حەوتەم: نەورۆز

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  932 بینین
دڵی پاساری بەو بچووکییە، کەوتە هەڵپەڕین
لەسەر ئەرخەوان، ئەیوت: خەڵکینە، با خەم لابەرین
- گوڵاڵەی نازدار زوو هەڵسە لە خەو، ئەمڕۆ نەورۆزە
من بە گۆرانی، تۆ بە پێکەنین، ئەڵێین: پیرۆزە
دە دڵم خۆش کە، بگەشێرەوە، وا گیانم دەرچوو
گوشینی دەست و شڵپەی ماچی دەم، هەمووت لە کیس چوو
خەمی پایز و ئاخی زستانیش لە دڵ بکە دەر
بۆ پارێزگاری دڕک زۆر هەیە، بژی بێ کەدەر
ئەو عەبا سەوزەی دەورەی لێداوی، پێی بڵێ: «بڕۆ»
ڕەنگی خۆت جوانە، زەرد و سووری گڕ: زەردەشت و پشکۆ
گەردنی ئاڵت دەرخە بۆ یاران، تا بە دەنگی سۆز
بڵێن: شای گوڵان.. ڕەمزی دڵداران، جەژنت لێ پیرۆز؟
قافیەی بەیتەکان، دواپیتیان بخوێنینەوە کە شەش پیتە بۆ هەر شەش بەیتەکە ناوی نەورۆز (ن، ە، و، ڕ، ۆ، ز) خۆی دەردەچێ.