بەیانییەکی سپی و ئێوارەیەکی ڕەش

لە کتێبی:
خەونی سەما دژەکان
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  823 بینین
1
بەیانی بوو
لە نێوان کورسییەکانی چایخانەکە
هات و ئەچوو
پاژنەی سۆلە بێ ڕەنگەکەی
لە ئەرز ئەسوو
لە درزی عەباکەیەوە
دەستێکی سپی کراوەی ڕەت کردبوو
وتی: کاکە - کاکە برا
پاروویەک نان لە ڕێگەی خوا
ڕووت و برسین
بەبێ حاڵین و بێ کەسین
کاکە برا
بەدەستی سمێڵی خوران
چاوە هەڵئاوساوەکانی
بەلەش و لاریدا خشان
گیڤ بووەوە و وتی: خانم..
هەر بەتەنیا پاروویەک نان؟!
بەڵکە سینییەک نان و خوان
بەرگی ئاڵ و واڵای زۆر جوان
پارەی باشیش بۆ مناڵەکان
بۆ هەرسێکیان
خۆت ئەزانی منیش تەنیام
ژنەی سواڵکەر
وەک بریندارێ ڕاپەڕی
بەعەباکەی خۆی داپۆشی
وتی: غەڵەتی گەردوونە
کە بە -ڕوو- لە مرۆڤ ئەچی
دەروون ڕەشی چاو کیسکردوو
نیهاد ڕەشی ویژدان مردوو
ئەوەندەی وت
پشتی تێ کرد
سۆڵەکانی لە دووی کێش کرد
بەقینەوە.. چووە دەرێ.
***
ئێوارە بوو
ژنەی سواڵکەر هاتەوە بۆ چایخانەکە
چاوی گێڕا.. چاوی گێڕا
دەروون پیسی چاو کیسکردوو
نیهاد ڕەشی ویژدان مردوو
لەوێ نەبوو
ئەگینا ئەم
برسێتی ڕازی کردبوو!