دەمەتەقەی پیرۆت و بایز
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
3 خولەک
1603 بینین
چەند ساڵێک لەمەوبەر هێندێک لە کمۆنیستەکانی ناوخۆ ڕازی نەدەبوون باسی کورد و کوردستان بکرێ کە گوایە گەلپەرەستی وەبەر مارکسیەت ناکەوێ! کەچی کوردەکانیش هاواریان بۆ ئازادی عەرەب و عەرەبستان ئەکرد و هیچ زیانیشی نەبوو. لەو سەردەمانەدا ئەم دەمەتەقەم نووسیوە کە لام وایە وێنەیەکی ڕاستەقانییە بۆ ئەو تەرزە کەسانە لەو سەردەمەدا. بەڵام نابێ لە بیریشمان بچێ کە ئێستا کمۆنیستەکانی ناوخۆ دان بە مافی گەلی کوردا دەنێن و لایان وایە ئەبێ کوردستانیش وەک هەموو وڵاتانی تر ئازادی خۆی وەرگرێ. لاشیان وایە ئەو کەسانەی ئەودەمە خۆیان لە باسی کوردستان ئەبوارد بەهەڵەدا چووبوون.
پ: بایز لەمەڕ تۆ خەبەرێکم بیست
ب: خۆ من لەمێژە بوومە کمۆنیست
پ: پێم ناڵێی مانای کمۆنیست چییە؟
ب: بەبێ جیاوازی خێر و خۆشییە
گش ڕزگار دەبن گەلانی زەوی
فەرقی نامێنێ بڵند و نەوی
دەبنە برای یەک سپی و زەرد و ڕەش
هیچ گەلێ ناکرێ لە ژیان بێبەش
ڕەشی ئەفریقا و سپیی لەندەنێ
هەرتک وەکوو یەک بەشیان ئەدەنێ
ون دەبێ ناوی دیل و کۆلەدار
لە قامووس دەڕوا وشەی ئیستیعمار
پ: ئۆخەی مام بایز بۆ موژدەت ئۆخەی
ئەو دەورە خۆشەی کەی دەبینم کەی؟
ئەوسا لەسایەی ئێوە کۆمنیستان
سەربەخۆ دەبێ خاکی کوردستان
ب: چت وت کوردستان؟ تۆ گەلپەرستی؟
ڕێگەی پێشکەوتن لە خۆت دەبەستی؟
نیزال و کیفاح نازانی چییە؟
دەیالەکتیکت ئاگا لێ نییە؟
کێ کەلیمەی کورد بێنێتە سەر زار
دیارە قەومییە و پیاوی ئیستیعمار
ئەگەرچی مارکس، ئینگلز، لێنین
دەڵێن: بێ فەرقن گەلانی زەمین
بەڵام پێشکەوتووی عارەبی زانا
ئەم قانوونەیان بۆ کورد وەلا نا
چونکە کورد لە ژێر چنگی عەرەبن
کورد سەربەخۆبن، عارەب گەڕ ئەبن
بخوازە گانا و سودان ڕزگار بن
کورد بۆ عارەبان با هەر ژێربار بن
کۆمەڵی سووری جەنوبی چرووک
چۆن بەڕێدەچن بێ نەوتی کەرکووک!
داهاتی شیمال لە خۆیان ببڕن!
قەراجیان نەبێ، گەنم و جۆ بکڕن!
هەواڵی عارەب هەواریان ناوێ!
هاوین چۆن بژین دوور لە شەقڵاوێ!
بێ ڕۆنی کۆیی و ماستی هەولێری
برای عەرەبمان دەگرێ شەوکوێری
برنجی ماڵوان، تووتنی ڕەواندز
نابەخشن بۆ سەد مارکس و ئینگلز
زاخۆ و خانەقین تا جەبەحەمرین
لە دەست خۆنادەین بۆ گفتی لێنین
پ: باشە مام بایز. ئەوە نەوت و ڕۆن
با بۆ عارەب بێ جەهەننەم بیخۆن
ئەی بۆ ئازادی بەرگ و زمانم
دەڵێی چی بایز، تاعوونی گیانم؟
ب: چی ئیستیعماری ڕەجعی کردوویە
نابێ بمێنێ هەواڵ فەرموویە
بە کوردی خوێندن تەفرەقە دێنێ
هەر کوردی گوتن نابێ بمێنێ
چۆغەی فشوفۆڵ شەدە و جامانە
مایەی نەگبەتیی شەعبەکەمانە
یەکیەتی مانای پاتۆڵ فڕێ دەین
پێخاوس بڕۆین عەگال گرێ دەین
دەبێ لە مەرحووم فێر ببین ئەدەب
خۆی عەرەب نەبوو ببوو بە عەرەب
با شیوعی کورد قەومیی عەرەب بن
هەر بژی عەرەب لە سەر و لە بن
ب: بەخوا مام بایز هێشتا هەر کەری
کەی دەبیە ئینسان قوڕت بەسەری؟
ئاخر تۆم کوردی بۆیە فەوتاوم
هۆرەم لە خۆمە بۆیە قەڵشاوم
یاری نەیاران دەکەی خۆت بخۆن
کێ بیستی لەناو چەرخی تازە و کۆن
مەڕ لە بەرخۆڵەی خۆیان نەبان بن
بچن شیردەری بێچوەگورگان بن
بۆ کورد بیری تۆ و بەیار هەریەکە
بەڵام تۆ بێ چەک ئەو خاوەن چەکە
لەناو عارەبا ئەمتاوێنیەوە!
سەڵا لە عەقڵت بە چاوێنیەوە!