حکوومەتی میتانی
ئەم حکوومەتە ئەبێ قۆڵێکی کاسای بێ و لە مەنزوومەی سوباریدایە. لە شیمالی جزیرەدا حکوومەتێکی گەورەی دامەزراندووە و لە جوملەی چوار حکوومەتی بەقووەتی میسر، هیتیت، کاسای و میتانیی زەمانی خۆی بووە. مەرکەزی «واششۆغانی» بووە.
لە تاریخی ١٥٨٠ پ.م.دا فرعەونی میسر، تەهوتیمسی ئەووەڵ ، لە سەفەری ئاسیایدا تەسادوفی حکوومەتی میتانی کردووە و لە موحارەبەیەکی حدووددا شکاندوویەتی. لە ئیعتیباری ئەم تاریخەوە لە بەینی دوو حکوومەتدا موناسەبەت پەیا بووە ولە ١٥٢٢ پ.م.دا میتانی بۆتە تابیعێکی میسر.
لە عەسری چواردەیەمینی پ.م.دا لەگەڵ حکوومەتی هیتیت ئیتیفاقی کرد و لە فتووحاتی ئەم قەومەدا حیسسەیەکی گەورەی شان و شەرەفی هەیە. لە ئەواخیری عەسری سیانزەیەمیندا ئۆردووی میسری لە وڵاتی «عامووری» دەرپەڕاند و قەڕاڵی میتانی، «کوشان ریش ئاسایم»، بەشی لای ژوورووی سووریای داگیر کرد و قەومی بەنی ئیسرائیلی هەشت ساڵێک خستە ژێر حوکمی خۆیەوە، بەشی زۆری کوردستان و وڵاتی ئاسووری و ئاراقاش بە دەس حکوومەتی میتانییەوە بووە.
لە دواییدا بەرەبەرە بێهێز کەوت، وڵاتانی غەربی فورات کەوتە دەست هیتیت و شیمالی سووریاش کەوتە دەست فرعەونەکانی میسر و وڵاتانی شەرقیش لە تەڕەف «تیغلات پلایزەر»ی ئەووەڵ، قەڕاڵی ئاسوورییەوە زەوت کرا و نیهایەت لە زەمانی «ئاسوور ناسرپاڵ»ی سێیەمدا باقی وڵاتانیشی لە دەست چوو و حکوومەتەکەی دوایی هات (عەسری هەشتەمی پ.م).