حکوومەتی ڕەوادی
بە گوێرەی تەدقیقاتی ئینسقلۆپەدیای ئیسلام ئەم حکوومەتی ڕەوادییە قەدیمە و ئیبنی خوردادییە لە ساڵی ٢٣٢ هـ.دا کە تەبرێزی زیارەت کردووە، شارەکەی لە ژێر حوکمی محەمەد ڕەوادیدا دیوە. بە گوێرەی عەینی ئەسەر، لە ٢٨٠ هـ.دا ئەم وڵاتی ئازەربایجانە کەوتۆتە دەستی ساجد محەمەد ئەفشین کوڕی دیوداد و تا ٣١٧ هـ بە دەست نەتەوەی ساجد محەمەدەوە بووە. لە دوای ساجد، مەنتیقەی مەراغە کەوتۆتە دەس مزەفەری کوردی دەیلەم، یەعنی نەتەوەی ڕەوادیی قەدیم. عەینی ئەسەر، مەرزەبان و براکەی لە عەینی خانەدان حیساب ئەکا. واقیعەن تا دەوری مەرزەبان، دەرحەق بە حکوومەتی ڕەوادیی کوردی، مەعلووماتێکی وا نییە و ئاساری عەرەبییە لە ئیعتیباری مەرزەبانەوە بە تەفسیل باسی ئەم حکوومەتە ئەکا.
لە باسی دیسمدا دیمان کە مەرزەبانی کوڕی مامەڵان (= محەمەد مامەڵان) بە دەسیسە و معاوەنەتی وەزیرەکەی دیسم، ئازەربایجانی داگیر کرد. مەرزەبان کاتبێکی خسووسیی بوو بە «عیسکوەیهـ» مەشهوور بوو. ئەم کاتبە دایمە تەحەڕڕوکاتی لە زیددی عەلی کوڕی جەعفەر ئەکرد. نیهایەت تەمەعی ماڵی، مەرزەبانی تەفرە دا. عەلی کە وای زانی، فیکری لەگەڵ مەرزەباندا گۆڕی و بە تەمەعی ماڵ و خەزێنەی زۆری تەورێز، مەرزەبانی بۆ زەوتکردنی شارەکە تەشویق کرد. نیهایەت مەرزەبان لەشکرێکی دایە و ناردیە سەر تەبرێز.
عەلی هاتە سەر ئەم شارە و خەبەری بۆ ناردن کە مەرزەبان بە تەمەعی ماڵ و دەوڵەتیان، لەشکری کردوونە سەر و نەسیحەتی کردن کە لە دیسم ئیمداد بخوازن و دەیلەمییەکانی ناو شار بکوژن. واقیعەن خەڵکی تەورێز وایان کرد. مەرزەبان کە خەبەری هاتنی دیسمی بیست، بە لەشکرەوە ڕووی کردە تەبرێز و لە نزیک تەبرێز تووشی دیسم بوو و شکاندی.
دیسم بە خۆی و باقی لەشکریەوە و عەلی کوڕی جەعفەر چوونە ناو شارەوە و مەرزەبانیش هات موحاسەرەی کردن. مەرزەبان بە دزییەوە لەگەڵ عەلی کوڕی جەعفەر کەوتە موخابەرە و تەئمینی کرد. لە پاش بەینێ، دیسم دەرچوو بۆ ئاردەوێڵ و عەلی کوڕی جەعفەریش چووە لای مەرزەبان.
لە باسی دیسمدا دیمان کە مەرزەبان بە دەسیسەی وەزیری دیسم کە ئیبنی ئەلنەعیمی بوو، ئاردەوێڵی گرت و دیسمی ناردە قەڵای «ترم».
مەرزەبان کە لە شەڕ و دەعوای دیسم نەجاتی بوو و ئازەربایجانی بە تەواوی بۆ ساغ بۆوە، لەگەڵ تەرتیب و ئیسلاحی مەملەکەتدا مەشغووڵ بوو. لە ساڵی ٣٣٢ هـ.دا تووشی هەرا و تاڵانی ڕووس بوو. ئەم یەغماگەرانە، بە سەفینە لە بەحری خەزەرەوە هاتبوونە مەنبەعی ئاوی «کوری» و لەوێوە هەڵیانکوتابووە سەر ئازەربایجان. حاکمی «بەرزەعە» (قەڵای حدوودی شیمالی ئازەربایجان بوو) بە لەشکرێکی موناسبەوە ڕێگەی پێ گرتن، بەڵام لە دوای شەڕی سەعاتێک شکا و ڕووسەکان شوێنیان کەوتن و بەرزەعەیان موحاسەرە کرد و لە دوای چەند ڕۆژێک گرتیان و شەناعەتێکی زۆریان تیا کرد و خەڵکەکەیان هەموو کوشت.
مەرزەبان کە ئەم خەبەرەی زانی، ئۆردوویەکی سی هەزار کەسەی کۆ کردەوە و ڕووی تێکردن. ڕووسەکان بەرامبەر بە مەرزەبان نەیانتوانی خۆ بگرن، بەڵام دیسان بە وردە شەڕ، خافڵاندیان و بەشێکیان تا مەراغە هاتن و لەو ناوەدا بە سەبەبی زۆر میوە خواردن، تووشی ڕشانەوە بوون و زۆریان لێ مرد و باقییەکەی گەڕایەوە.
مەرزەبان کە تەماشای کرد ئەم هەرایە توول ئەکێشێ، ویستی بە فێڵێک ڕووسەکان لە ناو بەرێ، بەشێکی لەشکرەکەی لە بۆسەیەکدا جێگیر کرد و خۆشی بە باقی قووەتیەوە، لەگەڵیان کەوتە شەڕ و بە قەستی، خۆی شکاند تا گەیشتە نزیک بۆسەکەی؛ لەوێ ویستی بە لەشکرەوە بگەڕێتەوە سەریان، بەڵام لەشکرەکە خۆفیان لێ نیشتبوو، نەگەڕانەوە. مەرزەبان کە چاوی بەم حاڵە کەوت، زۆر سەغڵەت بوو، وازی لە ڕۆحی خۆی هێنا و گەڕایەوە، براکەی و بەعزێ لە خزم و قەومیشی، لەگەڵیا گەڕانەوە. لەشکرەکە کە چاویان بە جورئەت و ئازایی مەرزەبان کەوت، لە خەجاڵەتیانا گەڕانەوە و ئەو بەشەی کە لە کەمیندا بوون، ئەوانیش ڕاست بوونەوە. بەم تەرحە، ڕووسەکان کەوتنە بەینی دوو قووەتەوە و کوشتارێکی زۆریان لێ کرا، سەرکردەکەشیان کوژرا. باقییان بە هەزار حاڵ، خۆیان هاویشتە قەڵای «شەهرستان». هەموو تاڵان و ئەسیرانی موسوڵمان لەوێدا بوون، مەرزەبان لە شوێنیان گەیشتە قەڵاکە و دەورەی دا. لەو وەقتەدا بوو کە خەبەری تەعەڕوزی ئەبو عەبدوڵڵای حەمدانی بۆ سەر ئازەربایجان گەیشتە مەرزەبان. ناچار بەشێکی لەشکرەکەی بۆ موحاسەرەی ڕووسەکان بەجێ هێشت و خۆشی لەگەڵ باقی لەشکردا چوو بە پیری ئەبو عەبدوڵڵاوە. کوڕی حەمدان تا سەڵماس هاتبوو و لەگەڵ ڕەئیسی عەشیرەتی «هەزبەنی»، جەعفەری کوڕی شکۆیە، یەکدگیر بووبوو.
مەرزەبان بۆ دەفعی شەڕی ئەبو عەبدوڵڵا، کەوتە ڕێ و لە دوای شەڕێکی کەم، ئەبو عەبدوڵڵا بە سەبەبی بارینی بەفرێکی زۆر، نەیتوانی ڕاوەستێ؛ چونکە زۆری لەشکرەکەی عەرەب بوون و بەرگەی سەرما و سۆڵەیان نەئەگرت، لە بەر ئەمە، گەڕایەوە بۆ مووسڵ.
بێینەوە سەر قووەتەکەی کە ڕووسەکانیان موحاسەرە کردبوو. ڕووسەکان لە دوای موددەتێک مودافەعە، شەوێک لە قەڵاکە هاتنە دەرەوە و خۆیان گەیاندە سەفینەکانیان و سوار بوون و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
مەرزەبان لە دوای ڕێکخستنی ئیش و کاری مەملەکەت، ویستی وڵاتانی دراوسێی داگیر بکا، ئەم هەوەسەیشی لە دوو شتەوە حاسڵ بووبوو:
١. تەعەڕوزی حکوومەتی خۆراسان بۆ سەر ڕوکنئەلدەولەی حاکمی ڕەی.
٢. حەقارەتی موعیزئەلدەولە کە بە سەفیرەکەی مەرزەبانی کردبوو.
بەعزێ لە سەرکردەکانی ڕوکنئەلدەولە بووبوونە تەڕەفداری مەرزەبان. حەتا یەکێ لەوان کە عەلی کوڕی جوانقولە بوو، هاتبووە لای و ئەیگوت ئەگەر تەعەڕوز بکاتە ڕەی، قوماندانەکانی تریش هەموو کۆمەکی ئەکەن و بەم تەرحە تەشویقاتی ئەکرد.
مەرزەبان لەگەڵ ناسرئەلدەولەی حاکمی مووسڵ موخابەرەی کرد و تەشویقی کرد کە بچێتە سەر بەغدا، بەڵام ناسرئەلدەولە قەبووڵی نەکرد و جوابی دایەوە کە ئەووەڵەن لازمە ڕەی زەوت بکا، لە دوای ئەوە، ئیشی بەغدا ئاسانە. مەرزەبان لە پاشدا باوکی و برای بانگ کردە لای خۆی و فیکری پرسین. باوکی بەم سەفەرە ڕازی نەبوو و نەهی لێ کرد. بەڵام ئەم نەسیحەتە مەرزەبانی لە فیکری وەرنەگێڕا. باوکی کە وای زانی، دەستی کرد بە گریان و گوتی: کوڕی خۆم، لە دوای ئەم عومرە، لە کوێ چاوم پێت ئەکەوێتەوە؟
مەرزەبان بەبێ تەڕەدود و بە عەزمێکی مەردانەوە جوابی دایەوە: یان لە سەرای ڕەی، وەیا لە ناو کوژراوەکانا ئەمدۆزیتەوە.
ڕوکنئەلدەولە لە ئیستحزاراتی مەرزەبان خەبەردار بوو، دەستبەجێ بۆ عیمادئەلدەولە و موعیزئەلدەولەی برای نووسی و داوای کۆمەکی کرد. لە لایەکی ترەوە لەگەڵ مەرزەبان کەوتە موخابەرە و دەستی کردە پاڕانەوە و وتی ئەگەر دەستم لێ هەڵگری، زەنجان و ئەبهەر و قەزوینت ئەدەمێ و بەم فێڵە مەرزەبانی ئەغافڵاند.
عیمادئەلدەولە لە قوماندای «باش ئەلحاجب»دا دووهەزار سواری بۆ نارد، موعیزئەلدەولەش قووەتێکی ئەوەندەی لە قوماندای «سەبوکتەگین»دا ڕەوانە کرد. لەم بەینەدا محەمەد عەبدولڕەزاقیش بە قووەتێکەوە هاتبووە لای ڕوکنئەلدەولە. محەمەدی کوڕی ماکانیش لە تەڕەف حوسێن فەیرووزانەوە بە ئیمداد نێررابوو. خولاسە ڕوکنئەلدەولە بەم تەرحە ئۆردوویەکی بەقووەتی ڕێک خست و ئەو سەرکردانەی کە لێیان بەشک بوو، گرتنی و حەپسی کردن و بە لەشکرەکەوە ڕووی کردە قەزوێن.
مەرزەبان کە چاوی بە لەشکری ڕوکنئەلدەولە کەوت، زانی کە دەرەقەتی نایەت. لەگەڵ ئەمەشدا گەڕانەوەی بۆ خۆی بە عەیب زانی و کەوتە شەڕەوە.
قووەتی مونتەزەمی کورد و دەیلەم نزیکەی پێنج هەزار کەس بوو. لەشکری ڕوکنئەلدەولە بە جارێک هجوومیان کردە سەر دەستە ڕاست و دەستە چەپ و شکاندیان. مەرزەبان لە ناوەڕاستدا خۆی ڕاگرت و شەڕێکی مەردانەی کرد. بەشی زۆری سەرکردەکانی کوژرا، بەشێکیش بە دیل گیران و نیهایەت خۆشی یەخسیر کرا. ڕوکنئەلدەولە مەرزەبانی تەسلیمی «ئەبولفازل»ی وەزیری کرد و لەگەڵ قووەتێکدا ناردی بۆ قەڵای «سەمیرەم» {fn|وەزیر ئەبولفازل کوڕی عەمید، لەم سەفەرەیدا باسی فێڵێکی ئەکا و ئەڵێ: «ئەو قوماندانانی دەیلەمییە کە لەگەڵیا بوون، ئیتیفاقیان کردبوو کە لە ڕێگا بە زۆر مەرزەبان بەردەن و من بکوژن. کە وام زانی چوومە لای مەرزەبان و پێم گوت:
ـ منیش بۆ خزمەت حازرم.
سالار سەرێکی ڕاوەشاند و گوتی:
ـ ئەگەر ڕاست ئەکەی، پێوەندەکەم بکەرەوە، هەرچی ئارەزوو ئەکەی بۆت ئەکەم.
گوتم:
ـ ئەترسم ڕەفیقەکان ڕازی نەبن.
سالار گوتی:
ـ کە وا بوو تۆ ڕەفیقەکانت ناناسی. ئەوان ئەیانەوێ من بەردەن و تۆ بکوژن و هەر وەقتێ ئارەزوو بکەی ئەمە ئەکرێ.
ـ بەسە ئیتر، بڕوام کرد و ئەمین بە. من لە هەموو زیاتر بۆ موعاوەنەت حازرم.
لە دوای ئەم گفتوگۆیە ئەو سەرکردانەم یەکە یەکە بانگ کرد و پێم گوتن کە منیش لەگەڵ ئەوانم. ئەمەم زۆر پێ خۆش بوو و قەرارمان دا کە لە ئەووەڵ مەنزڵ ئەم ئیشە جێبەجێ بکەین. واقیعەن کە گەیشتینە مەنزڵ، سالار بانگی کردم و کوتی:
ـ دەی بەرمدەن.
پێم گوت:
ـ ئاڵی ڕوکنئەلدەولە لە ئەسفەهانە، هەموو خەزێنە و بارگرانیش لەوێیە، لام وایە تا ئەوێ بەم نەوعە بچین و لەوێ ئەو ماڵ و خەزێنەیەش هەڵبگرین باشتر ئەبێ، بیلعەکس ئەگەر عەجەلە بکەین، ڕەنگە ئەو عەسکەرەی کە تەڕەفداری ئێمە نەبوون، لەگەڵ بەعزێ لە قوماندانە خائینەکانم بمگرن؛ [بەم نەوعە] مەرزەبانم لەگەڵ قوماندانێکی سادق و ئەمیندا نارد بۆ قەڵای سەمیرەم.} .
ئەسارەت و خەلاسیی سالار مەرزەبان
لە دوای ئەمە کە گەیشتە قەڵای سەمیرەم و خرایە حەپسخانەوە، مەرزەبان دەستی لە خواردن کێشایەوە و تەنیا بۆ ژیان تۆزێ گەنمی ئەخوارد. ڕوکنئەلدەولە کە ئەمەی بیست، ئەمری دا کە چێشتکەرەکەی خۆی بۆ بنێرێ و لە دوای هاتنی ئەم چێشتکەرە، سالار مەرزەبان کەوتە هەوڵدان بۆ ڕزگاری، بەڵام ئەم کابرایە گێل و وێڵ بوو، ئەم سڕەی زوو بڵاو کردەوە و موحافزی قەڵاکە (شیر ئەسفار) چێشتکەرەکەی گرت و لە دیواری قەڵاکەوە فڕێی دایە خوارەوە و بەم تەرحە لە ناوی برد و لە لایەکی تریشەوە تەزییقی سالاری کرد.
دایکی مەرزەبان کە ناوی «خەراسوەیهـ» و کچی جستانی کوڕی واه سۆزانی مەلیک بوو، بۆ خەبەر زانین و نەجاتدانی کوڕەکەی، دایمە هەوڵی ئەدا و پارەی سەرف ئەکرد. ئیبنی ئەلزابانی کە لەگەڵ مەرزەبان ئەسیر و حەپس کرابوو، هەر چۆنێ بوو خۆی نەجات دا و هاتە لای خەراسوەیهـ و بە وەعدەی نەجاتدانی مەرزەبان، گەلێ پارەی لێ سەند. لەو وەقتەدا «توبان» ناو پاڵەوانێکی شەڕکەر و قومارباز لە مەراغە ڕایکردبوو و خۆی هاویشتبووە لای خەراسوەیهـ و ئەم کابرایەش تەعەهودی ڕزگارکردنی مەرزەبانی دا و خەراسوەیهـ بە قووەت و زیرەکیی ئەم پیاوە ئومێدی زۆر بوو. لەگەڵ ئیبنی ئەلزابانیدا ڕێکی خستن و خۆیان کرد بە توجار و ئەوەی بۆ ئەم سەنعەتە لازم بوو، حازریان کرد و کەوتنە ڕێ. کە گەیشتنە قەڵای سەمیرەم، خەبەریان بۆ شیر ئەسفار نارد کە ئێمە کاسبین و بۆ ئیش و وێریش هاتووین، لە وەقتی خۆیدا مەرزەبان بەعزێ ماڵی لێ کڕیوین و پارەی نەداوە، تکا ئەکەین کە لەگەڵیا ڕووبەڕوومان کە.
موحافز بەزەیی پیایانا هاتەوە، بانگی کردنە لای خۆی، ئەم توجارانە لە لای شیر ئەسفار شکایەتی حاڵیان کرد و دەرحەق بە زوڵم و غەدری مەرزەبان، گەلێ قسەیان کرد و جوێنیان دا و گوتیان: ئەلحەمدولیللا دونیا لە زوڵمی ئەم زاڵمە نەجاتی بوو.
شیر ئەسفار دڵی پێیان سووتا و یەکە یەکەی لەگەڵ مەرزەبان ڕووبەڕووی کردن و مەرزەبان ئەووەڵ جار لەم فێڵە نەگەیی و تووڕە بوو، جوێنی پێ دان و ئینکاری قەرزەکەی کرد. بەمە یەکێ لە توجارەکان چاوی لێ داگرت و بە ئیشارەت تێی گەیاند. مەرزەبان هێمن بۆوە و گوتی: بەڵێ، دێتەوە خەیاڵم، بەڵام حیسابەکەیان نازانم، ئەنووسم تا تەماشای دەفتەریان بۆ بکەن.
خولاسە بەم تەرحە هاتوچۆ دەستی پێکرد و خەراسوەیهـ غوڵامێکی دەیلەمی کە لە نەغملێدانا شارەزا بوو، خستییە تەک توجارەکان. ئەمانە بە تەبیعەت دیارییەکی زۆریان بە موحافز و کاربەدەستانی قەڵاکە دا و بە سایەی ئەمەوە بە سەربەستی هاموشۆی مەرزەبانیان ئەکرد.
شیر ئەسفار غوڵامێکی جوانی هەبوو، دایمە وەکوو دەیلەمییەکان تۆپز و قەڵغانی بە دەستەوە ئەگرت. مەرزەبان ئەم غوڵامەی خۆش ئەویست و زۆر پارە و دیاری دایە و لەگەڵی ڕێک کەوت و ئەوەی کە بۆ بڕینەوەی پێوەند لازم بێ، بۆی هێنا. مەرزەبان دەستی کرد بە بڕینی پێوەندەکەی. شیر ئەسفار عادەتی بوو هەموو ڕۆژی جومعە ئەهاتە لای مەرزەبان و تەماشای پێوەندەکەی ئەکرد و ئەڕۆیشت. ڕۆژێکی جومعە، «توبان» لە لای مەرزەبان دانیشت و توجارێکی تریش لە لای قاپییەوانەکە ڕاوەستا و غوڵامەکەش لەوێ حازر بوو. شیر ئەسفار هات و لە لای مەرزەبان دانیشت، مەرزەبان دەستی کرد بە قسەکردن و پێی گوت:
ـ ئەگەر بەرم بدەی، هەرچیت بوێ ئەتدەمێ.
شیر ئەسفار قەبووڵی نەکرد و گوتی: من قەت خیانەت لەگەڵ ڕوکنئەلدەولەدا ناکەم.
مەرزەبان کە وای زانی، هەڵسا و بێ پێوەند ڕووی کردە قاپییەکە. توبان هەڵیکوتایە سەر شیر ئەسفار و دای بە زەویدا و بە خەنجەر کوشتی. توجارەکەی تریش قاپیەوانەکەی کوشت. مەرزەبان لەگەڵ ڕەفیقەکانی تریدا یەکدگیر بوو. لەو وەقتەدا موحافزەکانی قەڵا بڵاو بووبوونەوە. کە هەرا هەڵسا، کۆ بوونەوە و تەماشایان کرد ڕەئیسەکەیان کوژراوە، تەسلیم بوون. دۆست و تەڕەفداری مەرزەبان لە هەموو لایەکەوە کۆ بوونەوە (٣٤٢ هـ).
مەرزەبان کاغەزی بۆ دایکی و برای و دۆستانی نووسی و هەڵسا ڕووی کردە ئازەربایجان (کتاب تجارب الامم، جڵدی ٢؛ الکامل، جڵدی ٩).
لە دوای ئەسارەتی مەرزەبان
لە پاش شکان و بەدیلگرتنی مەرزەبان، باقی قووەتەکەی، کە عیبارەت بوو لە جستانی کوڕی شەرمزن و عەلی کوڕی فەزل و شەهرفیرووزی کوڕی کوردویە و بەعزێ سەرکۆماری تر و دووهەزار کەسێ، گەڕانەوە ئازەربایجان و لە دەوری باوکی مەرزەبان کۆ بوونەوە، ڕوویان کردە ئاردەوێڵ و داخڵی شار بوون و محەمەدی کوڕی موسافیریان کرد بە حاکمی خۆیان.
واه سۆزانی کوڕی، لە ترسی موعامەلەی خراپی باوکی، ڕایکردە قەڵای «ترم». ئەوەندەی پێ نەچوو لە بەر سووئی ئیدارەیی و موعامەلەی خراپی، لە محەمەد تەکانەوە. دەیلەمییەکان عوسیانیان کرد و قەسدی کوشتنی محەمەدی کوڕی موسافیریان کرد. محەمەد لە ترسانا ڕایکردە لای واه سۆزانی کوڕی، ئەویش گرتی و لە قەڵای «شیسجان»دا حەپسی کرد و تا مرد لە حەپسدا ما.
ڕوکنئەلدەولە لە دوای گرتنی مەرزەبان، ئازەربایجانی دا بە محەمەدی کوڕی عەبدولڕەزاق و بە لەشکرەوە ناردیە سەری. واه سۆزان بەرامبەر بەم وەزعییەتە، سەری لێ تێکچوو و ناچار ما؛ دیسمی بەردا و خەڵاتی کرد و ناردی بۆ شەڕی محەمەدی کوڕی عەبدولڕەزاق (کتاب تجارب الامم)، (نەتیجەی ئەم دەعوایە و عاقیبەتی کاری دیسم لە بەحسی مەخسووسدا زیکر کراوە).
سالار مەرزەبان لە دوای ئەمە کە لە سەمیرەم هاتەوە و هەرای دیسمی بڕییەوە، ئەوەندە نەژیا و لە ساڵی ٣٤٥ هـ.دا تووشی نەخۆشییەکی گران بوو و وەسیەتی کرد کە لە دوای خۆی، واه سۆزان بکرێتە حوکمداری ڕەوادی و جستانی کوڕیشی، وەلیعەهد بێ، لە دوای ئەم وەسیەتە زۆری پێ نەچوو وەفاتی کرد.
واە سۆزان و کوڕانی مەرزەبان
لە دوای وەفاتی سالار مەرزەبان، واه سۆزان (= واه سۆدان)ی برای، ئەنگوستیلە و بەعزێ عەلاماتی حوکمداریی تری مەرزەبانی نارد بۆ حاکمانی شار و قەڵای ئازەربایجان و تەڵەبی ئیتاعەتی لێ کردن، بەڵام هیچیان ئیتاعەتیان نەکرد، چونکە لە پێش ئاخر وەسیەتدا سالار پێی گوتبوون کە ئەگەر لە ناو چوو، ئەووەڵەن ئیتاعەتی جستانی کوڕی بکەن و لە دوای ئەو، پادشای ڕەوادی، ئیبراهیم و لە پاش ئیبراهیم، ناسری کوڕی بێ و ئەگەر ئەمانە هەموویان فەوتان، ئەو وەقتە ئیتاعەتی واه سۆزان بکەن. هەموو سەرکردە و سەرکۆمارەکان بە گوێرەی وەسیەتی ئەووەڵ حەرەکەتیان کرد. واه سۆزان ئەم حاڵەی حەمل کردە سەر ئیغفالی سالار. لەم بەینەدا میر ئیبراهیمی برازای، کە زاوای «ولکین کوڕی خورشید»ی ڕەئیسی دەیلەمی بوو و ئەم ڕەئیسەش لە تەرەف مەرزەبانەوە لە ئەردەبیلدا مەحبووس بوو، بە تەشویقی ژنەکەی، چوو بۆ ئاردەوێڵ و بەبێ ئەوەی کە ئیزن لە مامی بخوازێ ولکینی لە حەپسخانە هێنایە دەرەوە.
واه سۆزان لە سەر ئەم حەرەکەتی میر ئیبراهیمە و بەعزێ موعامەلاتی تر کەوتە ترس و ئەندێشەوە و لە پڕێکدا ئاردەوێڵی بەجێ هێشت و چووە قەڵای «ترم» و ئیش و کاری ئیدارەی مەملەکەت بە سەربەخۆیی بە دەست جستانەوە ما. براکانی و هەموو سەرکردەکان ئیتاعەتیان کرد، تەنیا جستان کوڕی شەرمزن کە والیی ئەرمینییە بوو، ئیتاعەتی نەکرد و کەوتە فیکری سەربەخۆیی.
واه سۆزان لە دوای ئەمە کە خۆی لە «ترم»دا قایم کرد، ڕاحەت دانەنیشت، دەستی کرد بە تێکدانی بەینی برازاکانی و دوشمنانی لێ هەڵساندن. ئیفساداتی بە دەرەجەیەکی وا تەئسیری کرد کە کوڕانی سالار مەرزەبان بوونە دوشمنی یەکتری. واه سۆزان کە ئیشی گەیاندە ئەم دەرەجەیە، ئیبراهیمی برازای بانگ کردە لای خۆی و زۆر قەدر و حورمەتی گرت. لە لایەکی تریشەوە لەگەڵ «ناسر»دا کەوتە موخابەرە و لە جستانی برای جوێ بۆوە و چوو بۆ موقان (= موکریان).
بەشێکی لەشکریش بۆ تەمەع، لە جستان جوێ بوونەوە و هاتنە لای ناسر. لە دوای ئەمە ناسر بە قووەتێکی موناسیبەوە چوو بۆ شەڕی جستان. {fn|جستانی کوڕی مەرزەبان ئەووەڵ ئیشی، کوشتنی دیسم بوو (٣٤٦ هـ). ئەم حوکمدارە لە شوێنی باوکی ئەڕۆیشت. ئەهمیەتی بە لەشکر نەدا و لەگەڵ عێل و عەشرەت مەشغووڵ بوو، لە پاش بەینێک نەعیمی وەزیری حەپس کرد. وەزیرەکەی جستان شەرمزن کە ناوی ئەبو ئەلحەسەن بوو، خزمی عەبدوڵڵا نەعیمی بوو، لە گیرانی نەعیمی کەوتە شوبهەوە و شەرمزنی تەفرە دا و لەگەڵ ئیبراهیم خستیە موخابەرەوە و ئیبراهیم سالاریشی بۆ دەعوای ملووکییەت تەشویق کرد. واقیعەن ئەوەندەی پێ نەچوو کە ئیبراهیم و جستانی شەرمزن، چوونە سەر مەراغە و زەوتیان کرد. جستان شاە کە ئەمەی بیست، لەگەڵ کوڕی شەرمزن و وەزیرەکەی، موخابەرەی کرد و نەعیمیشی بەردا و لەگەڵی ڕێک کەوت. لە دوای ئەمە، کوڕی شەرمزن ئیتر کۆمەکی ئیبراهیم سالاری نەکرد، حیلە و خیانەتی تری شەرمزن لای هەر دوو برا بە تەواوی مەعلووم بوو و لەگەڵ یەکدا موخابەرە و ئیتیفاقیان کرد.
نەعیمی لە حەپس نەجاتی بوو، ڕایکردە موقان و لەوێ لەگەڵ ئیسحاق کوڕی عیسا کوڕی موکتەفیبیللای عەباسی کەوتە موخابەرەوە و بۆ ئیدیعای خەلافەت تەشویقی کرد و تەعەهودی کرد کە لەشکری بۆ ڕێک بخا و ئازەربایجانیشی بۆ زەوت بکا. واقیعەن بە سێسەد سوارێکەوە چووە لای و شەرمزنیشی دەعوەت کردە لای و بەیعەتی کرد. جستان شا لەگەڵ میر ئیبراهیمی برایدا و لەگەڵ ئەم موددەعی خەلافەتە کە عینوانی «ئەلموستەجیر» بوو، شەڕیان کرد و شکاندیان و گرتیان، کوڕی شەرمزنیش خۆی هاویشتە قەڵای «ئورمیە»وە. (الکامل، جوزئی ٨).} ڕووی کردە ئاردەوێڵ و بە ئاسانی زەوتی کرد. جستانی برای خۆی هاویشتە قەڵای «نیر». لە پاشدا عەسکەر بۆ پارە ناسریان تەنگەتاو کرد و ناسر ئەمانەی پێ ڕازی نەکرا. مامی دەستگیرۆدەیی نەکرد. ناسر تێگەیشت کە مامی لە خشتەی بردووە، پەشیمان بۆوە و لەگەڵ جستاندا موخابەرەی کرد و ئاشت بووەوە و پادشایەتیی کاکی قەبووڵ کرد. بەڵام دیسان هیچیان پێ نەکرا، چونکە بۆ ئیدارەی لەشکر پارەیان نەبوو. ئیش و کاری وڵات بە سەبەبی ئەم شەڕ و شۆرەوە تێک چووبوو. سەرکردەکان ئیتاعەتیان نەئەکرد و دوو برا بەرامبەر بەم حاڵە خۆیان ڕانەگرت و نووسییان بۆ مامیان کە بچنە لای و عەهد و پەیمانیان لێ سەند و لەگەڵ دایکیان چوونە لای واه سۆزان. کە گەیشتنە ئەوێ، مامیان خیانەتی کرد. خیلافی شەرت و سوێند، گرتنی و حەپسی کردن و ئیدارەی مەملەکەتی گرتە دەستی خۆی و ئیسماعیلی کوڕیشی کردە وەلیعەهد و بەشی زۆری وڵاتانی دایە دەستی و پارەیەکی زۆری بە سەر لەشکردا دابەش کرد و مەمنوونی کردن.
ئیبراهیم سالار لەو وەقتەدا چووبوو بۆ ئەرمینییە. کە خەبەری گیرانی براکانی زانی، دەستبەجێ لەگەڵ ئیسماعیلی ئامۆزایا کەوتە شەڕەوە و ویستی براکانی نەجات بدا. واه سۆزان کە ئەم خەبەرەی بیست، کەوتە تەلاشەوە، لە لایەکی تریشەوە بەعزێ لە ئەهالی و عەسکەری دەیلەمیش لێی وەرگەڕانەوە. کە وای زانی، جستان و ناسر و دایکیانی کوشت و نووسی بۆ جستانی شەرمزن کە بچێ بۆ شەڕی ئیبراهیم و پارەی لەشکریشی بۆ نارد (٣٥٩ هـ).
ئیبراهیم بەرامبەر بەم وەزعییەتە نەیتوانی ڕاوەستێ و گەڕایەوە ئەرمینییە. جستانی شەرمزن هەڵیکوتایە سەر باقی لەشکرەکەی و شکاندی و مەراغە (مەرکەزی میر ئیبراهیم) و ئورمییەشی داگیر کرد (الکامل، ج ٨، ل ٢٩).
میر ئیبراهیمی سالار گەڕابووەوە ئەرمینییە و موددەتێک لەوێدا ما، لە ٣٥٥ هـ.دا لەشکرێکی موناسیبی پێکەوە نا و ویستی دیسان بچێتە سەر ئازەربایجان، لەگەڵ جستانی شەرمزندا موخابەرەی کرد و ڕێک کەوتنەوە. بەم تەرحە قووەت و نفووزی زیاد بوو. تەسادوف لەو بەینەدا ئیسماعیلی واه سۆزان، لە ترسا ڕایکرد و لەگەڵ کوڕی میشکی چووە وڵاتی دەیلەم.
میر ئیبراهیم هەموو وڵاتی ئازەربایجانی داگیر کرد و موڵک و ئەملاکی مامی، هەموو زەوت کرد. لە دوای بەینێک واه سۆزان بە لەشکری دەیلەمییەوە هاتە سەر ئازەربایجان و داخڵی قەڵای «ترم» بوو. ئەبولقاسم کوڕی میشکیی بە لەشکرەوە ناردە سەر میر ئیبراهیم و لە دوای شەڕێکی قورس، میر ئیبراهیم شکا و بە تەنیا و ئەنواعی ئەزیەت، خۆی گەیاندە ڕەی، لای ڕوکنئەلدەولەی مێردی خوشکی. بە تەبیعەت قەدر و حورمەتێکی زۆری گیرا.
ئیبراهیم سالار
لە عەینی ساڵدا و لە عوسیانی دەیلەمی لە پایتەختی ڕوکنئەلدەولەدا، سالار ئیبراهیم خزمەتێکی زۆری کرد و حەتتا برینداریش بوو، بەڵام نەمرد. لە پاشدا ڕوکنئەلدەولە لەشکرێکی موناسیبی دا بە ئەبولفەزلی وەزیری و لەگەڵ میر ئیبراهیم ناردی بۆ ئازەربایجان. ئەبولفەزل کوڕی عەمیدە، بە لەشکری بوەیهییەوە گەیشتە ئازەربایجان و گرتی. جستانی شەرمزنیشی لەگەڵ ئیبراهیم ڕێک خستەوە.
ئەم وەزیرە عاقڵە کە چاوی بە سەروەت و بەرەکەتی وڵاتەکە کەوت، حەیران بوو. بە دزییەوە بۆ ڕوکنئەلدەولەی نووسی کە حەیفە ئەم وڵاتە بە دەست حوکمدارێکی وەکوو سالار ئیبراهیمەوە بێ و ئولفەتی لەگەڵ عەیش و عوشرەتدا زۆرە و بە نەتیجە ئیدارەی پێ ناکرێ. وا مەسڵەحەتە کە لە جێگایەکی تر موڵکێکی بدەیتێ و ئازەربایجان بۆ خۆت موحافەزە بکەی. ڕوکنئەلدەولە ئەم تەکلیفەی قەبووڵ نەکرد و ئەمری بە گەڕانەوەی ئەبولفەزل دا.
دەرحەق بە وەقایعی دەوری دوایی میر ئیبراهیم، مەعلووماتێک نییە، بەڵام بە گوێرەی ڕیوایەتی «پێشکەوتن» (نەشریات ـ ٦) ئەبێ تا ساڵی ٣٨٠ حکوومەت دەوامی کردبێ. لە دوای ئەو، ڕاویدی کوڕی و لە پاش ڕاویدیش، گلاسی کوڕی ڕاویدی و لە دوای ئەویش واە سۆزانی کوڕی گلاس بووبێتە حوکمداری ئازەربایجان (٤١٥ هـ).
واە سۆزانی دووەم
مەملەکەتی ئازەربایجان لە زەمانی ئەم حوکمدارەدا (٤٢٠ هـ) تووشی ئیستیلای قەومی «غەز» بوو. واە سۆزان ویستی بە میوانداری و خزمەت، واڵتەکەی لە شەڕی ئەم قەومە وەحشییە بپارێزێ. زۆر خزمەتی کردن بەڵام فائیدەی نەبوو. نەرمی و خزمەتی واە سۆزان و خێڵاتی کورد، بیلعکەس غەزەکانی زیاتر مەغروور کرد و لە هیچ خراپە و شەناعەتێ خۆیان نەپاراست و مەملەکەتیان تووشی زەرەر و ئیفسادێکی زۆر کرد.
لە ساڵی ٤٢٩ هـ.دا هەڵیانکوتایە سەر شاری مەراغە، خەڵکی شارەکەیان هەموو کوشت، مزگەوتەکەیان سووتاند و ساف لە ساف تاڵانیان کرد و هەرچی دین و ویجدان قەبووڵی ناکا، کردیان و خێڵاتی کوردی ئەو ناوەشیان بەو دەردە برد.
لە دوای ئەم وەحشەت و شەناعەتە، عەشایری کورد لە مەعییەتی ئەبولهیجای کوڕی ڕیبئەلدەولەی ڕەئیسی عەشیرەتی هەزبەنیدا کۆ بوونەوە و بۆ دەفعی بەڵای غەز، لەگەڵ واە سۆزاندا ئیتیفاقیان کرد. کە غەزەکان چاویان بەم ئیتیحاد و ئیتیفاقە کەوت، خۆفیان لێ نیشت و ڕوویان کردە ڕەی و بڵاو بوونەوە؛ کورد کەوتنە شوێنیان و زۆریان لێ کوشتن. تاقمێکی تریان کە کەوتبوونەوە ئەرمینییەوە و بە قەتڵ و تاڵانەوە مەشغووڵ بوون، کە ئەم خەبەرەیان بیست، گەڕانەوە ئورمییەی وڵاتی ئەبولهیجای هەزبەنی و لێرە تووشی تەعەڕوزی کوردەکان بوون، بەڵام بە نەتیجە هەر دوو لا زایعاتێکی زۆری دا و ئەبولهیجا لە عۆدەیان نەهات.
لە ساڵی ٤٣٢ هـ.دا واه سۆزانی مامەلان ، لە تەورێز زیافەتێکی کرد و ڕەئیسەکانی غەزی دەعوەت کرد و بە فێڵ هەمووی گرتن. لە دواییدا لەشکری لێ کردن و زۆری لێ کوشتن و لە خاکی ئازەربایجان دەریکرن.
دەرحەق بە ئەحواڵی زەمان و ئەم حوکمدارە ئیتر مەعلووماتێک نییە و تا وەقتی هاتنی توغڕول بەگی سەلجووقی بۆ وڵاتی ئازەربایجان، زۆر کەم باسی ئەحواڵی ئەم وڵاتە کراوە.
بە گوێرەی ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ٤، لە ساڵی ٤٣٤ هـ.دا زەلزەلە (بوومەلەرزە)یەکی بەشیددەت شاری تەورێزی وێران کرد. پاشای ئەم وڵاتە (واە سۆزان)، لە خۆفی تایەفەی غەز، قەڵایەکی تری دروست کرد و پایتەختی نەقڵ کردە ئەوێ.
لە ساڵی ٤٣٨ هـ.دا ناسر خوسرەو ناو حوکمدارێک، لە تەورێزدا ئیدارەی سەڵتەنەتی کردەوە و عینوانیشی سەیفئەلدەولە و شەرەفوڵڵا و ئەبو مەنسوور واه سۆزان کوڕی محەمەد (مامەلان) بوو و «مەولای ئەمیر ئەلموئمینین»یان پێ گوتووە.
لە ساڵی ٤٤٦ هـ.دا سوڵتان توغروڵ کە لە ئەسفەهانەوە ڕووی کردە ئازەربایجان، ئەمیر ئەبو مەنسوور واه سۆزان کوڕی محەمەد ئەلڕەوادی چوو بە پیریەوە و ئیتاعەتی کرد و لە ئیعتیباری ئەم تاریخەوە حکوومەتی ڕەوادیی ئازەربایجان بوو بە حکوومەتێکی تابیعە و بەم نەوعە دەوری سەربەخۆیی حکوومەتی ڕەوادی دوایی هات، چونکە مەبدەئی تەئسیسی مەعلووم نییە، حیسابکردنی دەوری سەربەخۆیی مومکین نییە. بێجگە لە ئازەربایجان، بەشێکی جیبالیش لە ژێر حوکمیدا بووە.
دەرحەق بە دەوری دوایی ئەم حکوومەتە، مەعلوومات زۆر کەمە و تەنیا باسی «ئەحمەدیل» کراوە، بەڵام سەید حوسێن موکریانی ئەڵێ واه سۆزانی دووەم لە ٤٥٨ هـ.دا وەفاتی کرد و ئیبراهیمی کوڕیشی تا ٤٩٠ هـ حوکمدار بووە.
زاهیر وایە کە لە دەوری حکوومەتی ئیبراهیمدا تەورێز لە دەست حکوومەتی ڕەوادی دەرچووە و کەوتۆتە ژێر حوکمی تورکەوە و حکوومەتی ڕەوادی تەنیا لە مەراغەدا دەوامی کردووە (الکامل، جڵدی ١٠، ل ٢٠٥).
ئەمیر ئەحمەدیل
ئەم زاتە بە پێی ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، کوڕی ئیبراهیم کوڕی واە سۆزانی ڕەوادیی کوردییە و ئەبێ حکوومەتی مەراغە لە تەڕەف ئەمەوە زیندوو کرابێتەوە کە تا تاریخی ٦٢٤ هـ دەوامی کردووە.
ئەمیر ئەحمەدیل لە ساڵی ٥٠٥ هـ.دا کە سوڵتان محەمەدی کوڕی مەلیک شاە لەشکری کردە سەر دەوڵەتی ڕۆم، لەگەڵ ئەمیرانی تەورێز (سوکمان قوتبی) و مووسڵ (ئەمیر مەودوود) و بەعزێ ئومەرای تر و ئەبولهیجای حاکمی هەولێر، بە لەشکری خۆیەوە ئیشتراکی کرد. لە سووریە لەگەڵ سەرداری مەلیکی قودس کە مەشهوور «ژۆسلین» بوو، شەڕی کرد (تاریخی حەلەب).
ئەمیر ئەحمەدیل بە سەبەبی وەفاتی سوکمان قوتبیی حاکمی دیاربەکر و تەورێز، سووریەی بەجێ هێشت و گەڕایەوە ئازەربایجان و مەقسەدیشی سەندنەوەی موڵکی باوک و باپیری بوو. ئیبنئەلجەوزی ئەڵێ ئەمیر ئەحمەدیل پێنج هەزار سواری خاس و دائیمی هەبوو، واریداتی ساڵانەی موڵکی خۆی، چوارسەد هەزار دینار بوو.
لە ساڵی ٥١٠ هـ.دا «ئەتابەک توغتەکین»ی حاکمی شام بە میوانی هاتبووە بەغدا بۆ لای سوڵتان محەمەد و بەم موناسەبەتەوە، ئەغڵەبی ئومەرا و حوکمدارانیش هاتبوونە بەغدا، ئەمیر ئەحمەدیلیش لە ناو ئەمانەدا بوو و لە تەنیشت توغتەکینەوە دانیشتبوو. لەو وەقتەدا کابرایەک هاتە ژوورەوە و کاغەزێکی بە دەستەوە بوو، ئەمیر ئەحمەدیل ڕاست بووەوە کە ئیستدعاکەی لە دەست وەرگرێ، کابراکە خەنجەرێکی ڕووتی بە دەستەوە بوو، هەڵمەتی دایە ئەمیر و خەنجەرێکی لێدا. ئەحمەدیل گرتی و دای بە زەویدا. لەو وەقتەدا یەکێکی تر هجوومی کردە سەری و خەنجەرێکی تری لێدا. خولاسە ڕەفیقێکی تریشیان پەیا بوو و ئەویش خەنجەرێکی لە ئەمیر دا و بەم تەرحە شەهید کرا. توغتەکین وای زانی کە ئەمە بە ئەمری سوڵتان کراوە، بەڵام لە پاشدا مەعلووم بوو کە ئەم قاتڵانە باتنین (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام؛ معجم البلدان).
ئاق سونگور ئەحمەدیلی
کوڕی ئەحمەدیل بوو و لە دوای وەفاتی باوکی، بوو بە ئەمیری مەراغە. لە ٥١٤ هـ.دا کە حاکمی مووسڵ و ئازەربایجان، مەلیک مەسعوود، بەرامبەر بە سوڵتان مەحموودی برای، عوسیانی کرد، قاسمئەلدەولە بوزورگی، کۆنە ئەتابەکی خۆی بوو، بۆ حاکمییەتی مەراغە نارد، بەڵام ئەم عوسیانە زوو تەسکین کرا و لە ٥١٥ هـ.دا ئەمیر ئەحمەدیل دیسانەوە لە بەغداوە بۆ ئیمارەتەکەی خۆی نێررایەوە. لە عەینی ساڵدا، «ئەمیر کون توغدی» [کە] لە تەڕەف سوڵتان توغروڵەوە حاکمی ئەران بوو، وەفاتی کرد. ئاق سونگور ویستی لە لای سوڵتان خۆی پێش خا و جێگەی کون توغدی بگرێتەوە. سوڵتان توغروڵ خەبەری بۆ نارد کە بە دەهەزار کەسەوە لە مەراغەوە بێتە لای و بۆ زەوتکردنی ئاردەوێڵ یارییەی بدا، بەڵام ئەم سەفەرە بێ نەتیجە ما و لەو بەینەدا سوڵتان مەحموود بە واسیتەی جەبووش بەگەوە مەراغەی داگیر کرد.
لە سیلسیلەی وا دەرئەکەوێ کە ئەمیر ئاق سونگوری ئەحمەدیلی لە دواییدا دیسان لەگەڵ سوڵتان مەحموود ڕێک کەوتەوە و کراوە بە ئەتابەکی «داود»ی کوڕی، کە وەلیعەهدی سوڵتان مەحموود بوو.
لە ساڵی ٥٢٣ هـ.دا ئاق سونگور ئیشتراکی سەفەری سەر «دوبیس مەزیاد»ی کرد. ساڵی دوایی بۆ دامەزراندنی داودی کوڕی سوڵتان مەحموود، زۆر فەعالیەتی نواند. لە ٥٢٦ هـ.دا لەشکری سوڵتان توغروڵ و لەشکری داود لە نزیک هەمەدان تووشی یەکتری بوون و داود بە سەبەبی عوسیانی لەشکرەکەیەوە نەیتوانی بەرامبەری بوێستێ و لەگەڵ ئاق سونگور ئەحمەدیلیدا ڕایکرد. سوڵتان توغروڵ مەراغە و تەبرێزی داگیر کرد.
لە دوای بەینێ، داود و مەلیک مەسعوودی مامی و ئەتابەک ئاق سونگور چوونە بەغدا و لەوێ خەلیفە یارییەیەکی زۆری دان. نیهایەت مەلیک مەسعوود و داود و ئاق سونگور بە لەشکرێکەوە ڕوویان کردە مەراغە و لێرە بە معاوەنەت و نفووزی ئەحمەدیلی، مەراغە و ئازەربایجانیان بە تەواوی داگیر کردەوە. لە دوای ئەمە ڕوویان کردە هەمەدان و قووەتی توغروڵ سوڵتانیان لەو لایەش دەرپەڕاند و هەمەدان کەوتە ژێر حوکمی مەلیک مەسعوودەوە. بەڵام لە وەقتی گرتنی ئەم شارەدا ئاق سونگور ئەحمەدیلیش وەکوو باوکی، لە تەڕەف باتنییێکەوە کوژرا (٥٢٧ هـ) و ئەم قاتیلەش لە تەڕەف وەزیری سوڵتان توغروڵەوە بۆ ئەم جینایەتە تەعیین کرابوو.
ئاق سونگوری دووەم
ئاق سونگوری دووەم کوڕی ئاق سونگوری ئەحمەدیلی ئەووەڵە، بەڵام بەعزێ لە موئەرریخین بە چەند ناوێکەوە باسیان کردووە. دوژمنی ئەم ئەمیرە، «ئوزبەک کوڕی بالنیکاری»ی دۆستی سوڵتان مەسعوود بوو کە بۆ زەوتکردنی ئەران و ئازەربایجان هەوڵی ئەدا.
ئەمیر ئوزبەک لە ساڵی ٥٤١دا مەراغەی موحاسەرە کرد، لە ساڵی ٥٤٥دا سوڵتان مەسعوود بیلزات خۆی بە لەشکرەوە هاتە سەر مەراغە و گرتی و قەڵاکەی ڕووخاند بەڵام زۆری پێ نەچوو ئوزبەک لە بەر قەڵای «ڕویندز»دا لەگەڵ ئاق سونگور ئاشت بووەوە. کوژرانی ئوزبەک لە ساڵی ٥٤٧دا لە تەڕەف سوڵتان محەمەدەوە بووە سەبەبی عاجزی ئەمیر ئیلدگز و ئەمیر ئاق سونگور. ئەم دوو ئەمیرە مەلیک سلێمانیان لە جێگەی سوڵتان محەمەد لە سەر تەختی هەمەدان دانا. بەڵام سوڵتان محەمەد تیکرار حکوومەتی هێنایەوە ژێر چنگی خۆی و پیاوی ناردە لای دوو ئەمیری ئازەربایجان (ئیلدگز و ئاق سونگور) و ویستی لەگەڵیان ڕێک بکەوێتەوە، لە ٥٤٩دا لە بەیندا سوڵح کرا و وڵاتی ئازەربایجان لە بەینی ئەو دوو ئەمیرە گەورەیەدا بەش کرا.
سوڵتان محەمەد لە پێش مردنیدا مەلیک داودی کوڕی بچووکی خۆی، خستە ژێر حیمایەی ئەمیر ئاق سونگورەوە، چونکە سوڵتان ئەرسەلانیش لە ژێر وەسایەتی ئەمیر ئیلدگزدا بوو. بە فیکری دامەزراندنی ئەم کوڕە، پەهلەوان کوڕی ئیلدگز بە لەشکرەوە چووە سەر ئەمیر ئاق سونگور، بەڵام ئەمیری مەراغە بە یارمەتیی شای ئەرمەن، لە قەراغ چەمی سفیدڕوود پەهلەوانی شکاند (٥٥٧ هـ) و لە دواییدا ٥٠٠٠ کەسیشی نارد بە ئیمدادی حاکمی ڕەیەوە کە لەگەڵ ئیلدگزدا شەڕی ئەکرد، بەڵام ئیلدگز شکاندنی.
زاهیر وایە کە لە پاش بەینێ، ئیلدگز و ئاق سونگور ئاشت بوونەوە، چونکە لە سەفەری ئیلدگز بۆ سەر وڵاتی گورجی، ئاق سونگوریش یارییەی داوە. ئەمیری مەراغە لە ساڵی ٥٦٠ هـ.دا چووە بەغدا و لەوێ مەزهەری شوکران و لوتفی مەلیک داودی مەحمیی بووە.
لە عەینی ساڵدا پەهلەوان، ئەمیر ئاق سونگوری لە مەراغەدا موحاسەرە کرد، بەڵام زوو ئاشت بوونەوە. دەرحەق بە دوایی ئەحواڵی ئەمیر ئاق سونگور، مەعلووماتێکی ڕێکوپێک نییە؛ تەنیا ئیبنی ئەسیر ئەڵێ لە ٥٦٤دا ئەمیری ڕەی (ئینیانج) کوژرا و «قوتلوغ»ی برای ئاق سونگور قیامی کرد و ئەتابەک پەهلەوانی کوڕی ئیلدگز، قوتلوغی تەجزیە کرد و حکوومەتی مەراغەی دا بە عەلائەددین و ڕوکنەددینی برای.
لەمە وا حاڵی ئەبین کە ئەمیر ئاق سونگوری دووەم وەفاتی کردووە و چوار کوڕی هەبووە. لە بەینی ئاق سونگوری سێیەم و قتلغدا شەڕ و هەرایەکی زۆر بوو و لە سەر ئەمە، پەهلەوان کەوتۆتە بەینەوە و حکوومەتەکەی داوە بە دوو کوڕی بچووکی ئاق سونگوری دووەم و دوو براکەی تری مەحرووم کردووە.
ئیبنی ئەسیر لە ساڵی ٥٧٠دا باسی فەلەکەددینی حاکمی مەراغە ئەکا، کوڕەزای ئاق سونگوری دووەم بووە و باوکی، حقووقی حاکمییەتی خۆی بۆ تەرک کردووە. لە زەمانی ئەم ئەمیرەدا پەهلەوان دیسان هاتۆتە سەر مەراغە و ڕویندز و بە شەرتی تەرککردنی تەورێز بۆ خانەدانی ئیلدگز، لە بەینا سوڵح کراوە.
لەوەش وا دەرئەکەوێ کە تا ئەو وەقتە (٥٧٠ هـ)، تەورێزیش لە ژێر حوکمی مەراغەدا بووە و هەموو موحیتی چیای شەحند (= سەهەند) بە دەست خانەدانی ئەحمەدیلییەوە بووە.
لە دوای ئەمە، وقووعاتی ٣٠ ساڵێک گومە، تەنیا باسی ئیتیفاقێکی ئەمیری مەراغە، عەلائەددین بەگ، لە ٦٠٢دا لەگەڵ ئەمیری هەولێر، مزەفەرەددین گوگبریدا کراوە و مەقسەدیش لەمە زەوتکردنی ئازەربایجان لە ئەبووبەکری ئیلدگز بووە. لەشکری موتتەفیقین ڕووی کردۆتە تەورێز، لەولاوە ئەمیر ئەبووبەکر، عەبدی قەدیمی خانەدانی ئیلدگز، ئای توغمشی بۆ معاوەنەت بانگ کردووە، لە دواییدا مزەفەرەدین گوگبری گەڕاوەتەوە هەولێر و ئای توغمشیش لە شوێن عەلائەددین بەگەوە تا بەردەمی مەراغە هاتووە. لە پاشدا عەلائەددین بەگ مەجبوور بووە کە قەڵاکەی ئەوێ، کە سەبەبی نیزاعی تەرەفەین بووە، تەرک بکا و بەرامبەر بەمە شارانی ورمێ و ئۆشنۆ (=شنۆ)ی دراوەتێ.
لە ساڵی ٦٠٤ هـ.دا عەلائەددین بەگ کە ئیبنی ئەسیر قەرەسونگوری پێ ئەڵێ، وەفاتی کردووە و کوڕێکی بچووکی لە پاش بەجێ ماوە، پیاوێکی ئازا و سادقی عەلائەددین بەگ ئەم کوڕەی حیمایە کردووە، بەڵام ئەم کوڕە لە ٦٠٥ هـ.دا مردووە و ئەبووبەکر ئیلدگز لە دوای ئەمە هەموو موڵکی ئەحمەدیلی داگیر کردووە، کە تەنیا ڕویندز ماوەتەوە کە ئەویش بە دەست پیاوە سادقەکەی، عەلائەددین بەگەوە بوو.
زۆر ڕەنگە کە ئەو عەلائەددین بەگەی لە تەرەف شاعیر «نیزامی»یەوە لە «هەفت پەیکەر»دا مەدح کراوە، عەلائەددین بەگی حاکمی مەراغە بێ و نیزامی باسی دوو کوڕی عەلائەددین بەگ ئەکا کە ناویان نەسرەددین محەمەد و ئەحمەد بووە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ بەیاناتی ئەلئەسیردا موقایەسە بکرێ، ئەبینرێ کە ئەم دوو کوڕە هەردووکیان لە پێش عەلائەددین بەگدا مردوون.
حکوومەتی خانەدانی ئەحمەدیلی، بەینێکیش لە تەرەف ئافرەتەوە ئیدارە کراوە. لە ٤ی سەفەری ٦١٨ هـ.دا لەشکری مەغۆل گەیشتۆتە ئەم ناوە و مەراغەیان بە زۆر داگیر کردووە. شارەکەیان وێران و تاڵان کردووە و سووتاندوویانە و خەڵکەکەشیان کوشتووە. بەڵام مەلیکەی مەراغە کە لە قەڵای ڕویندزدا بووە، لەم بەڵایە نەجاتی بوو.
ئاخر نەتەوەی خانەدانی ڕەوادی، ئەم مەلیکەیە کە کوڕەزای عەلائەددین بەگ بووە و ناوی «من هواداد» بوو، لە دوای چەند ساڵێک لە ڕویندزدا شووی کرد بە کوڕە کەڕ و لاڵەکەی ئیلدگز ئوزبەک. لە دوای گەڕانەوەی جەلالەددین لە عێراق، ئەم مەلیکەیەی مارە کردووە و ڕویندزیشی کەوتۆتە دەست (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ٣، ل ٢٨٠، ٢٧٩).
بەم تەرحە لە دوای حکوومەتێکی چوارسەد ساڵی، خانەدانی ڕەوادیی کورد لە ناو چووە.