ئەهلی سەلیب بەرەڵڵا کرا و ٢٠٠ لیشەر بە ڕوئەسای سەلیبیوون ئەدرا. بەڵام ئەهلی سەلیب کە سەرمەستی تەعەسوب بوون، گوێیان نەدایە شەرت و عەهد، قەتڵوعامێکی زۆریان لە عەککادا کرد. قەڕاڵی ئینگلیز بەقایای مودافیعینی کۆ کردەوە و لە دەرێی شار، لە ٢٣ی ڕەجەبدا هەمووی کوشتن. بەم تەرحە مودافەعەی عەککا بووە سەبەبی لەناوچوونی شەست‌هەزار موسوڵمان.

لە پێش گرتنی عەککادا لە بەینی ڕوئەسای ئەهلی سەلیبدا نیفاق و ئیختیلاف دەسی پێکردبوو. بەینی قەڕاڵی فەرانسە و قەڕاڵی ئینگلتەرە، خراپ بوو. بەینی مەلیک جۆی و مارکیز غوناردیش لە سەر تەمەعی تاجی فەلەستین تێک چووبوو. قەڕاڵ فلیب تەرەفداری غونارد بوو و قەڕاڵ ڕیشاریش مەلیکی جۆی حیمایە ئەکرد. لە سەر بەعزێ موعامەلەی حەقارەتی مەلیک ڕیشار، قەڕاڵی فەرانسە عاجز بوو و لە ٧ی ڕەجەبی ٥٨٧دا فەلەستینی بەجێ هێشت و ڕۆیی. غونارد لە عەلەیهی مەلیکی ئینگلتەرە لە ژێرەوە موخابەرەی لەگەڵ سوڵتان ئەکرد و خەریکی ئیتیفاق بوو.

قەڕاڵی ئینگلیز تەقریبەن لە دوای مانگێ ئیستراحەت لە عەککادا، ڕووی کردە یافا و لە ڕێگا لە ژێر تەعەڕوزی بەردەوامی لەشکری ئیسلامدا زائیعاتێکی زۆریان دا. قەڕاڵ ڕیشار، یافای تەحکیم کرد و بەعزێ قەڵاشی لەوێشدا دروست کرد، بەڵام لەشکری موجاهیدین فرسەتیان نەئەدایە و دایمە بە شەڕ و شۆر تەنگەتاویان ئەکرد، حەتتا دەفعەیەکیان ئەوەندەی نەمابوو کە ڕیشارد ئەسیر بێ.

خولاسە قەڕاڵی ئینگلیز باش تێئەگەیشت کە عەزم و سەباتی سوڵتان و مەهارەتی حەربییەی، لەگەڵ هیچ دوژمنێکدا موقایەسە ناکرێ و بەرامبەر بەم دوژمنە گەورەیە، شەڕکردن بێ‌فائیدەیە. چ ئەم قەناعەتە، چ مەیلی گەڕانەوەی بۆ ئینگلتەرە، هێنایە سەر ئەوەی کە تەڵەبی سوڵح بکا.

سوڵتان سەلاح لەگەڵ عەزم و مەتانەتی خاریقەلعادەی، لە بەعزێ ئەحواڵ و زۆریی زائیعاتی لەشکرەکەی، موتەئەسیر بوو. لە بەر ئەمە، موراجەعەتی ڕیشاری بە مەلیک عادڵی برای بۆ سوڵح بە موناسیب بینی. مەلیک عادڵ و ڕیشار مولاقاتیان کرد و «هۆمفری دوتورن» تەرجومانی لە بەیندا کردن. بەڵام چونکە تەکلیفی قەڕاڵی ئینگلیز ئەوەندە موساعید نەبوو، موزاکەرە و هاتوچۆ سەری نەگرت. لەگەڵ ئەمەشدا لە دوای تەشەبوسی سوڵحی «مارکی دوفروا»، قەڕاڵی ئینگلیز دیسانەوە داوای ئاشتیی کرد. نیهایەت موازەکەرەی ڕیشار و مەلیک عادڵ هاتە سەر ئەوەی کە قەڕاڵی ئینگلیز خوشکەکەی خۆی بدا بە مەلیک عادڵ و ئەو موڵکانەی قەراغی بەحر کە دەسی کەوتبوو، بە شکڵی دیاری مارەیی تەرکی کا و سوڵتان سەلاحەددینیش ئەڕازیی مەفتووحەی قودس بدا بە مەلیک عادڵ و شاری قودسیش بۆ ئیسلام و گاور سەربەست بهێڵرێتەوە و لە ژێر ئیدارەی خوشکی قەڕاڵدا بێ.

سوڵتان سەلاحەددین ئەم شرووتەی بە نابەدڵی قەبووڵ کرد. بەڵام قەشەکان بەم ئیزدیواجە ڕازی نەبوون و هەڕەشەی «ئافوروز»یان لە قەڕاڵ و خوشکەکەی کرد، لە بەر ئەمە، ئەم سوڵحە سەری نەگرت.

تەنیا فائیدەی ئەم موزاکەرە و هاتوچۆیە ئەوە بوو کە سوڵتان سەلاحەددین لەم فرسەتە ئیستیفادەی کرد، عەسقەلانی وێران کرد و سەبەبی ئەم تەخریبەی ئەوە بوو کە ئومەرای موسلیمین ڕازی نەبوون کە وەکوو عەککا مودافەعەی بکەن و لە لایەکی تریشەوە هێشتنەوەی ئەبووە سەبەبی ئیستیفادەی ئەهلی سەلیب لەو قەڵایە و تەعەڕوز کردنە قودس.

خولاسە تەخریبی ئەم قەڵایە لە ٢٩ی شەعبانی ٥٨٧دا تەواو بوو و لە دوای ئەمە، سوڵتان ئەمری بە تەخریبی ڕەملەش دا و خۆشی بە لەشکرەوە چووە «عەین ئەلنەتروون» و لەو ناوەدا جێگەیەکی نەهێشت کە ئەهلی سەلیب بتوانن ئیستیفادەی لێ بکەن؛ کە زستان هات بە سەرا، سوڵتان چووە قودسی شەریف و موجاهیدینیشی ئیزن دا و قووەتێکی کەمی لە دەور ما و بە واسیتەی ئەمانەوە، لە لایەکەوە تەحکیماتی قودسی تەقویە ئەکرد و لە لایەکی تریشەوە دەرحەق بە حەرەکاتی دوژمن، ئیستیکشافاتی ئەکرد.

ڕیشار، لە ئەوائیلی زی‌حەججەدا و بە عەکسی سەرماوسۆڵەی زستان، ڕووی کردە ڕەملە و بە ئەزیەتێکی زۆر، ئەم قەسەبەیەی گرت و لە پاشدا تا «بەیت نەوبە»ش هات، بەڵام خۆی ڕانەگرت و گەڕایەوە و بەعزێ ئەهلی سەلیبیش بڵاوەی کرد و چوون بۆ یافا و عەککا. بەم تەرحە قووەتی ڕیشار کەم بووەوە و ویستی عەسقەلان تەعمیر بکاتەوە و بیکا بە ئوسسی حەرەکە بۆ خۆی؛ بەڵام نیفاقی بەینی سەلیب و ڕقەبەریی کونارد لەگەڵ ڕیشاردا و ئەخباری ناموساعیدی ئینگەلتەرە ڕیشاری مەئیووس کرد و دیسانەوە کەوتە تەڵەبی سوڵح. لە وەقتی بەهاردا بەعزێ عوسیان لە وڵاتانی جەزیرەدا ڕووی دا و سوڵتان سەلاحەددین مەجبوور بوو لەشکرەکەی نارد بۆ جەزیرە.

ڕیشار ویستی لەم وەزعییەتە ئیستیفادە بکا و تەعەڕوز بکاتە سوڵتان، بەم فیکرە لەشکری کۆ کردەوە و لە ئەواسیتی جەمادی‌ئەووەڵی ٥٨٨ هـ.دا تا حیسن‌ئەلدارون چوو.

لە دوای خراپە و کوشتارێکی زۆر لە ئیسلامی ئەو ناوەدا، ڕیشار لە ترسی شکان و نەگرتنی قودس، ویستی بگەڕێتەوە، بەڵام ئەهلی سەلیب بە قسەیان نەکرد و ناعیلاجی تا بەیت نەوبە چوو، بەرامبەر بەم حەرەکەتی ئەهلی سەلیبە، سوڵتان سەلاحەددینیش بۆ مودافەعە و موقاوەمەت خۆی حازر کردبوو و هەر کانی و ئاوێکی سەر ڕێگەی دوژمن بوو، هەمووی وێران کرد. نیهایەت ئەم حاڵە ئومەرای سەلیبی بێزار کرد و لە مەجلیسێکی حەربدا، قەراریان دا کە واز لە قودس بهێنن و بچنە سەر میسر.

قەڕاڵ ڕیشار گەڕایەوە عەککا و کاغەزی بۆ سوڵتان نووسی. سەرلەنوێ داوای سوڵحی کرد. نیهایەت بە شەرتی ئەمە کە یافاش بە دەس ئەهلی سەلیبەوە بمێنێ، سوڵح کرا (٢٢ی شەعبانی ٥٨٨ هـ/ ٢ی کانوونی ئەووەڵی ١١٩٢ م).

ئەمە نەتیجەی سێیەم سەفەری ئەهلی سەلیب بوو. ئەم چەندسەد هەزار فیدائی و جەنگاوەرە کە لە ئەورووپاوە وەکوو لافاوێکی تەعەسوب ڕووی کردبووە قودسی شەریف، پێنج ساڵ بەرامبەر بە عەزم و تەدبیر و جورئەت و بەجەرگیی سوڵتان سەلاحەددین هیچی پێ نەکرا و نیهایەت دوو قەسەبەی قەراغ بەحری دەس کەوت و بەشی زۆری لە ناو چوو و بەشێکی کەمیشی دەرباز بوو و ڕۆییەوە بۆ وڵاتی خۆی.

بێینەوە سەر ئیستیفادەی سوڵتان سەلاحەددین. وەکوو موحەڕیڕی «حیاة صلاح الدین الایوبي» ئەڵێ، غەزای فەلەستین لە ئیعتیباری شەڕە گەورەکەی حەتتینەوە دەسی پێکرد و لەو تەئریخەدا بستێک لە خاکی فەلەستین بە دەس ئیسلامەوە نەبوو، بەڵام لە دوای سوڵحی ڕەملە (٢٢ی شەعبانی ٥٨٨ هـ)، هەموو فەلەستین بە غەیری پارچەیەکی باریک لە «سوور»ەوە تا عەککا، بوو بە موڵکی سوڵتان. فەرەنگ لەو هەموو وڵاتانە دەرکرا. بەیت‌ئەلـموقەدەس سێنرایەوە و شان و شەرەفی ئیسلام، سەرلەنوێ بەرز کرایەوە.

قەهرەمانی کورد و ئیسلام، لە دوای سوڵح چووە قودس، ئەحواڵ و ئیدارەی داخڵییەی ڕێک خست و بەعزێ مەکتەب و خەستەخانەی تیا دروست کرد و لە پاشدا ویستی بچێ بۆ حەج، بەڵام ئومەرای ئیسلام لە ترسی غەدری فەرەنگ بە نەفسی موبارەکی، ڕجایان لێ کرد کە نەچێ و نیهایەت لە سەر ئیسراری ئەوان، موەققەتی وازی لەم فیکرە موبارەکە هێنا. لە پاش بەینێک لەگەڵ قووەتێکی بچووکی خاسەی، چوو بۆ وڵاتانی ساحلی و تەفتیشی قەڵاکانی و ئیستراحەتی خەڵکەکەی کرد و لە پاشدا بە سەر نابلۆس و بیسان و کەوکەبدا چووە بەیرووت و لەوێ لەگەڵ ئەمیری ئەنتاکییە مولاقاتی کرد و لە دواییدا لە ٢٦ی شەووالی ٥٨٨دا چووە دیمەشق.