زۆرەملێ

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  462 بینین
مەمدوێنە.. من مەدوێنە... مەمدوێنە
لە ڕقی من ناحەزەکانم بدوێنە
تا ئەتوانی بمبوغزێنە... بمڕەنجێنە
نامەکانم یەک لە دوای یەکتر بدڕێنە
کە منت دی، ڕووی خۆتم لێ وەرچەرخێنە
هەرچی فرتوفێڵە هەمووی بەکار بێنە..
ئینجا زیاتر وەکو بولبول بۆت ئەخوێنم..
قورئان بەرەو ڕووم بهێنی، واز ناهێنم
دەمێکە بۆ چاوەکانت پەرێشانم..
شێتی عەیارێکی وەک تۆی خانومانم..
لە کوێ نەرمی و لەسەرخۆیی بەمن ئەکرێ
من خۆم سەرم لە بابەتی وەک تۆ ئەخورێ..
بەچاوی تۆ من تەنیا یەک شت ئەزانم
من تۆم ئەوێ و تۆش خۆت و شیری خۆت.. خانم
خۆشم ئەوێی.. بەکوردییەکەی حەزم لێتە..
بەخوا خۆشیت بێ و ترشیت بێ.. حەزم لێتە.