تەشەبوسی ئەمیر بەدرخان بەگ

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 7 خولەک  707 بینین

ئەم ئەمیرە لە ساڵی ١٨١٢ی میلادیدا کە بوو بە ئەمیری جەزیرە و بۆتان، هێشتا هەژدە ساڵ بوو. لە لایەکەوە ویستی بەربەستی فڕ و فێڵی تورک لە ناو ئیمارەتەکەیدا بکا و لە لایەکی تریشەوە سەعی بکا بۆ نەجاتدانی هەموو وڵاتانی کورد لە دەس تورک و پەیاکردنی یەکیەتی و برایەتی لە بەینی ئومەرا و ڕوئەسای کورددا و واقیعەن ئومەرای عەشائیری وڵاتی وان و حەکاری و خێزان و مووش لەگەڵ بەعزێ شێخی بەناوبانگ لەم خسووسەوە لەگەڵی ڕێک کەوتن.

ئەمیر بەدرخان دەسی کرد بە خۆ حازرکردن، کارخانەیەکی تفەنگ و باڕووتی لە جەزیرەدا هێنایە وجوود و تەشەبوسی بۆ بەعزێ ئیشی باشتریش کرد. لە وەقتی ئەم ئیستحزاراتەدا بوو کە نەستوورییەکانی بۆتان لە دانی ڕسوومی ئەمیرییە ئیمتناعیان کرد و ئەمیر بەدرخان دەهەزار کەسێکی ناردنە سەر و تەئدیبی کردن .

ئەم ئیجرائاتی ئەمیرە حکوومەتی عوسمانیی خستە ترس و تەلاشەوە. بەعزێ مەئمووری ناردە لای ئەمیر و وەعد و وەعیدی پێ دا کە سەرفی نەزەر لە ئیتحادی کورد بکا. بەڵام ئیش لەم حاڵەدا نەمایەوە. تەئدیبی نەستووری بووە سەبەبی موداخەلات و تەزییقاتی سیاسییەی ئەورووپا، بابی عالی لەمە ئیستیفادەی کرد و ویستی زەربەیەکی قەتعی لە ئەمیر بەدرخان بدا. ئەمری کرد بە موشیری ئەناتۆلی، حافز پاشا، لە فکری ئەمیر بگا و سەعی بۆ هێنانی بۆ ئەستامۆڵ بکا. حافز پاشا مەئموورێکی مەخسووسی ناردە لای ئەمیر، بەڵام ئەم تەشەبوسە سەری نەگرت. لە دوای ئەمە حکوومەتی عوسمانی لەشکرێکی ناردە سەر ئەمیر بەڵام ئەم لەشکرە شکا و بەدرخان بەگ ئیتر تەرەدودی نەکرد و ئیستقلالی خۆی ئیعلان کرد.

لە ١٢٥٨ی هیجریدا بە ناوی خۆیەوە سکەی لێدا، دائیرەی حوکم و نفووزی خۆی تا سەرحەدی وان، سابڵاخ، ڕەواندز و مووسڵ برد، قەڵای سنجار، سعرد، وێران‌شەهر و سیوەرەکی داگیر کرد و نفووزی خۆی تا قەڵای دیاربەکر برد. لە دوای تەسکینی عوسیانی دەوری مووسڵ، شنۆ و ئۆرمیەشی داگیر کرد.

حکوومەتی عوسمانی لە بەینی ئەم حادیساتەدا لەشکرێکی زۆری کۆ کردەوە و لە ژێر فەرمانی قۆماندای عوسمان پاشادا ناردیە سەر ئەمیر بەدرخان و لە نزیک ئۆرمیە (ورمێ) دوو لەشکر بەرەنگاری یەک بوون. لەم وەقتە تەنگەتاوەدا ئەمیر عیززەدینی خزمی ئەمیر بەدرخان کە قۆماندانی دەستەچەپی ئۆردووی کورد بوو خیانەتی کرد و بە دەستە و دائیرەیەوە چووە لای ئۆردووی تورک و بە یارمەتیی لەشکری تورک، مەرکەزی ئیمارەتی جەزیرەی داگیر کرد. ئەمیر بەدرخان کە وای زانی، بەعزێک لە ئۆردووەکەی بەرامبەر بە عوسمان پاشا بەجێ هێشت و خۆی لەگەڵ لەشکریدا ڕووی کردە جەزیرە و لە دوای شەڕ و دەعوایەکی زۆر، مەرکەزی ئیمارەتی لە تورک و عیززەدین شێر سەندەوە.

خولاسە خیانەتی عیززەدین شێر بە نەتیجە بووە سەبەبی شکانی ئۆردووی ئەمیر بەرامبەر بە عوسمان پاشا و ئەم حاڵە ئەمیر بەدرخانی مەجبوور کرد کە جەزیرە بەجێ بهێڵێ و خۆی بکوتێتە قەڵای ئەروخ. لەشکری تورک و عیززەدین ئەم قەڵایەیان هەشت مانگ موحاسەرە کرد و لە دوای بڕانەوەی خواردەمەنی لە قەڵادا، ئەمیر بەدرخان مەجبوور بوو بە شەڕ بێتە دەرەوە، بەڵام لەم شەڕەدا خراپ شکا و هەموو بینای ئەمەلی ڕووخا و خۆی و دوو کوڕی گیرا و نێررا بۆ ئەستەمۆڵ (١٢٦٣ی هیجری). لە نەتیجەی ئەم غەلبەدایە کە حکوومەتی عوسمانی بۆ یادگاری ئەم موەفەقییەتە «مەدالیەی حەربی کوردستان»ی ئیجاد کردووە.

لە دوای ئەمیر بەدرخان: ١ـ لە ساڵی ١٨٧٧ی میلادیدا کە لە بەینی حکوومەتی عوسمانی و ڕووسیەدا شەڕ هەڵگیرسا، حکوومەت لە کوردستان موجاهیدێکی زۆری کۆ کردەوە و قۆماندای ئەوانەی دا بە کوڕانی ئەمیرخان. لەم قۆماندانە عوسمان پاشا و حسێن کەنعان پاشا لە فرسەت ئیستیفادەیان کرد و لەگەڵ ئومەرا و زابتاندا ئیتفاقیان کرد کە بڕۆن بۆ کوردستان و سەعی بکەن بۆ ئەو مەقسەدە کە ئەمیر بەدرخان موەفەق نەبوو. ئەم دوو ئەمیرە لە ١٨٧٩دا بە دزییەوە ڕوویان کردە کوردستان و کوتوپڕ چوونە جەزیرەی ئیبنی عومەرەوە و لە دواییدا ئیعلانی ئیستقلالیان کرد. چەند دەفعە حکوومەت لەشکری ناردنە سەر، بەڵام بێ‌فائیدە بوو و بیلعەکس، دائیرەی نفووزی خۆیان تا جووڵەمێرگ و زاخۆ و عیمادییە و ماردین و میدیات و نەسیبین برد و برا گەورەیان کە عوسمان پاشا بوو، بە ئەمیر ئیعلان کرا و خوتبەی بە ناوەوە خوێنرایەوە.

شکانی یەک لە دوای یەکی لەشکری تورک و بەرەبەرە بڵاوبوونەوەی نفووز و شۆرەتی ئەمیر عوسمان لە کوردستاندا سوڵتان عەبدولحەمیدی مەجبوور کرد کە سیاسیەتی حکوومەت دەرحەق بە کورد و کوردستان و خانەدانی بەدرخانی بگۆڕێ. واقیعەن حکوومەتی عوسمانی، لە خانەدانی بەدرخانی، هەر کەسێ مەحبووس بوو، بەری دا و پیاوی مەخسووسی ناردە لای ئەمیر عوسمان و پێی گوت کە بەبێ ڕژاندنی خوێنی موسوڵمانان حازرە کە موتالەباتی کورد بە ئاشتی قەبووڵ بکا. ئەمیر عوسمان و ئەمیر حسێن بەم وەعد و بە تەئید و شەهادەتی خزم و ئەقریبایەیان کە لە ئەستامۆڵ بوون، بڕوایان کرد و لەگەڵ مەئموورینی تورکا کەوتنە موزاکەرە. بە زاهیر حکوومەتی تورک لە خسووس ئیمتیازاتی داخیلەی کوردستانەوە زۆر تەسهیلاتی ئەنواند و وەلحاڵ ئەمە سەرف بۆ ئەمینکردنەوەی ئەمیر عوسمان و ئەمیر حسێن بوو. واقیعەن نیهایەت ڕۆژێک ئەم دوو ئەمیرە هاتن بۆ موزاکەرە و لە پڕێکا هەردووکیان گرتن و ناردنیانن بۆ ئەستامۆڵ و لەوێ حەبسیان کردن. لە پاش بەینێک بەریان دان و مەجبووریان کردن کە لە ئەستامۆڵ دابنیشن.

٢ـ لە ساڵی ١٨٨٩ی میلادیدا لە کوڕانی ئەمیر بەدرخان، ئەمین عالی بەگ و مەدحەت بەگ، هەر چۆنێ بوو لە ئەستامۆڵ ڕایانکرد و خۆیان گەیاندە تەرابزۆن و لەوێوە لەگەڵ ڕوئەسای کوردستان موخابەرەیان کرد و قەرار درا کە قووەتێکی موسەللەحەی کورد بێتە «جویزلک» (لە نزیک تەرابزۆن) و لەوێ لەگەڵ ئەم دوو ئەمیرزادەیەدا یەکدگیر بن. واقیعەن ئەم قووەتە هات و هەر دوو ئەمیر بە دزییەوە لە تەرابزۆن چوونە دەرەوە بەڵام ئەم مەسئەلەیە گەیشتبووە حکوومەتی تورک و ئەمر درابوو بە هەموو لایەک و لەشکرێکی زۆر ڕێگەی ئەم دوو ئەمیرزادەیەیان بڕیبوو. واقیعەن لە جنووبی بایبورد کەوتنە بەینی دوو قووەتی تورکەوە و لە دوای شەڕێکی قورس، لەشکرە پچکۆلەکەی ئەمیرەکان شکا و خۆیان فڕێدایە شاخانی ئەرغەنی و مەعدەن، بەینێک لە شەڕدا دەوامیان کرد بەڵام دوو ئەمیر لە دوایی ناعیلاج مان و تەسلیم بوون.