حەکاری

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 4 خولەک  575 بینین

بە گوێرەی ئیدیعای خۆی، لە هەموو کورد زیاتر قەدیم و خالیسوددەمە و چونکە وڵاتەکەی لە هەرە قەدیمەوە مەرکەزی کوردستان بووە، لە جەدوەلی فرقەکانا یەک دوویەکی داخڵی خانەدانی ئەساسیی کورد کراوە، وەکوو عەممادییە و میسووری، بەڵام ئەمانەش بە گوێرەی جلوبەرگیان و عەنعەنات و لەهجەیان لە عەینی شوعبەن، لە دەوری قەدیمی کوردستاندا ئیمارەتێکی بەقووەت هەبوو «ئیمارەتی بتلیس»یان پێ ئەگوت کە شوعبەی حەکاریی قەومی کوردی لێ پەیا بوو و بە کرمانجی قسەیان ئەکرد و ئەم لەهجەیەش لە زمانی موکری (لەهجەیەکی سافە) نزیک بوو.

ئەم خانەدانە نەتەوەی ئەمیر قەرە عوسمانی سەلجۆقی بوو کە لە وەقتی ئیستیلای تەیمووری لەنگدا والیی حەکاری بوو. ئومەرای ئەم خانەدانە و مەنسووبانی لە بتلیس و جەزیرەی ئیبنی عومەر و عەممادیە و جووڵەمێرگ و سلێمانیدا حوکمیان کردووە و لە ئەدواری ئەخیرەی ئەم مەوقیعانەدا هێشتا خاتیراتیان ماوە، لەگەڵ ئەمەشدا ئەم جێگایانە حەکاری نین، بەڵام لیسانیان شوعبەیەکی لەهجەی حەکارییە. جەزیرەی ئیبنی عومەر و جووڵەمێرگ و عەمادیە هێشتا لە ناو حدوودی مەنتیقەی حەکاریدایە و خەڵکەکەشی لە کوردی حەکارین.

ئەم حکوومەتە ئیرسی بوو، وەکوو باقی حاکمانی کورد، ئومەراکانی لەگەڵ حکووماتی گەورە و پچووکی ئەمسالیا موعامەلەیان باش بوو. دەرحەق بە حاکمانی خراپ عادەتێکی غەریبیان بوو. مەجلیسێک کە عیبارەت بوو لە ئیختیار و ئەشرافی عەشیرەت، دەعوەت ئەکرا و ئەو حاکمەی کە نەیانئەویست ئەویشیان بانگ ئەکرد، لە دوای موزاکەرەی مەجلیس و قەراراتی بە ناو ئەهلی ئەو حاکمە، جووتێ کەوشیان ئەنایە بەردەمی، لە دوای ئەمە مەجبوور بوو کە ئیتاعەت بکا. لە دوای ئەو حاکمە بە سرە یەکێکی تر ئەهاتە جێگەی.

لە پێش ١٥١٤ی میلادیدا، کە حکوومەتی ئێران لە چاڵدێراندا مەغڵووب بوو، ئەمیری بتلیس و حەکاری ئیعتیرافی تابعیەتی ئێرانیان کردبوو، بەڵام لە دوای ئەم تاریخە و بە واسیتەی مەولانا ئیدریسەوە بوو بە تابعی تورک و زۆری پێ نەچوو ئیستقلالی خۆی ئیعلان کرد. چونکە مەوقعێکی سەخت و ئۆردوویەکی باشی بوو. لەگەڵ ئەمەشدا لە زەمانی سوڵتان مورادی ڕابعدا (١٦٤٩ م) تیکراری تابعیەتی تورکی کرد و تا زەمانی ئینقڕازی، (١٨٤٩ م)، لە سەر ئەم حاڵە دەوامی کرد. ئاخر ئەمیری، مەشهوور شەرەف بەگ بوو کە لە دوای موحاسەرە و خیانەتێک تەسلیمی تورک بوو.

حدوودی ئەم ئیمارەتە شەرقەن ئەو چیایانە بوو کە لە ١٦٣٩وە تا ١٩٠٧ بووە خەتی حدوود، ئەم خەتەش خەتی تەقسیمی میاهی بەینی حەکاری و موکری بوو. ئەم عەشیرەتی حەکارییە بە تەنیا حوکمداری گەورە گەورەی پێ نەگەیاندووە بەڵکوو ئەدەبیاتێکی باشیشی بووە. ئەحمەدی خانی شاعیرێکی مەشهووری حەکاری بوو کە گەلێ ئاساری نووسیوە. لە عەسری نۆزدەمینا ئەم عەشیرەتە شۆهرەتی خۆی بە قەتڵ و عامی گاورەکان لەکەدار کرد (١٨٣٩- ١٨٤٣ م). ئەم حادیسەیە لە ئیدارەی نورەڵڵا بەگ و بەدرخان بەگی حەکاریدا واقع بوو. حکوومەتی عەمادیە لەگەڵ ئیسماعیل پاشا دوایی هات. ئەم زاتە بەڕاستی زۆر جەسوورانە موقابەلەی تورکی کرد و لە دواییدا بۆمبا نرایە ژێر قەڵاکەیەوە و پڕ هەوا کرا و خۆشی گیرا و برایە بەغدا. شێخی سلێمانی، لەگەڵ قۆڵی عەمادیەدا ڕابیتەی سەهرێتی بوو. لەناوچوونی ئیمارەتی کورد قووەتی عەشائیری نەهێشت و حوکم و نفووز کەوتە دەس پاشاکانی تورک.