تەشەبوسی عەبدوڕەحمان پاشای بەبە

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 1 خولەک  439 بینین

ئەم ئەمیرە کوڕی مەحموود پاشای بەبە بوو. لە ساڵی ١٧٨٨ی میلادیدا بوو بە حاکمی وڵاتی بەبە. زۆر هۆشیار و ئازا و ڕەشید بوو. شەش دەفعە هاتۆتە مەقامی ئیمارەت و بە فاسیلەیەکی کەم و زۆر بیست و چوار ساڵ حوکمی کردووە. بۆ تەئسیسی حکوومەتێکی گەورە و سەربەخۆی خۆی زۆر هەوڵی دا و چەند جار بەرامبەر بە حکوومەتی عوسمانی قیامی کرد. دوو دەفعە لە دەربەندی بازیاندا شەڕی لەگەڵ ئۆردووی بەغدا کرد و لە هەردووکیانا بە تەئسیری خالید پاشای برای کە لەگەڵ والییا موتتەفیق بوو، موەفەق نەبوو. سێیەم دەفعە و لە زەمانی عەبدوڵڵا پاشای والیی بەغدادا دیسانەوە ڕووی کردە بەغدا و لە نزیک کفری لەگەڵ ئۆردووی بەغدادا شەڕێکی قورسی کرد و ئەوەندەی نەمابوو کە ئۆردووی بەغدا بشکێنێ، بەڵام تالعی حەرب موساعەدەی نەکرد و لە نەتیجەدا شکا. حەسادەت و نیفاقی برا و خزمەکانی نەبوایە، زۆر موحتەمەلە کە غەلبەی بە سەر بەغدادا بکردایە و حکوومەتێکی گەورەی لە عێراقدا دابمەزراندایە (بۆ تەفسیلات تەماشای تاریخی سلێمانی بکە).