لە لوڕستاندا
«تاریخی گوزیدە» ئەڵێ قەومی لوڕ دوو بەشە و هەشت فرقەیە. بێجگە لەم فرقانەش هەژدە عەشیرەتی هەبووە. عەشائیری ساهی، ئارسان، ئاراکی و بوەیهی بە لوڕی قسەیان ئەکرد، بەڵام لوڕ نەبوون.
لوڕی ئێستاکە چوار بەشی گەورەیە: مامەسانی، کوهگیلۆیی، بەختیاری و لوڕی ئەسڵی. کوردی لوڕ، بە سەبەبی تێکەڵی زۆری لەگەڵ ئێرانی و عەشائیری ئێران، زمانەکەی نزیکی فارسی کەوتۆتەوە بەڵام دیسانەوە ئەسڵی خۆی موحافەزە کردووە و کورد ماوەتەوە.
لەمانە کۆمەڵە گەورەی مامەسانی (مام حەسەنی) چوار قۆڵە: باکاش، جاویدی، دەشمنزاری و ڕۆستەمی.
کۆهگیلۆییش سێ بەشە: ئاغاجاری، باوی و جکی. ئەم بەشە گەورانەش هەر یەکێ چەند قۆڵێکی لێ بۆتەوە. مەسەلەن ئاغاجاری نۆ قۆڵە و چواری تورکمانە، یەعنی چوار عەشیرەتی تورکمانیش خۆی خستۆتە ناو کۆمەڵی ئاغاجارییەوە.
کۆمەڵی بەختیاری دوو قۆڵی گەورەی لێ بۆتەوە. چارلنگ، هەفت لنگ. ئەم قۆڵی دووەمە ئێستاکە زۆر بەقووەتە. قۆڵی ئەووەڵ لە بەینی برووجێرد و گوڵپایگاندایە. موستەشریق ڕۆسۆ جێگەی خێڵاتی بەختیاری لە دەوری سەبزکووهـ، زەردکووهـ، شووشتەر، ئەسفەهان و کرماشاندا ئەنوێنێ و نفووسیان بە تەخمینی بە ١٠٠هەزار ماڵ وەیا ٣٠٠هەزار کەس دائەنێ (کوردلەر).
کۆمەڵی لوڕ چوار قۆڵی موهیمی لێ بۆتەوە: دیریگەوەند، سکەوەند ... الخ. ڕەنگە فرقەی دیریکەوەند بناغەی قەومی لوڕ بێ و بە گەورەکەیان میر ئەڵێن.
قۆڵی فەیلی لە لوڕستانی گەورەدان و زاریع و ئیشکەرن. نفووسیان لە بەینی ٥٠٠٠٠ تا ٨٠٠٠٠ کەسێک تەخمین کراوە و دوو بەشن: پشتکووهـ و پێشکووهـ. هەر یەکێ لەمانەش نزیکەی حەڤدە خێڵێکی لێ بۆتەوە (ڕۆسۆ).
موسیۆ ژونەئانیش ئەم خێڵاتەی لە لوڕستاندا دۆزیوەتەوە: عەبدوڵڵاوەند، شێخەوەند، کاکەوەند، گەڕووس، کیسەوەند، ڕەمزبار، زەهرەوەند، باجلوەند، جلیوەند، کەڵهوڕ، مافی، قەرەزنجیری، زەنگەنە، سەعدەوەند.
عەشائیری «لەک»یش یەکێ لە قۆڵە گەورەکانی لوڕە و کوردێکی تەواون.
ئینسقلۆپەدیای ئیسلام جڵدی ٣٢ لاپەڕە ١١-١٢ ئەڵێ لە ئەسڵدا سەدهەزار کەسێک بوون و لە بەر ئەوە ناویان نراوە لەک. ئەم عەشائیرە ئێستاکە لە لوڕستانی شیمالیدا و لەگەڵ عەشائیری لوڕا تێکەڵاون. بە گوێرەی تاریخ ئەبێ ئەم عەشائیری لەکە، لە وڵاتی شیمالەوە هاتبنە ئەم ناوە. ڕابینۆ ئەڵێ ئەم عەشائیرە لە تەڕەف شاە عەباسەوە بۆ تەحدیدی نفووزی والیی حەسینخان هێنراونە ئەم ناوە. عەینی موستەشریق ئەڵێ: سلسلە، دلفان، باجەلان و زەند و مافی و زەندیای کالە فرقەی لەک بوون.
کەریم خانی زەند لە زەمانی خۆیدا فرقەی «بایرانەوەد»ی لەکی هێنابووە شیراز لای خۆی. ئەم عەشیرەتە لەگەڵ عەشیرەتی باجەلاندا لە ١٢١٢ی هیجریدا بۆ ئیحیای حکوومەتی زەند کۆمەکی محەمەد خانی زەندیان کرد. لە زەمانی سەڵتەنەتی قاجاردا ئەم عەشائیری لەکە، زۆر بڵاو کرایەوە و پەرێشان بوو. عەشیرەتی زەند تەقریبەن لە ناو برا و بەعزێکی چووە ناو باجەلانی دەوری خانەقینەوە. بەعزێ لە عەشائیری زەند ئێستاکە لە ناحیەی دوروفرماندا و لە جنووبی شەرقی کرمانشاهدان. بەعزێ لە عەشیرەتی مافی، ئێستاکە لە مەنتیقەی وەرامین و تەهران و قەزویندایە. بەعزێ لە عەشائیری لەک لە قەزای سەڵماسیشدا هەیە.
بە گوێرەی ئۆ. مان و ڕابینۆ، عەشائیری لەکی لوڕستانی، ئێستاکە ئەم چەند فرقەیەیە: سلسلە ٩٠٠٠ ماڵێکە، دلفان ١٤٧٠ ماڵێکە، تیرهان ئومەرائی ١٥٨٢ ماڵێکە و دالەوەند ١٠٠٠ ماڵێکە، کە مەجمووعی ماڵی ١٩٠٠٠ ئەبێ. دانەوەند کە بەشێکی بایرانەوەندە، لەگەڵ باقی بایرانەوەنددا لە شەرقی خوڕەمئابادن. سلسلە و دلفان لە دەشتەکانی ئەلیشتار و خاوەدان. تەرهان (= تەرخان) لە لای چەپی چەمی سایمارا [سەیمەرە]دان. خولاسە مەسکەن و مەئوای لەک بەشی شیمال و شیمالی شەرقی لوڕستانە کە «لەکستان»یشی پێ ئەڵێن.
عەشائیری سلسلە و دلفان و تیرخان لە ئیدارەی نەزەرعەلی خاندا کۆ بوونەوە (٩١٤ هـ). عەشیرەتی دووەم و سێیەم، هەمووی ئەهلی حەقن و شیعەیەکی موفریتن.
ئینسقلۆپەدیای ئیسلام دەرحەق بە نفووسی لوڕستان ئەڵێ، کۆڕۆزۆن لە ١٨٨١ی میلادیدا بە ٤٢١٩٩٩ کەسی تەخمین کردوون کە لەمە ١٧٠٠٠٠ی بەختیاری، ١٤٠٠٠ی کۆهگیلۆیی و ٢١٠٠٠٠یشی فەیلییە. لە ١٩٠٤دا ڕابینۆ بەشی پێشکووهی بە ١٣٠٠٠٠ و پشتکووهی بە ٥٠٠٠٠ تەقدیر کردووە.
عەینی ئەسەر لە خسووسی زمانەوە خەڵکی لوڕستان ئەکا بە دوو بەشەوە: لوڕی گەورە (مامەسانی، کۆهگیلۆیی، بەختیاری) و لوڕی پچووک یەعنی لوڕی فەیلی. زمانی ئەم دوو بەشە بە گوێرەی بەعزێ موشابەهەتی تەلەفوز و ئەداتی نیهایەت ئەشوبهێنرێتە فارسی، بەڵام ئەم نەزەرییەیە زەعیفە و زۆر موحتاجی تەدقیقە. بە زاهیر، زمانی ئەم دوو بەشە، لە فارسی زیاتر، لە کوردی نزیکترە و هەر دوو لا لە یەک ئەگەن (تەماشای بەحسی زمان بکە).
بەشی لەک بە زمانێکی کوردی نزیک کەڵهوڕی قسە ئەکەن. عەشیرەتی ماهکی لە دەوری حدوودی کرماشان و حلیلانەیشی وەکوو لەک قسە ئەکا. بەڵام عەشیرەتی کورد شوهان لە جنووبی پشتکووهدایە و بە کوردی کرمانجی قسە ئەکا.