کوردی بلووجستان و هیندستان

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 2 خولەک  755 بینین

عەشیرەتی براخۆی هەرە بەقووەتی عەشائیری کوردی ئێرەن. مەرکەزی کەسافەتیان لە دەوری «کەلات»ە لە «کەتتا»وە تا «لاس بەللا» نزیکی ٢٢٠ میل، مەنتیقەی ئەم عەشیرەتەیە. لە «بلووج» کەمتر، بەڵام بە حوکم و نفووزترن. حاکمییەتی مەرکەزی بلووجستان، کە «کەلات»ە، بە دەس ڕەئیسێکی ئەم عەشیرەتەوەیە کە لە فرقەی کامبەرانییە. دوو بەشی گەورەیە: سەراوان (براخۆی سەروو) و جاهلەوان (براخۆی خواروو).

دەرحەق بە مەنسووبیییەتی ئەم عەشیرەتە بە قەومی کورد بەعزێ شوبهە نوێنراوە، بەڵام لام وایە ئەم شوبهانە زەعیفە چونکە ناوەکەیان دەلیلێکی بەقووەتە.

بێجگە لەمەش عەشیرەتێکی کوردی گەورە و خالیسیشیان لە ناودایە کە کوردگەلی مەشهوورە و ئەساسی براخۆی تەشکیل ئەکەن. ڕەنگە لە غەربی ئێرانەوە بۆ ئێرە هاتبن. زاتەن عەشیرەتی براخۆیش ئەبێ لەوێوە هیجرەتی کردبێ.

میقداری نفووسی ئەم عەشیرەتی براخۆیە ٣٠٠٠٠٠ کەسێکە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام).

لە هیندستانیشا بەعزێ لەم عەشائیرە هەیە و لە وڵاتی سەنددا ساکینن. نفووسیان ٤٨١٨٠ کەسێکە. ئەم عەشیرەتی براخۆیە هەمووی سوننی مەزهەبن. زمانەکەیان بەعزێ کەلیمەی بلووجی و ئێرانی تێکەوتووە و لەهجەکەیان نزیکی لەهجەی هیندی مەرکەزی دراویدە، بە تەبیعەت ئەم حاڵە نەتیجەی ئیختلات و دراوسێیەتییە. سەرف و نەحویان، تەقریبەن عەینی سەرف و نەحوی بلووجییە. بێجگە لە عەشیرەتی براخۆی، لە ناو عەشائیری بلووجدا دوو عەشیرەتی تری کوردیش هەیە کە بە مامەسەنی (مام حەسەنی) مەشهوورن و ئەمانەش دیسانەوە ئەبێ لە غەربی ئێرانەوە هاتبن (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام).