دیوار

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  689 بینین
لەسەر نەخشەی قوتابخانە
ئەزموونی جوگرافیای هەبوو
هەستی دەکرد
نووزەی خاکێکی سک سووتاو
تێکەڵ بە دەنگەکەی دەبوو
سنوورەکان
لە ژێر پەنجەیدا تێک دەچوو
لە مامۆستا و
لە وەڵامەکەیشی یاخی بوو
لەو وانەیەدا دەرنەچوو
بەڵام خەونێکی ئینسانی بۆ پەیدا بوو
لەو خەونەیدا
زەوییەکە ئاووس دەبووەوە.
سنوورەکان
وەک ناوکی تازە ساوا
دەقرتان و
خاکە سک سووتاوەکەشی
چاک دەبووەوە.
لەم خەونەیدا
تەنیا نەبوو.
گەرچی هەروا
بەتەنیایی تێکەڵ دەنگی
گەردوون دەبوو.
خەونەکەی دەنگی خۆی هەبوو
شەوێک هەڵسا بەدزییەوە
بۆیە و فڵچەی دۆزییەوە
هەموو خەونەکانی لەسەر
دیواری شار نووسییەوە
دوژمنانی
نەخشەی خەوە مەزنەکانی
سبەی سنگی
دیواری شاریان هەڵدڕی
گەرچی بە چاوی خۆی بینی
خوێنی سنگیان
قەتماغەی ڕەشیان بەستووە
بەڵام پڕ بەدڵ دەیزانی:
دیوارەکان
ئەمیان لە یاد نەچووە
چونکە سبەی بە دزییەوە
هاوڕێی تریان بۆ دۆزییەوە