تەشەبوسی ئیسماعیل پاشای بادینانی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 3 خولەک  460 بینین

ئەم ئیسماعیل پاشایە لە پاش ڕەسووڵ بەگی برای محەمەد پاشا، عیمادییەی گرتە ژێر حوکمی خۆیەوە و دێهاتی وڵاتانی نزیکیشی داگیر کرد و بە سەربەخۆیی دەسی کرد بە حوکمکردن. لە پاشا بەینێک لە ساڵی ١٨٣٥ی میلادیدا موتەسەڕیفی مووسڵ، ئینجە بایرقدار محەمەد پاشا، لەشکری کردە سەری و لە دوای موحاسەرەیەکی بەتوول عیمادییەی زەوت کرد، بەڵام ئیسماعیل پاشا بە خۆی و قووەتیەوە دەرچوو و خۆی گەیاندە قەڵای نیروا کە لە شیمالی شەرقیی عیمادییە بوو.

موتەسەڕیفی مووسڵ، لە دوای جێبەجێکردنی ئیش و کاری عیمادییە، گەڕایەوە و لە ڕێگەدا لە دێی کەرمحەمەد عەرەبدا ڕوئەسا و ئاغایانی شێخانی کۆ کردەوە و هەمووی کوشتن. لە پاش بەینێک ئیسماعیل پاشا، لەشکرێکی باشی پێکەوە نا و ڕووی کردە مووسڵ و کاغەزی بۆ محەمەد پاشا نووسی و تەڵەبی عیمادییەی لێ کرد. موتەسەڕیف گوێی نەدایە. لە پاشدا ئیسماعیل پاشا ڕووی کردە جەزیرە و موددەتێک لەوێ مایەوە و موخابەرەی لەگەڵ ڕوئەسای عیمادییە کرد و لەگەڵیان ڕێ کەوت و لە ساڵی ١٢٥٨ی هیجری (١٨٤٢ی میلادی)دا چوو و داخڵی عیمادییە بوو. کە ئەم خەبەرە گەیشتە موتەسەڕیفی مووسڵ، دەسوبرد لەشکری کۆ کردەوە و ڕووی کردە عیمادییە، ئیسماعیل پاشاش بە لەشکرەوە هات بە پیریەوە و لە نزیک دێی «عەین تووسا» دوو لەشکر بەرەنگاری یەک بوون و لە پاش شەڕێکی زۆر لەشکری عیمادییە ـ ڕەنگە بە فێڵ ـ بڵاوەی کرد و لە دوای گەڕانەوەی ئۆردووی مووسڵ دەسوبرد گرد بوونەوە و لە ڕێگەی شاخەوە ڕوویان کردە مووسڵ. دێی «ئەلقووش» کە لە ڕێگەیانا بوو، تاڵان کرا و بەعزێ قەتڵ و قیتالیش ڕووی دا و لە دواییدا ئیسماعیل پاشا گەڕایەوە عیمادییە. لە دوای تەسلیمبوونی محەمەد پاشای ڕەواندزی، ئۆردووی مستەفا ڕەشید پاشا چووە سەر عیمادییە و موحاسەرەی کرد. لە پاش موددەتێک قەڵا تەسلیم بوو و ئیسماعیل پاشاش گیرا و نێررایە بەغدا و حەبس کرا و دەوری ئەم ئەمیرەی بادینانیش بە سەر چوو و حکوومەتی عوسمانی، ئەم تەشەبوسانەی یەکە یەکە دەفع کرد. وەلحاڵ ئەبوایە ئەم ئەمیرانە ئیتحاد بکەن و بە ئیتفاق و برایەتی، مودافەعەیەکی موشتەرەکە بکەن.

لە دوای کەوتنی عیمادییە، عەقرە و دهۆکیش زەوت کرا و حاکمانی ئیریسیی ئەم وڵاتانە یەک لە دوای یەک لە بەغدا و مووسڵدا بە زۆر دانران و لە هەموو وڵاتی بادینان و سۆراندا ئیدارەی تورک جێگیر بوو. لەم ناوەدا هەر ئیمارەتی بەبە مابوو و ئەویش بە سەبەبی ڕەقابەت و نیزاعی بەگزادەکانی بەبەوە ڕووی کردەوە فەوتان.