ئیستیفادە لە کورد

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 8 خولەک  794 بینین

لە ئەدواری قەدیمەوە تا ئیمڕۆ، قەومی کورد لە خدمەت و یارمەتیی حاکمانی باش و بەئینسافی خۆی قسووری نەکردووە. هەر میللەتێکی حاکمیە، کە ڕیعایەتی حقووقی کردبێ و بە عادڵی و ئینسانییەت لەگەڵی هاتبێتە پێشەوە، دائیمەن خێری لێ دیوە و لە قابلییەت و جەسارەتی، ئیستیفادەیەکی زۆری کردووە و هەر قەومێکی حاکم کە ویستبێتی زوڵمی لێ بکا و تەجاوز لە حقووق و شەرەفی بکا، بیلعەکس، زەرەرێکی زۆری لێ دیوە.

حوکمدارانی مەغرووری ئاسووری، کە دائیمەن مەییالی تەحەکوم بوون بە سەریانا، لە ئیبتیدای تەشەکولی دەوڵەتەکەیانەوە تا نیهایەتی، دائیمەن لەگەڵ کورد خەریک بوون و دائیمەن زەرەریان لێ داون و خۆشیان دائیمەن زەرەریان کردووە. لە شەڕ و دەعوای بەینی حکوومەتی پارت (ئەشکانی) و ساسانی و حکوومەتی ڕۆمادا ئەغڵەب سەحنەی حەرب کوردستان بووە و عونسوری زۆر بەکاری ئەو شەڕانەش بیلزات کورد بوون و لەگەڵ ئۆردووی ئێران بوو. حەتا لە مەبادیی ئیسلامەتیشدا دەرحەق بە حکوومەتی ئێران وەفا و سەداقەتی خۆیان بەجێ هێناوە و لەشکری ئیسلامیان زۆر هیلاک کردووە.

قەومی کورد لە تەشکیلی خیلافەتی عەباسییەدا خدمەتێکی زۆری هەیە و لە ئۆردووی ئەبا موسلیمدا عونسورێکی فەعال بوون. والیی کوردستان و ئازەربایجان، ئەبو جەعفەر ئەلـمەنسوور تەعەڕوزی ئۆردووی ڕۆمی بە معاوەنەتی عەشائیری کوردەوە دەفع کرد. مەلەکشاهی سەلجووقی بۆ تەئدیبی قاورت و سوڵتان مەودوود بۆ فەتحی مووسڵ و سوڵتان محەمەدی کوڕی مەلەکشاش بۆ زەوتکردنی سووریە، ئیستیفادەیەکی زۆری لە قووەتی کورد کردووە.

خولاسە کورد و کوردستان بۆ خیلافەتی ئیسلامییە زۆر خدمەت و فیداکاری کردووە. ئەوەی کە سەعی بۆ سەندنەوەی حقووق و نفووزی خەلیفەی بەغدا لە ئالی بوویە کرد، باز ئەبو شوجاعی کورد بوو، لافاوی تورکی غەز کە ڕووی کردبووە مەملەکەتی ئیسلام، لە کوردستاندا و بە هیممەتی عەشائیری کورد و تەدبیری ئومەرای حکوومەتی مەروانی بەربەست بوو. عەشیرەتی حەمیدی لە ڕووی خدمەتی خەلیفە موستەرشیدەوە تووشی تەعەڕوزی عەمادەدین زەنگی بوو. تەڕەفداری و سەداقەتی کوردستان و یارمەتیی بەقیمەتی کورد لە زەفەری سوڵتان سەلیمدا مەوقعێکی بڵندی هەیە. ئەحفادی شاە ئیسماعیل سەفەوی لە قووەتی کورد زۆر زۆر ئیستیفادەیان کردووە. عەشائیری موکری، بناغەی هەرە مەحکەمی ئۆردووی ئێران بوو. لە دوای ئیسلاحاتی شاە عەباس (١٦٢٤ م)، ئەغڵەبی ئەفواجی ئۆردووی ئێران لە کورد و باخسووس لە کوردی موکریان بوو. والییانی عوسمانی، موقابیل بە ئۆردووی ئێران دائیمەن لە قووەتی کوردی تورکیا ئیستیفادەیان کردووە و بۆ لەناوبردنی ئیمارەتانی کوردیش ئەم قووەتەیان کردووە بە ئالەت. عوسیانی جنووبی عێراق لە زەمانی عوسمانیدا و باخسووس لە زەمانی والییانی کۆلەمەندا دیسانەوە ئەغڵەب بە قووەتی کورد تەسکین کراوە.

خولاسە، تاریخ، باخسووس تاریخی ئێران و عوسمانی، پڕ لە خدمەت و فیداکاری بووە، هەر میللەتێک کە ئوسوولی ئیستیعمالی ئەم سیلاحە تیژ و بەقووەتەی زانیبێ، خێری لێ دیون و ئەوانەی کە لەم خسووسەوە جاهیل بوون، دائیمەن شەڕ و زەرەریان تووش هاتووە.

حکوومەتی ڕووس ئینجا لە شەڕی ١٨٠٤ ـ ١٨٠٥دا لەگەڵ قەومی کورد کەوتە تەماسێکی تەواوەوە. دوو شەڕی دوایی، (١٨٢٨ و ١٨٧٧-١٨٧٨ م) ڕووسی و عوسمانی، تا کوردستانی مەرکەزی تەوەسوعی کرد و قەومی کورد تووشی زەرەرێکی زۆر بوون. حکوومەتی ڕووس زۆر بە دیققەت ئەحواڵی کوردی تەعقیب کرد و لە دوای ئەمە کە باش شارەزای قودرەتی حەربییەیان بوو، ویستی ئیستیفادەیان لێ بکا و بەم فیکرە لە ساڵی ١٨٢٩ی میلادیدا ئاڵایەکی لە کورد تەشکیل کرد و تەشویقی چوونی کوردەکانی کرد بۆ وڵاتانی ڕووسیە و ئەم تەشویقاتە واقیعەن تەئسیری کرد و بەعزێ عەشائیری کورد ڕوویان کردە وڵاتی قەفقاس. حکوومەتی ڕووس لە دوای شەڕی قرێم (١٨٥٣- ١٨٥٨م)، دوو ئاڵای تریشی لە کورد تەشکیل کرد.

حکوومەتی عوسمانی تا ئەواخیری عەسری نۆزدەهەمی میلادی، تەنیا لە قوای غەیرە مونتەزەمەی عەشائیری کورد ئیستیفادەی کردبوو و بە گوێرەی ئەو زەمانە، بە نەوعێکی تر ئیستفادەکردنی لە کورد مومکین نەکرد. بەڵام لە دوای ئەمە کە نیزام و ئوسووڵی شەڕکردن لە بەینی دەوڵەتاندا گۆڕا، لە سەر شوێنی قەدیم ڕۆیشتن بێ‌فائیدە بوو. لە بەر ئەمە حکوومەتی عوسمانیش ویستی تەقلیدی حکوومەتی ڕووسیا بکا و بەعزێ تەشکیلاتی عەسکەرییە لە ناو عەشائیری کورددا بکا. ئەم فیکرە لە دوای شەڕی ١٨٧٧- ١٨٧٨م زیاتر قووەتی سەند. چونکە حکوومەت زۆر بێ‌هێز کەوتبوو و لە داخڵی کوردستاندا ئەمنییەت و نیزامی بۆ موحافەزە نەئەکرا. بە گوێرەی موعاهەدەی بەرلین (مادەی ٦١) ئەبوو بۆ موحافەزەی ئەرمەنییەکان بەرامبەر بە قەومی کورد و چەرکەس ئیسلاحاتێکی ئەساسی بکا. وەلحاڵ بەم تەرحە خدمەتی مەنافعی ئەرمەنی کردنی، بۆ ئیستقبالی خۆی بە باش نەئەزانی، بەم قەناعەتە لە تەتبیقی ئەو مادەیە خۆی ئەپاراست و بە وەعد و بەهانە وەقتی ڕائەبوارد. ئەم تەفرەدانی حکوومەتە، بە نەتیجە سەرلەنوێ قەومی ئەرمەنی هێنایە حەرەکەت. شوعبەکانی ڕووسیە و ئەسویچرە و لۆندەریان تەوسیع کرد و بە قەڵەم و سیلاحەوە کەوتنە فەعالییەت. ئەم حاڵە سوڵح و ئاشتی بەینی کورد و ئەرمەنی تێکدا و ئەرمەنیی وڵاتانی کورد بۆ موحافەزەکردنی ماڵ و ڕۆحی خۆیان ئیلتیجایان بە ئومەرای ساحێب نفووزی کورد کرد.

نیهایەت حکوومەتی عوسمانی لە ساڵی ١٨٨٥ میلادیدا و لە ئەوائیلی سەڵتەنەتی عەبدولحەمیددا بە فکری ئیجادکردنی سونفێکی عەسکەر لە کورد وەکوو قەزاقی مۆسقۆف و جێگیرکردنی نفووزی خۆی لە کوردستاندا و نزیک‌خستنەوەی عەشائیری کورد بە حکوومەت، بەعزێ ئاڵای عەشائیری تەشکیل کرد و بە ناوی سوڵتانەوە ناو نرا «حەمیدیە سەواری ئالایلەری». مەئمووری تەتبیقکردنی ئەم تەشکیلاتی کوردە، موشیر شاکر پاشا بوو.

هیچ شوبهە نییە کە ئەگەر ترس و لەرزی حکوومەت لە تەتبیقکردنی ئیسلاحات نەبوایە ئەم تەشکیلاتە وا زوو دەسی پێنەئەکرا و فائیدەی ئەمەش لە عەسکەری زیاتر، ئیداری بوو، چونکە لە سایەی ئەمەوە عەشائیر بوونە تەڕەفداری حکوومەت. ئەگەر ئەم تەشکیلاتە لە سەر ئەساسێکی بەقووەت و عیلمی بکرایە، بە تەبیعەت فائیدەی بۆ حکوومەت زیاتر ئەبوو. بەڵام ئەو ئەهمییەتەی کە حکوومەتی ڕووس بە تەشکیلاتی قەزاقی دا و ئەو ڕۆحی عەسکەری و ئینتیزامەی کە لە ئاڵاکانی قەزاقدا بوو، لەم تەشکیلاتی کورددا مەوجوود نەبوو و تا نیهایەتیش هەر وا مابوو. تەجهیز و تەسلیحیان نەبوو و بۆ تەعلیم و تەربیەتیان هیچ هیممەتێک سەرف نەکرا تا حکوومەت بتوانێ ئەوی کە ڕووس لە تەشکیلاتی قەزاقی ئومێدی ئەکرد، ئەویش لەم تەشکیلاتە ئومێدی بکا.

ڕەئیسی عەشائیری میللی، ئیبراهیم پاشای نەوەی تەیموور پاشا بە خۆی و هەموو عەشائیریەوە داخڵی تەشکیلاتی حەمیدییە بوو.

ئەم تەشکیلاتە بە ڕەغمی نامەمنوونیی حکووماتی دراوسێ و باخسووس حکوومەتی ڕووسیە، هەرچۆنێ بوو تا دەوری مەشرووتییەتی عوسمانی لە سەر ئەم حاڵە دەوامی کرد و لە داخڵی کوردستاندا بۆ موحافەزەی نفووزی حکوومەت و موحافەزەی ئەمنیەت گەلێ بەکەڵک هات و بۆ موحافەزەی حقووق و سەلاحییەتی ڕوئەسای کوردیش واسیتەیەکی بەقووەت و موئەسیر بوو.

وەکوو لە سەرەوە عەرزمان کردبوو، ئیسلاحی تەشکیلاتی حەمیدییە هیچ پارە و هیممەت سەرف نەکرا، لە بەر ئەمە بە عەکسی زۆرییەوە ـ وەکوو لە خەیاڵما ماوە لە شەست ئاڵای زیاتر بوو ـ قیمەتێکی حەربییەی نەبوو و لە خسووس تەسلیحات و تەجهیزاتەوە بۆ حکوومەت باعیسی خەجاڵەتی بوو.

لە دوای مەشرووتییەت ناوی ئەم سونفە تەبدیل کرا بە «خەفیف سەواری ئالایلەری» و بەعزێ لە ئاڵاکانی لەغو کرایەوە و تا لە وەقتی سەفەربەریدا ئەم سونفە عیبارەت بوو لە چوار فیرقە و لیوایەک، یاخۆ ١٣٥ بلۆک سواری و لە ئەووەڵ ساڵی ئەم حەربەدا لەغو کرایەوە.