عاشق

لە کتێبی:
پەلکەزێڕینەش نامۆ مەکەن
بەرهەمی:
دڵشاد مەریوانی (1947-1989)
 1 خولەک  787 بینین
منیش هەروەها و
تۆیش هەر تەواو نی.
کەچی هەر خۆشم دەوێی
کەچی هەر خۆشت دەوێم
وا زان دەکەم
گەر لێم ون بی.. دەکەوم
وا زان دەکەی
گەر لێت ون بم.. دەنەوی.
***
گەلێک جار وا هەست دەکەم
خۆشەویستیت:
کەڵە مێروویەکی سوورە
هەڵدەزنێ بەلەشمدا
دەنک.. دەنک وەکو گەنم
شانەکانی لەشم هەموو
دەگوێزێتەوە ناو لەشت
کاتێک ئاوڕ دەدەمەوە:
تۆ
بووی بە من
من
هەر منم
***
گەلێک جار وا هەست دەکەم
گیانی خەڵکی دەوروبەرم
وەک خشتی سوور
دەخەمە سەر بینای گیانم
هەتا دەبم
بەکۆشکێکی پڕ لە نوور
کاتێک ئاوڕ دەدەمەوە
من
من نیم و
من
ئەوانم
***
هەنێ جار
گوێ لە دەنگی عەلی مەردان
دەگرم
وا دەزانم عاشقی کیژێکی
کوردم
کەچی کاتێک
دەڕژێمە ناو بازاڕەکان
نەک هەر کیژێک
کیژان
کوڕان
دەبینم
سا، تێ دەگەم
کیژێک نا
من
عاشقی
هەموو
کوردم