چۆن پێش کەوتن؟

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 6 خولەک  1154 بینین

باپیری سوڵتان سەلاحەددین بە هیوای موجاهیدەددین بەهرۆز، وڵاتی خۆی بەجێ هێشت و بە ماڵەوە هاتە بەغدا. لە دوای بەینێک کە سوڵتان مەسعوود، تکریتی بە موڵکانە دا بە بەهرۆز، ئەمیش شادیی دۆستی بە وەکیلی ناردە سەر ئەو موڵکە. لە پاش چەند ساڵێک شادی ئەمری خوای کرد و لە تکریت نێژرا و نەجمەددین ئەیووبی کوڕە گەورەی، لە جێگەی دانرا.

لە ساڵی ٥٢٦ هـ.دا ئەتابەکی مووسڵ، عیمادەدین زەنگی، لە جنووبی تکریت لەگەڵ ئۆردووی سەلجووقی بەغدا شەڕی کرد و شکا و بە حاڵێکی خراپ خۆی گەیاندە تکریت. نەجمەدین ئەیووب میوانداریی خۆی و تەوابیعی کرد و کەڵەک و بەلەمی بۆ پەیا کرد و لە شەتی دیجلە پەڕاندیەوە. حکوومەتی بەغدا لەم موعاوەنەتی نەجمەدین ئەیووبە عاجز بوو.

لە دوای بەینێک وقووعاتێکی تریش قەوما. ئەسەدەدین شێرکۆهی برای ئەیووب، یەکێ لە زابتانی قەڵای تکریتی کوشت و بەم تەرحە جێگەیان لەق بوو و موجاهیدەدین بەهرۆز بە ئەندێشەی مەوقیعی خۆی، نەجمەدین ئەیووبی لە وەکیلی خست و تەمێی کردبوو کە لە تکریتدا نەمێنن. نەجمەدین ئەیووب بە ناعیلاجی لەگەڵ براکەی و ماڵیانا بە شەو تکریتی بەجێ هێشت و بە ئومێدی چاکەی عیمادەدینی زەنگی ڕووی کردە مووسڵ.

ئەڵێن سوڵتان سەلاحەدین لە تکریت و لە ساڵی ٥٣٢ هـ (بە گوێرەی ئیستانلی لیمپول ١١٣٧ م)دا هاتبووە دنیاوە و حەتتا بەعزێ کەس گوتوویانە ویلادەتی، تەسادوفی ئەو ڕۆژەی کرد کە موجاهیدەدین بەهرۆز ئەمری بە دەرچوونیان لە تکریت کردبوو. بە گوێرەی قسەی کاتبێکی گاور کە لە خزمەت نەجمەدین ئەیووبدا بوو، ئەو شەوەی کە لە تکریت دەرچوون، سوڵتان سەلاحەدین تەوەلودی کردووە و چونکە باوکی زۆر عاجز بووە و لە تالعی خۆی بێزار بوو، لە تەوەلودی ئەم کوڕەی و گریانی زۆری، سەغڵەت بوو، بەو تەرحە تکریتیان بەجێ هێشت.

نەجمەدین و براکەی کە گەیشتنە مووسڵ، عیمادەدین زەنگی چاکەی ئەیووبی هێنایە بەر چاوی و بە ڕووخۆشی و مەمنوونی قەبووڵی کردن و ئیرادێکی موناسیبی بۆ تەخسیس کردن. دوو برا بە حورمەت و عیززەت لە سەرای زەنگیدا مانەوە و لەگەڵیا چوون بۆ بەعزێ شەڕیش. وەقتێک کە عیمادەدین چووە سەر سووریا و بەعلەبەکی داگیر کرد (٥٣٤ هـ)، نەجمەدین ئەیووبی کرد بە موحافزی ئەوێ.

لە دوای وەفاتی عیمادەدین، موڵکەکەی کەوتە دەست کوڕەکانی. لەشکری شام هاتنە سەر بەعلەبەک. نەجمەدین ئەیووب زانی کە لەو پاشاگەردانییەدا لەشکری شام هەرچۆنێ بێ بەعلەبەک زەوت ئەکا، بە فیکرێکی دووربین، لەگەڵیانا ڕێک کەوت و چووە شام دانیشت و بەرەبەرە پێش کەوت، تا بووە سەرداری لەشکری شام. شێرکۆهی برای کە لە لای نوورەدین مەحموودی کوڕی عیمادەدین مابووەوە، ئەویش بە خزمەت و ئازایی و عەقڵ و کەماڵی خۆی، تەرەقی کرد و بوو بە سەرلەشکری نوورەدین.

نەجمەدین ئەیووب وەقتێک کە ئەهلی سەلیبی دووەم شامی موحاسەرە کرد، مودافەعەیەکی مەردانە و بەرزی کرد و لافاوی سەلیب شکا و لە شام دوور کەوتەوە.

ئەمیری شام هەرچەندە تابیعیەتی نوورەدین مەحموودی قەبووڵ کردبوو، بەڵام سوڵتان نوورەدین دیسان وەکوو باوکی، هەر چاوی لە شام بوو و بە فیکری داگیر کردنی، لە ئیدارەی شێرکۆهدا لە ساڵی ٥٤٧دا لەشکرێکی ناردە سەر شام. ئەم حاڵە نەجمەدین ئەیووبی خستە موشکیلاتەوە، چونکە حەزی نەئەکرد کە بەرامبەر براکەی بوەستێ و حەزی نەئەکرد لەگەڵ لەشکری کوڕی وەلی‌نیعمەتیا شەڕ بکا. بەم فیکرە باشە، ویستی ئیشەکە بە ئاشتی ببڕێتەوە. لەگەڵ شێرکۆهدا بە ڕەسمی کەوتە موخابەرە و لە دوای شەش ڕۆژ لەشکری شێرکۆهـ داخڵی شام بوو. لە دوای بەینێک سوڵتان نوورەدین، سەلاحەدینی کوڕی ئەیووبی نارد بۆ میسر. حاڵ بەم نەوعە دەوامی کرد.

ئەمیر سەلاحەدین چۆن پێگەیشت؟

بەعزێ ساڵانی منداڵی، لە بەعلەبەکدا ڕابوارد، بەڵام دائیر بە زەمانی منداڵی، تاریخ هیچ نازانێ. ستانلی ئەڵێ: ئەبێ سەلاحەدینیش وەکوو ئەمیرزادەکانی تر لە حوجرەدا قورئانی خوێندبێ و فێری خوێندن و نووسین بووبێ. دیسان هەر لە بەعلەبەکدا کتێبی سەرف و نەحوی تەواو کردبێ و مەبادیی شێعر و ئینشا و عیلمی حەدیس و بەعزێ شتی تر فێر بووبێ. چونکە باوکی پیاوێکی زۆر گەورە و بڵند بوو، بە تەبیعەت مامۆستای هەرە بەناوبانگی بۆ پەیا کردووە.

کتێبی «طبقات الشافعیة» دەرحەق بە دەوری جاهیلی ئەڵێ: سەلاحەدین عیلمی حەدیسی لە لای حافز ئەبو تاهیر ئەلسەلەفی و ئەبو تاهیر ئیبنی عەوف و شێخ قوتبەددینی نیشابووری و عەبدوڵڵا ئیبنی بەری ئەلنەحوی و بەعزێ مامۆستای بەشوهرەت خوێندووە. قورئان و فیقهی «تەنبیهـ»ی لەگەڵ بەعزێ داستانی جەنگاوەری لە بەر بوو.

دەرحەق بەو زەمانەی کە لە شامدا و لە پێش چوونی بۆ میسردا ڕایبواردووە، لە تەڕەف موئەریخینی عەرەبەوە، هیچ نەبێژراوە. ئەمما موئەریخینی غەرب بەعزێکیان ئەڵێن کە سەلاحەدین دەوامی مەجلیسی سوڵتان نوورەدینی ئەکرد و بە سیفەتی ئەمەی کە کوڕی حاکمی شام بوو، حورمەت و عیززەتی ئەبینی. جوانێکی عاقڵ و شارەزا و بەئەدەب بوو، ڕیعایەتی دینی زۆر ئەکرد و ڕەنگە وەکوو ئەمیرزادەکانی ئەو زەمانە مەیلی ڕاو و شکاریشی بووبێ. بێ شوبهە یاری «گۆ و گۆچان»ی ئەکرد. بەعزەن لەگەڵ سوڵتان نوورەدیندا ئەم یارییەی ئەکرد.

بە گوێرەی کاغەزێک کە لە دوای گرتنی شام بۆ خەلیفەی عەباسی، «موستەزیئ بیئەمریللا»ی نووسیوە، لە پێش سەفەری میسریدا لەگەڵ باوکی و مامی لە هەموو غەزایەکدا حازر بووە. وەکوو ساحێبی کتێبی «حیاة صلاح الدین الایوبي» ئەڵێ بە موقتەزای قەومییەتی کوردی، سوارێکی چاک بووە و لە شەجاعەت و شەهامەتدا سەرفراز بوو.

قازی ئیبنی شەداد لە «النوادر السلطانیة»دا ئەڵێ کە لەگەڵ باوکیا لە بەعلەبەکەوە هاتە شام، دایمە لە خزمەت باوکیا بوو و لە فەزڵ و کەماڵی ئەو ئیستیفادەی ئەکرد، تا شۆرەتی سەند. لە دواییدا سوڵتان نوورەدین حەیرانی زەکا و کەمالاتی بوو، ڕۆژ بە ڕۆژ مەقامی گەورەتر کرد.