دەوری سەڵتەنەتی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 13 خولەک  963 بینین

سوڵتان سەلاحەددین لە دوای ڕێکخستنی ئیش و کاری سووریە، فیرقەی ئیسماعیلییەی تەربیە کرد و لە دوای حەسانەوە لە شام، توورانشاهی برای کە لە یەمەنەوە بۆ دیدەنی هاتبوو، کرد بە وەکیل و لە سەر سووریەی دانا و گەڕایەوە میسر و دەسی کرد بە بینای شوورەی دەوری قاهیرە و قەڵاکەی. واقیعەن ئەم شوورەیە زۆر جار تەعمیر و تەغییر ئەکرا، بەڵام عەلامەتی بەیاخی سوڵتان کە هەڵۆیەکی سوور لە سەر [ڕوخامێکی] زەرد بوو، ئێستاکەش بە سەر یەکێ لە دیوارەکانی قەڵاکەوە ماوە.

لە دوای گەڕانەوەی سوڵتان بۆ میسر، فەرەنگ بە فرسەتیان زانی و لە دوو قۆڵەوە ڕوویان کردە شام و بەعلەبەک و ئەو ناوەیان تاڵان و وێران کرد و توورانشاهیان شکاند و زۆریان لە موسوڵمانان بە دیل گرت.

سوڵتان سەلاحەددین کە ئەمەی بیست، بە لەشکرێکی بچووکەوە ڕووی کردە فەلەستین و تا ڕەملە هات و لەوێ تووشی لەشکرێکی بەقووەتی فەرەنگ بوو و کەوتنە شەڕەوە. بەڵام ئەم غەلەبەیە بۆ دوژمن بوو و سوڵتان لە تەهلوکەیەکی گەورە نەجاتی بوو (٥٧٣ هـ). ئەمیر عیسای حەکاری لەم شەڕەدا کەوتە دەس فەرەنگ و لە دواییدا سوڵتان بە پارە کڕییەوە.

سوڵتان سەلاحەددین گەڕایەوە میسر و ئەمجارە لەشکرێکی بەقووەتی کۆ کردەوە و لە دوای سێ مانگ ڕووی کردە سووریە و لەشکری شامیشی خستە تەک خۆی و تەنگی بە فەرەنگ هەڵچنی، لەو بەینەدا لەشکری گاور حەممایان تەزییق کردبوو و لە دواییدا چوونە سەر «حارم» کە لە ژێر حاکمی حەڵەبدا بوو و لە دوای سەندنی پارەیەکی زۆر لە مەلیک ساڵح، گەڕانەوە دواوە.

فەرەنگ بەرامبەر بە سوڵتان، خۆی بە زەعیف دی و بە ترسێکی دوایی، دەسی کرد بە قایمکردنی سەرحەدی خۆی و دروستکردنی قەڵایەک لە نزیک «بەیت یەعقووب». ئەم قەڵایە بۆ ئیسلام خراپ بوو، لە بەر ئەوە سوڵتان ویستی بە تەماعی ماڵ وازیان پێ لێ بێنێ، بەڵام فائیدەی نەبوو و تەواویان کرد و بوو بە مەرکەزێکی موهیمی حەربی. مەلیکی قودس لە دوای تەواوکردنی ئەم قەڵایە، لەشکرێکی ناردە سەر سووریە و سوڵتانیش ئەمیر فەڕوخشاهی برازای بە لەشکرێکەوە ناردە بەرامبەریان. فەڕوخشاه فەرەنگی خراپ شکاند و ئەوەندەی نەمابوو مەلیکی قودس ئەسیر کا، بەڵام شوالییەیەکی گاور کە ناوی «هەمفێری» بوو، مەلیکی ڕزگار کرد.

لە لایەکی تریشەوە سوڵتان سەلاحەددین خۆی بە لەشکرەوە چووە سەر قەڵای یەعقووب و موحاسەرەی کرد و دەسی کرد بە تاڵانکردنی ئەترافی سەیدا و بەیرووت.

مەلیکی قودس بۆ ئینتیقام لە سوڵتان و مەنعی تاڵانی موسوڵمانان، بە لەشکرێکی زۆر بەقووەتەوە ڕووی کردە لەشکری سوڵتان و لە «مبرح ئەلعیوون»دا شەڕێکی زۆر قورس لە بەیندا قەوما و فەرەنگ زۆر خراپ شکا و زۆریان لێ بە دیل گیرا، حاکمی تەڕابلوس (ڕیاموند)، حاکمی ڕەملە (بولدوین) و حاکمی تەبریە (هرج) و بەعزێ پیاوماقووڵانی تری فەرەنگیش لە ناو ئەسرادا بوون (٢ی موحەڕەمی ٥٧٥؛ ١٠ی حوزەیرانی ١١٧٩).

سوڵتان لە دوای ئەم زەفەرە بڵندە بە دوو مانگ هاتەوە سەر قەڵای یەعقووب و لە زەرفی پێنج ڕۆژدا گرتی و موحافیزانی فەرەنگی ئەسیر کرد و قەڵاکەی تێکومەکان دا.

بە سەبەبی لەدەست‌چوونی قەڵای یەعقووب، فەرەنگ کەوتە ترسەوە و تەڵەبی موتارەکەیەکی دوو ساڵیی کرد و سوڵتان قەبووڵی کرد. بە غەیری حاکمی ئەنتاکییە، هەموو ئومەرای فەرەنگ داخڵی ئەم سوڵحە بوون.

سوڵتان سەلاحەددین ویستی لەم فرسەتەدا ئیش و کاری جەزیرەش ساغ بکاتەوە، حاکمی حەسەن‌کێف، نوورەدین، کە زاوای قلیج ئەرسەلانی حاکمی سەلجووقی ڕۆم بوو، لەگەڵ خەزووریدا تێک چووبوو و لە سەر ئەوە، قلیج ئەرسەلان ئیعلانی حەربی لەگەڵ کردبوو. وەلحاڵ ئەمیر نوورەدین موتتەفیقی سوڵتان بوو، هەرچەندە سوڵتان سەلاحەددین لە وەقعەی «حیسن ڕەعبان»ەوە ڕقی لە قلیج ئەرسەلان بوو، بەڵام دیسان نەیویست خوێن لە بەینی موسوڵمانانا بڕژێ و ڕێکی خستن و خۆشی چووە سەر حاکمی ئەرمەنییەی بچووک کە «ڕووبین» بوو و شکاندی و مەجبووری سوڵحی کرد.

لەم زەفەرانەی یەک لە دوای یەکەی سوڵتان، هەموو کەس ئاگادار بوو و دەرەجەی شەوکەت و قودرەتیان ئیقرار کرد و هەموو حکوومەتە بچکۆلەکان بۆ دۆستایەتی هەوڵیان دا و گەورەیی سوڵتان سەلاحەددینیان قەبووڵ کرد و لە بەینی خۆیان و سوڵتاندا ئیتیفاقێکیان کرد کە لە ئیعتیباری جەمادی ئەلئەوەڵی ٥٧٥ هـ (تشرینی ئەوەڵی ١١٨٠ م)وە ئەبوایە دوو ساڵ دەوامی بکردایە. حاکمی مووسڵ و جەزیرە و هەولێر و حەسەن‌کێف و ماردین و سوڵتانی ڕۆم و مەلیکی ئەرمەنییەش داخڵی ئەم ئیتیفاقە بوون و قەول و بڕییان کرد کە لەم موددەتەدا شەڕ لەگەڵ یەک نەکەن. بەم نەوعە شەڕی بەینی موسوڵمانان دوایی هات و شۆرەتی گەورەیی سوڵتان بە ناو وڵاتانی بەینی بەحری ڕەش و خەلیجی فارس و بەحری سپیدا بڵاو بۆوە و بە واسیتەی ئەم ئیتیفاقەوە ئیمکانی ئیستیعمالکردنی هەموو قووەتی ئیسلام بەرامبەر بە فەرەنگ حاسڵ بوو.

لە دوای ئەمە، سوڵتان بە دڵێکی ڕاحەتەوە لە ڕەجەبی ٥٧٦ هـ.دا گەڕایەوە میسر و ئەمیر فەڕوخشاهی برازای بە سەر شامەوە بەجێ هێشت.

سوڵتان کە گەیشتە میسر، دەسی کرد بە ڕێکخستنی ئیش و کاری ئەوێ و کردنەوەی مەکتەب و مەدرەسە و چاککردنی ڕێگەوبان و تەحکیمکردنی ئەسکەندەرییە. توورانشاهی برای، کە لە دوای بەعلەبەک، ئەسکەندەرییەی درابوویە، لە پێش گەیشتنی سوڵتان بە میسر، وەفاتی کردبوو.

لە وەقتێکدا کە سوڵتان لەگەڵ ئیش و کاری میسر خەریک بوو، خەبەری بۆ هات کە ڕینۆڵد (ئەرنات)ی حاکمی «کرگ»، بە خیلافی شرووتی موسالەحە، کاروانێکی تیجاری ئیسلامی کە لە نزیک «کرن»ەوە تێئەپەڕن، تاڵان کرد. تەسادوف لەو وەقتەدا گەمییەکی حەجاجی مەسیحی لای دابووە دەمیات، سوڵتان بۆ بەرامبەریی بە موعامەلەی حاکمی کرگ، ئەو حەجاجانەی گرت. هەر لەو بەینەدا حاکمی مووسڵ و جەزیرە، ئەمیر سەیفەددین غازی، وەفاتی کرد. جەزیرەی ئیبنی عومەری دابوو بە سەنجەر شاهی کوڕی و عەقری حەمیدیشی دابوو بە ناسرەدین کشک و باقی وڵاتانی مووسڵ و جەزیرەشی وەسیەت کردبوو بۆ عیزەدین مەسعوودی برای.

لە دوای چەند وەقتێکی تر، مەلیک ساڵح ئیسماعیلیش وەفاتی کرد (٢٥ی ڕەجەبی ٥٧٧ هـ) و حەڵەبی وەسیەت کردبوو بۆ عیزەدین مەسعوود. ئەمیر عیزەدین لە دواییدا حەڵەبی بەرامبەر بە سنجار دا بە عیمادەدینی برای (١٣ محەڕڕەمی ٥٧٨).

سوڵتان سەلاحەددین لە وەفاتی مەلیک ساڵح و لە زەوتکرانی حەڵەب لە تەڕەفی عیمادەدینەوە زۆر سەغڵەت بوو، بەڵام بە سەبەبی ئیتیفاقی دوو ساڵەوە، مومکین نەبوو بچێتە سەری و حەڵەبی لێ بستێنێ، واقیعەن زۆر ڕیعایەتی شەرت و عەهدی ئەکرد و قەت عەهد و میساقی نەئەشکاند و نەیشکاندووە. لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا بۆ تەواوبوونی موددەتی موعاهەدە چوار مانگ مابوو، کەچی خەبەری بۆ هات کە بەعزێ لە موتتەفیقەکانی لەگەڵ شێخ جەبەل و فەرەنگدا لە عەلەیهی سوڵتان خەریکی ڕێککەوتنن.

لە سەر ئەم ئەحواڵ و ئەخبارە، سوڵتان سەلاحەددین بە لەشکرەوە ڕووی کردە شام، بارگرانی لەگەڵ تاج‌ئەلـملووک بووری برایدا نارد بۆ شام و خۆی بە لەشکرەوە دەسی کرد بە تاڵانکردنی وڵاتی فەرەنگ و دوشمن نەیوێرا ڕێگەی پێ بگرێ و بەبێ زەحمەت لە سەفەری ٥٧٨دا گەیشتە شام.

لە دوای ئیستراحەتی چەند ڕۆژێک دیسان، هەڵیکوتایە وڵاتی فەرەنگ، زۆری لێ کوشتن و «بیسان»یشی گرت و گەڕایەوە شام. لە دوای مانگێک چوو بەیرووتی لە جیهەتی بەحر و بەڕەوە، بە ئۆردوو و دوننما موحاسەرە کرد، بەڵام لە پێش گرتنی ئەم شارە، لە سەر دەعوەتی «گوگبوری»ی حاکمی حەڕان، ڕووی کردە جەزیرە. لەم بەینەدا موددەتی ئیتیفاق تەواو بوو و ئەغڵەبی حاکمانی جەزیرە ئەیانویست بچنە ژێر ئیتاعەتی سوڵتانەوە و ئەم ئارەزووەشیان عەرز کردبوو. ئەم حاڵە بۆ غەلەبەی سوڵتان موقەددەمەیەکی خێر بوو و ویستی لەمە ئیستیفادە بکا و مووسڵ بگرێ و واقیعەن چوو و موحاسەرەی کرد، بەڵام لە دوای دوو مانگ مووسڵی بەجێ هێشت و چوو سنجاری گرت (٢ی ڕەمەزانی ٥٧٨).

لەو بەینەدا خەبەری زانی کە فەرەنگ خەریکی خۆ حازرکردنە بۆ تاڵانی جنووبی سووریە؛ سوڵتان ئەهمیەتی نەدایە و گوتی فەرەنگ لەوێ بەڵکوو بەعزێ گوندوموند زەوت ئەکا و وەلحاڵ ئێمە لێرە شاران ئەگرین، هەر وەقتێ گەڕاینەوە ئەوێ، مومکینە فەرەنگ بشکێنین و لە وڵاتەکەی دەرکەین. واقیعەن مەقسەدی سوڵتان، ئەووەڵ و ئاخیر، هێنانە ژێر ئیتاعەتی ئومەرای ئیسلام و ئیستیفادە لە قووەت و ئیتیحادیان بوو بەرامبەر بە فەرەنگ، بۆ سەندنەوەی قودسی شەریف، بەم فیکرە ویستی ئەووەڵەن ئیشی جەزیرە تەواو کا.

سوڵتان سەلاحەددین لە دوای سنجار ڕووی کردە قەڵای ئامەد (دیاربەکر) و لە دوای موحاسەرەیەکی هەشت ڕۆژە، ئەو قەڵا مەحکەم و گەورەیەی گرت. لەو بەینەدا خەبەری بۆ هات کە عیمادەدینی حاکمی حەڵەب، لە عەلەیهی لەگەڵ فەرەنگدا ئیتیفاقی کردووە و ئەیانەوێ تەعەڕوز بکەنە وڵاتانی سوڵتان. لە دوای ئەم خەبەرە دەستبەجێ لە فورات پەڕیەوە و لە ڕێگەدا «غیتان»ی لە ١٦ی موحەڕەمی ٥٧٩دا گرت و لە پاشدا چوو حەڵەبی موحاسەرە کرد.

عیمادەدین کە زانی ناتوانێ خۆی ڕابگرێ، تەڵەبی لە سوڵتان کرد کە لە باتی حەڵەب، سنجاری لەگەڵ تەوابعیدا (وەکوو نەسیبین، خاپوور، ڕەققە و سرووچ) بداتێ. سوڵتان سەلاحەددین ئەم گۆڕینەوەیەی قەبووڵ کرد و لە ١٧ی سەفەری ٥٧٩ (١٩ی حوزەیرانی ٨١٣)دا داخڵی حەڵەب بوو و خەڵکی وڵاتەکە بە ئاهەنگ و شادی، ئیستقبالیان کرد و زۆر مەمنوون بوون.

لە وەقتی موحاسەرەی حەڵەبدا بوو کە خەبەری وەفاتی مەجدەدین بوری برای بۆ هات و زۆر سەغڵەت بوو.

قازیی شام، موحیەدینی کوڕی زەکی، لە دوای فەتحی حەڵەب قەسیدەیەکی مەدحییەی بۆ سوڵتان نووسی کە ئەم بەیتە لەوە:

و فَتْحُکُم حَلَباً بِالسَّیفِ في صَفَر / مُبَشِّرٌ بِفُتوحِ الْقُدسِ في رَجَب

حەقیقەت فەتحی قودس بە فاسیلەیەکی چوار ساڵی تەسادوفی مانگی موحەرەمی کرد.

لە دوای فەتحی حەڵەب، شۆرەت و گەورەیی سوڵتان بە تەبیعەت زیاتر بوو و بە گەورەی هەموو ئومەرای ئیسلام ناسرا؛ بە غەیری مووسڵ، لە جەزیرەوە تا ڕەملە و لەوێوە تا تەڕابلوس و یەمەن هەمووی تابیعی ئەمر و نەهی بوو. تەنیا فیکری لەگەڵ زەوتکردنی قودسی شەریف و دەرکردنی فەرەنگ لە وڵاتی ئیسلام خەریک بوو.

سوڵتان سەلاحەددین لە ٣ی جەمادی ئەلئەوەلی ٥٧٩دا لە حەڵەب جوێ بووەوە. لەو بەینەدا فەرەنگ لە وەفاتی فەڕوخشاهی نائیبی سوڵتان لە شام، ئیستیفادەیان کرد و تا نزیکی شام وڵاتیان تاڵان کرد. لە لایەکی تریشەوە ئەمیری کرگ تا مەدینەی مونەووەرە ئەو ناوەی وێران کرد و حەتتا ئەوەندەی نەمابوو کە مەدینەش بگرێ، بەڵام ئەمیر لوءلوء بە فریادا گەیشت و لەشکری کرگی شکاند و زۆری لێ بە دیل گرتن. سوڵتان لەم ئەحواڵە عاجز بوو و ویستی زۆر باش فەرەنگ تەربیە بکا، بە لەشکرەوە لە چەمی ئەردەن پەڕیەوە و گەیشتە «ببسان» و سووتاندی و لە ژووری «ئەلفولە = عەفولە» تووشی لەشکری فەرەنگ بوو، بە عەکسی زۆریی، نەیانوێرا بکەونە شەڕەوە و لە دوای بەینێک گەڕانەوە تەڕەفی «حوزوورییە». لە دوای ئەمە، سوڵتان چووە سەر کرگ و موحاسەرەی کرد، بەڵام فائیدەی نەبوو. ساڵی دواییش هاتەوە سەری و دیسان نەگیرا. {fn|مەجمووعەی «کلّ شیء» لە نوسخەی ٢٦٩ و لە تاریخی ١١ی یۆلییەی ١٣١٩ لە ژێر عینوانی «صلاح الدین و الامیرة الافرنجیة»دا دەرحەق بەم موحاسەرەی کەرگە حیکایەتێکی نووسیوە و خولاسە ئەڵێ:

لە تشرینی سانی ٥٧٩ هـ.دا سوڵتان سەلاحەددین قەڵای کەرگی تەزییق کرد. لەو بەینەدا هەمفروای چوارەم (کۆنت دی تۆرۆن)، کچی کۆنت ڕینۆدی شاتلیۆنی مارە کردبوو و لە بورجێکی قەڵاکەدا خەریکی شایی بوون. دایکی زاوا، پرەنسس ئیتانات، ئێلچییەکی لەگەڵ بەعزێ پیاوماقووڵ و دیاریدا نارد بۆ لای سوڵتان و کاغەزێکی بۆ نووسی و ڕجای کرد کە لە شەوی مەعلوومدا ئەو بورجە ناڕاحەت نەکەن و تەڕەفی ئیسلامیش شایی قەبووڵ بکەن. پرەنسس لە کاغەزەکەیدا خەتاب بە سوڵتان ئەڵێ: لە وەقتێکدا لە قەسری ئێمە ئەسیر بووی و دایمە منت ئەگرت بە باوەشەوە ئەتگێڕام، لە بەر خاتری دۆستایەتیی ئەو ڕۆژەمان، شایی کوڕەکەم مەشێوێنە. واقیعەن سوڵتان سەلاحەددین ئەمری دا و موەققەتی وازی لە تەزییق هێنا و سوڵتان بە ئیمزای خۆی کاغەزێکی دڵنەوایی بۆ پرەنسس نووسی و ناردی.

بە گوێرەی ئەم مەعلووماتە وا حاڵی ئەبین کە سوڵتان لە وەقتی خۆیدا ئەسیر بووە و موددەتێک بە دەس هەمفرواوە ماوەتەوە.}

لە پاش ئەم حادیساتە ئومەرای فەرەنگ بە موتتەفیقی تەڵەبی سوڵحی چوار ساڵیان کرد و ئەم تەکلیفەش قەبووڵ کرا و سوڵتان گەڕایەوە شام.

لەو بەینەدا حاکمی مووسڵ بە موافەقەتی خەلیفەی عەباسی، ویستی لەگەڵ سوڵتاندا سوڵح بکا و بەم مەقسەدە، بەهائەددین کوڕی شەدادی کە لە لای سوڵتان زۆر خۆشەویست بوو، لەگەڵ شێخ ئەلشیوخ سەدرەدیندا ناردە شام، بەڵام سوڵتان سەلاحەددین بە مەسڵەحەتی نەزانی و لە دوای بەینێک بە لەشکرەوە ڕووی کردە مووسڵ و موحاسەرەی کرد (٥٨١ هـ)، حاکمی مووسڵ بۆ ڕجای سوڵح، کچی سوڵتان نوورەدینی مامی کە دایکی بوو، ناردە لای سوڵتان، بەڵام فائیدەی نەبوو.

سوڵتان کە خەبەری بەعزێ ئەحواڵ و ئیختیلافاتی ئەرمەنشاتی بیست، وازی لە موحاسەرە هێنا و چوو میافارقینی گرت (ڕەبیع ئەلئاخری ٥٨١) و لە پاشدا گەڕایەوە سەر مووسڵ، بەڵام نەخۆش کەوت و ناعیلاج ما، گەڕایەوە حەڕان. لە ڕێگە تووشی مورەخەسێکی تری حاکمی مووسڵ هات، بەعزێ شرووتی باش، وەکوو خوتبە خوێندن و سکە لێدان بە ناوی سوڵتانەوە و تەرککردنی بەعزێ وڵاتانی تر، ڕجای ئاشتی بوو.

سوڵتان سەلاح کە گەیشتە حەڕان، نەخۆشییەکەی قورستر بوو و حەتتا بەعزێک ئومێدیان لە ژیانی بڕی و سوڵتانیش وەسیەتی کرد، بەڵام زۆری پێ نەچوو نەخۆشییەکەی چاک بووەوە و لەو وەقتەدا ئیبنی شەداد گەیشتە حەڕان (ئەواخیری زی‌ئەلقەعدەی ٥٨١) و بە ناوی حاکمی مووسڵەوە سوڵحنامەی مۆر کرد، بە گوێرەی ئەم سوڵحە، سوڵتان سەلاحەدین بووە حوکمداری جەزیرەی شیمالی و بەشێکی کوردستان.

سوڵتان لە دوای ئەم سوڵحە لە حەڕان هەڵسا و چەند ڕۆژێک لە حومسدا مایەوە و لەوێ ناسرەدینی کوڕی شێرکۆهی مامی کوشت، چونکە لە وەقتی نەخۆشیی سوڵتاندا لە بەینی ئومەرادا سەعی بۆ حوکمداریی خۆی کردبوو، لە جێگەی ناسرەدین، کوڕەکەی کرد بە حاکمی حومس و لە موحەڕەمی ٥٨٢دا هاتەوە شام.