من و شیعر و مۆسیقا

لە کتێبی:
عیشقی بێ نەخشان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 5 خولەک  892 بینین
کاتێک بە ژیانی منداڵی و مێردمنداڵیمدا دەچمەوە، وەک زۆربەی منداڵانی تر خولیای هەمەچەشنەم هەبوو، بەڵام ڕەنگە ئەوەی جودام بکاتەوە لە گەلێک کەسانی تر کە لەو نێوانە تەمەنەی مناڵیدا وەک من خولیای هەمەچەشنەیان هەبووبێ، ئەوەبێ: کە من سەرسەختانە هەوڵم دەدا خولیاکانم بهێنمە دی. «ڕەنگە ئەم سەرسەختییەشم پێوەندی بە ئاستی ئابووریی باوکمەوە هەبووبێ.»
سەردەمێک حەزم لە فیلمی سینەما بوو، لەگەڵ چەند منداڵێکی هاوخولیادا بەدووی فیلمی نوێدا دەگەڕاین و لە نێوان خۆماندا ئاڵوگۆڕمان دەکرد. هەر بۆ ئەم مەبەستەش لە کارتۆن ئامێرێکی فیلم نیشاندانی ساکارم دروست کردبوو بەهۆی تاکە گڵۆپێکەوە تاک تاک فیلمەکانم لەسەر دیوار نیشانی برادەرەکانم دەدا. بە زەڕەبینیش لوولەیەکم بۆ کردبوو تا بە هۆیەوە لێڵی فیلمە نیشاندراوەکە لەسەر دیوارەکە ڕۆشن بکەمەوە. لە گەڕەکی شێخان ئەوی بمناسیایە و نەمناسیایە بە چیڕۆکی ئەو فیلم نیشاندەرەی دەزانی. پاشان کە باوکم هەمووی بۆ سووتاندم، خووم دایە نامە گۆڕینەوە و پوولی پۆستە کۆکردنەوە، بەهۆی ئیستگە و گۆڤارەکانەوە پتر لە 20 برادەری کچ و کوڕم هەبوون لە ناو وڵاتە عەرەبییە هەمەچەشنەکاندا. ئێستاش خۆشیی ئەو ساتەم لە یاد دەرناچێ کە وێنە و ئەدرێسی خۆم لە گۆڤاری «المغامر»دا بینی. گەرچی بە هەڵەش وێنەکەمیان لە جێی خۆی دانەنابوو. ئەم قۆناغە یارمەتی زۆری دام بۆ چاکبوونی زمانی عەرەبییەکەم و هونەر پەیداکردن لە نووسینی نامەدا. ئەو برادەرانەی تا ئێستاش ماون، هەمیشە نامەی دڵدارەکانیان بە من دەنووسی.
ئەو کیژانەش کە دڵدارییان لەگەڵ کردووم و نامەی دەست درووی خەست و خۆڵم بۆ دەنووسین، شاهیدی ئەو ئاستەمن.
پاش ئەوە خووم دایە وێنەکێشان، ئیتر فڵچەی هەمەچەشن و بۆیەی ئاوی و زەیتی و قەڵەم نەما نەیخەمە گەڕ. تا وای لێ هات دیواری ژوورەکەی خۆمم وەک ماڵی جنۆکەی ناو ئەفسانەکان لێ کردبوو. ئینجا وێنەگرتن بە کامێرا، هەروەها بەو شێوەیە. بەڵام دوو خولیای موزمینم هەبوو وەک تیراوێ، هەر لە منداڵیمەوە لە کۆڵم نەدەبوونەوە و لێیان دانەدەبڕام، ئەوانەش بە پلەی یەکەم:
مۆسیقا، کە تا ئێستاش شەیدا و عاشقی بووم، تەنانەت زۆرم سەیر لێ دێ چی منی کردە شاعیر و نەبوومە مۆسیقاژەن و مۆسیقادانەر!! بە پلەی دووەمیش: خوێندنەوە و کڕینی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب، تا دیوانی «فرمێسک و زەردەخەنە»م بە چاپ گەیاند و دیوانی دووەمم «ناسک» بردە چاپخانە و لەوێ فەوتا و بزر بوو. «لەم ساڵانەی دواییدا هەندێکم لای دۆست و برادەران بە چنگ کەوتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی عاشق بوون و کاتی خۆی لەبەریان نووسیبووەوە یان لەبەریان کردبوو. خۆم بە قەرزاری ئەو عاشقانە دەزانم.»
تا ئەودەمە و ساڵانی دوای ئەویش نەمدەزانی من مۆسیقا و گۆرانی و عیشق کردوومییەتە شاعیر و شیعرەکانی ئەو قۆناغەم دەڵێی تایبەت بۆ کردنە گۆرانی دانراون.
دیارە ئەو قۆناغەی ژیانی خۆم زۆر خۆشدەوێ. گەر کۆمەڵە یادگارێکی ڕۆمانتیکییانەی ناسک لە ژیانمدا هەبێ زۆربەی هی ئەو قۆناغەیە، بۆیە لە خۆم و لە خوێندەوارە ئازیزەکانی خۆیشم ڕابینی ئەم کۆمەڵە شیعرە بە چاپ نەگەیشتووەی ئەو قۆناغەی ژیانمیان پێشکێش بکەم.
خۆشەویستان: ئەم شیعرانەی پێشکێشتانی دەکەم، وەک پێشتر لێی دوام لای ئەو برادەرانەی ئەو سەردەمە پێکەوە عاشقێنیمان دەکرد: بە نووسین یان لەبەر، لەلایان بوو. هەروەها ئەو هاوڕێیانەی نامەم بۆ نووسیون و نامەکانم دەپارێزن. یان لە نامەی دڵداریی دێرینەمدا کە بۆ کیژۆڵەکانی هاومەیل و دۆستم نووسیون و پاشان شەڕمان بووەو لێک جودا بووینەتەوە و نامەمان داوەتەوە بە سەروچاوی یەکتریدا. ئیتر بەو حاڵە زۆربەیم دەستکەوتوونەتەوە.
هەندێکیشی لە پەناو پەسێودا، لە پارچە کاغەز و بەرە کتێبدا، لە باوڵی پەڕپووتی بن داروپەردوودا، لە کیسەی تاقمی تەراشی کۆندا، چنگم کەوتنەوە.
تەنانەت شیعریان تێدایە، شەوان لە کۆڕی خواردنەوەدا لەسەر پاکەتی جگەرەکەم نووسیومە پاشان پێک دوای پێک بیرم چووەتەوە و پاکەتەکەم فڕێ داوە. یەکێک لە هاوڕێیانم هەڵیان گرتووەتەوە و لای خۆیان پاراستوویانە. تا ئەودەمەی بە ناوی دیوانی بزربووەوە لێم پرسیوە: ئایا شیعری منت لایە؟ لە وەڵامدا وتوویەتی: بەو حاڵە و بەو حسابە لەلامە.
لە ڕاستیدا کە دەستم کرد بە کۆکردنەوەیان، نەمزانی هێندەم لێ دەستگیر دەبنەوە، دیارە زۆری تری ماوە، بەڵام لە ترسی نەفەوتانەوەی ئەمانەش، وا لەم بەشەدا پێشکێشتانی دەکەم. دیارە نەمویست بەهیچ بیانوویەک دەستکارییان بکەم، با ئاوێنەیەکی ڕۆشنی بێ ڕتووشی ئەو قۆناغەی ژیانم بن. هیوادارم ئێوەش هەر بەو چاوی سۆزەوە تێیان بڕوانن و لەسەر هیچ شیعرێکیان، دەرگای دادگای ئەمڕۆم لێ نەخەنە سەرپشت.